دانى ئاقڵیى

دانى ئاقڵیى

ـ چیت كرد بۆ دانه‌ شكاوه‌كه‌ت كه‌لـله‌پووت؟
× قوربان دانى چى و حاڵى چى؟ به‌سه‌رى تۆ ئه‌وه‌ى دوێنێ ئێواره‌ من له‌ عیاده‌ى ئه‌و دكتۆره‌ دیومه‌ له‌ شانامه‌شدا شتى وا نه‌بووه‌.
ـ چى بوو؟! به‌لایتى شه‌حنه‌وه‌ فه‌حسى نه‌خۆشیان ئه‌كرد.
× شه‌ڵـڵا ئه‌وه‌ بوایه‌... به‌گم كابرایه‌كیان به‌ نه‌قاله‌ هێنا هه‌ردوو قاچى شكابوو له‌ گه‌چدا بوو. هێنابوویان بۆلاى دكتۆرى دانه‌كه‌.
ـ دكتۆرى دان بۆ؟
× چوزانم.. گوایه‌ دانێكى كلۆره‌.. مه‌عقوله‌ زه‌لام هه‌ردوو قاچى شكابێ كه‌چى خه‌مى ئه‌وه‌ى بێ دانێكى كلۆره‌.
ـ ته‌عه‌جوب مه‌كه‌ رۆڵه‌.. كاكم چۆته‌وه‌ سه‌ر حكومه‌ت.
× حكومه‌ت؟؟
ـ ئا.. ئه‌ویش به‌ ملیار دۆلار قه‌رزاره‌ و كاره‌باكه‌ى بووه‌ به‌ هه‌قایه‌تى مێش كه‌چى فیستیڤاڵى فیلم و شاجوان و ماجوان ساز ئه‌كا. ئاوه‌كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ رژاوه‌.
× یه‌عنى خه‌فه‌تى پێ نه‌خۆم؟
ـ نه‌وه‌ڵـڵا هه‌زار شتى وا ببینى گوێى مه‌ده‌رێ. له‌بیر خۆتى به‌ره‌وه‌.
× زۆر محاوه‌له‌ ئه‌كه‌م. به‌س بیرم ئه‌چێ له‌بیر خۆمى به‌رمه‌وه‌.
ـ چى چى چى چى؟
× گه‌وره‌م عه‌رزت ئه‌كه‌م ئه‌ڵێم بیرم ئه‌چێ بیرم بچێته‌وه‌.
ـ بیرت ئه‌چێ بیرت بچێته‌وه‌؟.. به‌زاتى خوا ئه‌م قسه‌یه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌.
× فه‌لسه‌فه‌یه‌؟
ـ ئا.. فه‌لسه‌فه‌یه‌ و تۆش فه‌یله‌سوفى.
× من فه‌یله‌سوفم؟؟.. ئاى تس به‌سه‌رم... به‌گم یه‌ك شتت پێ بڵێم؟
ـ فه‌رموو.
× منى قوڕ به‌سه‌ر دانى ئاقڵیشم كه‌ره‌.

20/2/2019 14:09:00