سەرۆك كۆمار: بەڵگەی تاوانەكانی داعش پێشكەشی دادگای نێودەوڵەتی بكرێت

سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح تەئكیدیكردەوە لە پێویستی پەلەكردن لە كۆكردنەوە و پاراستنی ئەو بەڵگانەی كە تاوانەكانی داعش دەسەلمێنن، بۆ ئەوەی پێشكەش بەدادگا نێودەوڵەتی و تایبەتەكان بكرێن . 

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ 11ی شوباتی 2019، لەكۆشكی سەلام لەبەغدا پێشوزایكرد لە كەریم خان راوێژكاری نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و وەفدێكی یاوەری. 

لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی كردەوە لە رۆڵی كارای نەتەوەیەكگرتووەكان و گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ بە بەڵگەكردنی ئەو تاوانانەی كە دەرهەق بەگەلی عیراق ئەنجامدراون‌، هەروەها بە هاناوەچوونی ئەو كەسانەی كە لەجەنگی داعشدا بوونەتە قوربانی.

سەرۆك بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەكرد كە هاووڵاتیانی عیراق بەتەواوی پێكهاتەكانیەوە بونەتە قوربانیی دەستی داعش و توندوتیژی رێكخراوە تیرۆرستیەكان، كە ئەمەش هەوڵی هاوبەش و هەماهەنگی جددی دەوێت بۆ زامنكردنی رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوەی گشتگیرو باوەڕپێكراو كە لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكان بێتەوە لەپێناو دیاریكردنی ناسنامەی تیرۆرستانی داعش كە زۆرترین بەرپرسیارییەتی تاوانەكانیان لە ئەستۆیەو بۆ ئەوەی بەگوێرەی بەڵگەكان بدرێنە دادگا.

لەلای خۆیەوە راوێژكاری نەتەوەیەكگرتووەكان وردەكاری تەواوی كارەكانی خۆیان  پێشكەشی سەرۆك كۆمار كرد لەو هەوڵانەی كە رێكخراوە نێونەتەوەییەكان دەینێن بۆ بەدواداچوون و بە بەڵگەكردنی ئەو تاوانانەی كە رێكخراوە تیرۆرستیەكان دەرهەق بەهاووڵاتیانی عیراقی كردویانە بە جیاوازی نەتەوە و مەزهەب و كاركردن لەگەڵ رزگاربووان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ ئەو مەبەستە.

PUKmedia 

 

m114.jpeg

11/2/2019 14:01:00