ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر چه‌ند پڕۆژه‌ یاسایه‌ك ده‌دات

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئه‌نجام بدات تێیدا چه‌ند پرۆژه‌ یاسایه‌ك ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و خوێندنه‌وه‌ش بۆ سێ پرۆژه‌ یاسای تر بكرێت، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌دا یاسای هاتوچۆ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن ئاڵی ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15-4-2019، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئه‌نجامده‌دات و تێیدا ده‌نگ له‌سه‌ر  یاسای چاكسازی  ژماره‌ 9ی ساڵی  2012 ده‌درێت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ و سامانه‌كانی عیراق .

وتیشی: پێشبینیده‌كرێت هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا ده‌نگ له‌سه‌ر یاسای چاكسازی ژماره‌ 21ی ساڵی 1997 بدرێت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یاسای كۆمپانیاكان.

حه‌سه‌ن ئاڵی وتیشی: بڕیاره‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م  بۆ  پرۆژه‌ یاساكانی وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنۆلۆژیا و زانیاری و پرۆژه‌ یاسای چاكسازی یه‌كه‌می  یاسای  ژماره‌ 20ی ساڵی 2016ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و  پرۆژه‌ یاسای به‌ئه‌ندامبوونی كۆماری عیراقی فیدڕاڵ له‌ رێكه‌وتنی تایبه‌ت به‌ پێودانگه‌ جیهانییه‌كان بۆ بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژماره‌ 102ی ساڵی 1952 بكرێت، له‌گه‌ڵ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پرۆژه‌ یاسای هاتوچۆ.

PUKmedia ژینه‌ر محه‌مه‌د

15/4/2019 10:27:00