نزیكه‌ی هه‌زار منداڵی داعش له‌ عیراق ده‌ستبه‌سه‌رن

به‌پێی رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی، نزیكه‌ی ھه‌زار منداڵی داعش، له‌ عیراقدا ده‌ستبه‌سه‌رن و ئه‌و پرسه‌ش، به‌شێكی زۆری وڵاتانی جیھانی، نیگه‌ران كردووه‌.

رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه‌، نزیكه‌ی ھه‌زار منداڵی داعش كه‌ پێشتر باوك یان كه‌سوكاری نزیكیان په‌یوه‌ندی به‌و گروپه‌ تیرۆرستییه‌ووه‌ كردووه‌، له‌ زیندانه‌كانی عیراقدان و زۆربه‌شیان له‌گه‌ڵ دایكیاندا ده‌ژین.

به‌پێی رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌، چاره‌نووسی منداڵانی داعش له‌ عیراق و سوریا، وڵاتانی ده‌وروبه‌رو جیھانیشی نیگه‌ران كردووه‌، به‌و پێیه‌ی باوك و دایكی ئه‌و منداڵانه‌، له‌دوای ساڵی 2014، وڵاته‌كانیان به‌ره‌و عیراق و سوریا جێھێشتووه‌و په‌یوه‌ندییان به‌ گروپی تیرۆرستی داعشه‌وه‌ كردووه‌.

ھه‌رچه‌نده‌ ھه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ئازادكردنی منداڵه‌كان له‌ ئارادایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ھیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ ئازادكردنی دایك و باوكی ئه‌و منداڵانه‌ نییه‌، به‌وپێیه‌ی له‌لایه‌ن دادگاكانی عیراقه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ دادگایی ده‌كرێن.

PUKmedia

14/3/2019 16:49:00