یه‌كێتی و نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15-4-2019 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ شاری هه‌ولێر پێشوازی له‌ مونیاراتزی مۆتسی سه‌رده‌سته‌ی تیمی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عیراق ( یونامی ) له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌دیدارێكی نێوان هه‌ردوولادا بارودۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێكرا.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌گه‌ل پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ ڕێكه‌وتوون بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و پێیه‌ش یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان رۆڵ پێگه‌یه‌كی كاریگه‌ری له‌سه‌رجه‌م جومگه‌كانی حكومڕانی ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ئاراسته‌ی خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌نگاونان بۆ ئاوه‌دانی و ئارامی سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری كه‌ ببێته‌ مایه‌ی پێشكه‌وتنی زیاتری ناوچه‌كه‌.

وتیشی: هیواخوازین نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بێت له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئابوری  هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ جیاجیاكان به‌تایبه‌تیش راوێژی یاسایی و سیاسی وبه‌رده‌وامیدان به‌و كۆمه‌ك و هاوكارییه‌ مرۆییانه‌ی پێشكه‌شی ده‌كه‌ن .

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی سیاسی عیراق و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غداش سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ رایگه‌یاند له‌یه‌كتر گه‌یشتنی باش هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن بۆ زیاتر توندوتۆڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌تایبه‌تی كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌ دارایی و ئابوری .

دواتر مونیاراتزی مۆتسی سه‌رده‌سته‌ی تیمی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عیراق ( یونامی ) له‌ هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ بۆ له‌یه‌كتر گه‌یشتن و رێكه‌وتنی لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیش یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نراوه‌.

 وتیشی: نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌كات ببێته‌ مایه‌ی پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری بۆیه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ و به‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ڕه‌وشی سیاسی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی ئاماده‌یی هه‌موو هه‌ماهه‌نگیه‌كی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی نیشاندا .

PUKmedia ده‌رباز ستار

15/4/2019 13:41:00