كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی كۆبویه‌وه‌

کۆسرەت رەسول عەلی بۆ پەرلەمانتارانی یەکێتیی لە ھەرێم : ھەمیشە لە سەنگەری خەڵکدا بن و پارێزەری بەدیھێنانی داواکارییەکانیان بن و سوربونی یەکێتییشی لە یەک پاکێجی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و کەرکوک و بەغدا دوپاتکردەوە. 


ئێواڕەی ئەمڕۆ ١٤ /٣/ ٢٠١٩ کۆسرەت رەسول عەلی ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، لە شاری سلێمانی ، بە ئامادەبوونی عومەر فەتاح ، حاکم قادر حەمە جان ، ئەندامانی دەستەی کارگێڕ و ،  شۆڕش ئیسماعیل ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لەتیف شێخ عومەر ،  ئەندامی سەرکردایەتی و وتەبێژی ( ی . ن . ك )  ، لەگەڵ فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووە.

لە سەرەتای کۆبونەوەکە ، کۆسرەت رەسول عەلی پەرلەمانتارانی یەکێتی ، بەرچاو ڕونکرد ، لە خەباتی نوێی پەرلەمانی و چۆنێتی داکۆکیکردن ، لە ماف و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و دەرچواندنی ئەو قانونانەی ، لە خزمەت بەرژەوەندی گشتیدان ، راشیسپاردن ،  ھەمیشە ، لە سەنگەری خەڵکدا بن و پارێزەری بەدیھێنانی داواکارییەکانیان بن .

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا جێگری سکرتێری گشتی ، ھەڵوێستەی کرد ،  لەسەر ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێم و کۆبونەوەکانیان ، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان،  سوربوونی یەکێتیی ، لەسەر داخوازییە رەواکانی و ئیستحقاقاتی ھەڵبژاردن و بەھەند وەرگرتنی پێگەی مێژوویی سیاسی  دوپاتکردەوە ، راشیگەیاند ، داوای یەکێتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و کەرکوک و بەغدا ، لە یەک پاکێجدایەو دەمانەوێت ئەم پرسانە ، لە روانگەی نیشتمانیی و بەرژەوەندی گشتی و ھاوسەنگی ھێز چارەسەربکرێن و شەراکەتی راستەقینەش ، لە تەواوی جومگەکانی ھەرێم رەنگبداتەوە.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا عومەر فەتاح و حاکم قادر حەمەجان ، باری سەرنج و وەڕەقەی سیاسی وەفدی دانوستانکاری یەکێتییان خستەڕوو ، لە چوار چێوەی رێکەوتنی سیاسی یەکێتیی و پارتی ، تەکیدیشیانکردەوە لەسەر بڕیارو راسپاردەکانی پەسەنکراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی .

دواتر پەرلەمانتارانی یەکێتی ، تێبینی و سەرنجەکانیان بە راشکاوی خستەڕوو ،  رونیانکردەوە ، ھەڵوێست و بڕیارەکانیان ، پەیوەستە ، بە بەرژەوەندی گشتی و بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.



PUKmedia  تایبه‌ت 

فۆتۆ.. هاوژین شه‌ریف 

14/3/2019 22:14:00