سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی عیراق یه‌كه‌مه‌

قائیمقامی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی به‌دواداچون و چاودێری به‌رده‌وامی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیانه‌وه‌ سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی عیراق و هه‌رێم یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌ هه‌ره‌ پاكه‌كان له‌رووی پێداویستی خۆراك و رۆژانه‌ی هاووڵاتییانه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11-2-2019، به‌ ئامانجی زیاتر پێشخستنی كاره‌كانیان و چڕكردنه‌وه‌ی گه‌ڕان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانیان، ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كۆبووه‌وه‌ و رایگه‌یاند: لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان  رۆڵێكی یه‌كجار گرنگ ده‌بێت له‌ ووشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان و رێگری كردن له‌ هه‌ر كارێك  كه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بگه‌یه‌نێت .

وتیشی: لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان كاره‌كانیان جێبه‌جێده‌كه‌ن و ئه‌ركیان داكۆكی كردنه‌ له‌ مافی گشتی و پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و رێگری كردن له‌هه‌ر كارێك كه‌ ببێته‌مایه‌ی زیان گه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد رۆژانه‌ له‌رێگه‌ی 32 لیژنه‌ی جیاوازه‌وه‌ چاودێری هه‌موو شوێنه‌كان ده‌كرێت و به‌هۆی چاودێری به‌رده‌وام و به‌دواداچونی لیژنه‌كان بۆ بازاڕ و ماركێت و شوێنه‌ گشتییه‌كان تاراده‌یه‌كی به‌رچاو زۆربه‌ی شوێنه‌كان پابه‌ندن به‌ جێبه‌جێكردنی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو لایه‌ك جێگه‌ی دڵخۆشییه‌.

راشیگه‌یاند: ئه‌م هۆكارانه‌ وای كردووه‌ سلێمانی ببێته‌ یه‌كێك له‌ باشترین شاره‌ پاكه‌كان له‌رووی پێداوییستی خۆراك و رۆژانه‌ی هاووڵاتییان نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی شاره‌كانی تری عیراق.

 له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ گرنگانه‌ش كه‌ كردویانه‌ بۆ پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و رێگری له‌ سه‌رپێچی كاران قائیمقانی سلێمانی ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌ندامانی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان كرد و داوای لێكردن به‌هه‌مان گیانی دڵسۆزی و خه‌مخۆرییه‌وه‌ به‌رده‌وام بن، داواشی لێكردن وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاساو رێنماییه‌كان كاره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن و مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌رم و  نیان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا بكه‌ن.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری   بازرگانی و به‌ڕێوه‌به‌ری پێوانه‌ و كۆنتڕۆڵی جۆری و وبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێته‌رنه‌ری و  ئاسایشی ئابوری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌وت و كانزاكانی سلێمانی، ئاماده‌بوون و دوای ده‌ستخۆشی له‌ كاره‌كانی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان پاڵپشتی خۆیان بۆ به‌رده‌وامی و به‌دواداچونه‌كانی لیژنه‌كان ده‌ربڕی .
 
لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌لایه‌ن ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و جگه‌ له‌ نوێنه‌ری   قائیمقامیه‌تی سلێمانی نوێنه‌ری زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سلێمانی تێدایه‌.

 PUKmedia راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی

11/2/2019 12:29:00