وه‌فدی یۆنامی بۆ یه‌كێتی: به‌گرنگییه‌وه‌ له‌پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ڕوانین

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 15-3-2019 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌شاری هه‌ولێر پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی (یۆنامی) كه‌ پێكهاتبوون له‌ لورنس لوی ڕاوێژكاری سیاسی و خاتوو سی یۆنگ كیم راوێژكاری سیاسی له‌ یۆنامی  .

له‌دیدارێكی نێوان هه‌ردوولادا بارودۆخی سیاسی عیراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی تاوتوێكرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی گشتی له‌ ناوچه‌كه‌ و دواگۆڕانكاری و پێشهاته‌كان ، دواتر سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ شیكارییه‌كی وردی بۆ ته‌واوی بارودۆخه‌كه‌ كردو دڵنیای كردنه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌شێك ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و هه‌وێنی ته‌بایی ده‌بێت .

له‌ دیداره‌كه‌دا وه‌فدی میوان ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان به‌ گرنگیه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عیراق و كوردستان و زه‌رووره‌تی پێكھێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی.

وتیشیان؛ خوازیاری ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری سیاسین له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان ،هاوكات  ئاماده‌یی ھه‌موو كارئاسانی و ھه‌ماھه‌نگی و ھاوكاریه‌كیان بۆ گه‌لانی عیراق نیشاندا.

دواتر سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئاماژه‌ی به‌ڕۆڵی گرنگی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كرد بۆ رۆڵبینین له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسی و ئابووری و یاساییه‌كان له‌ڕێگه‌ی هاوكاریكردن و رێنمایی كردنی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی.

PUKmedia  / ده‌رباز ستار

 

15/3/2019 11:26:00