بەغدا مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەكات

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت لەئەمڕۆوە یاسای بودجەی عیراق دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە دەبێت تا دوو هەفتەی دیكە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكرێت.

شیروان میرزا ئەندامی فراكسۆنی یەكێتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق  بە PUKmediaی راگەیاند: یاسای بودجەی 2019ی عیراق كە ئەمڕۆ لە رۆژنامەی وەقایع بڵاوكراوەتەوە، یەكسەر دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو بەپێی زانیارییەكانیشمان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رێنماییە بۆ جێبەجێكردنی بودجە دەركراوە.

لەبارەی رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، رایگەیاند: لەبەرئەوەی بودجە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەبێت تا دوو هەفتەی دیكە یەكەم وەجبەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لەیاسای بودجەدا جێگیركراوە رەوانەی هەرێم بكرێت.

ئەمڕۆ وەزارەتی دادی عیراق لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتووە ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمڕۆ لە ژمارە (4529) ی رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی، یاسای بودجەی گشتی 2019ی عیراق بڵاوكراوەتەوە كە دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئیمزاكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمار یاساكە لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی بڵاوكرایەوە.

 هەر بەپێی ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی داد، دوای بڵاوبوونەوەی وەردەكاری و بەندەكانی یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی، یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

PUKmedia تایبەت 

11/2/2019 14:37:00