فوئاد مه‌عسوم پیرۆزبایی له‌ كوردستانی نوێ ده‌كات

به‌بۆنه‌ی یادی 28 ساڵه‌ی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ د. فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری پێشووی عیراق پیرۆزباییه‌كی ئاڕاسته‌ی سه‌رنووسه‌ر و ستافی نووسین و ته‌كنیكی و كارگێڕی كوردستانی نوێ كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:


برای به‌ڕێز كاك ستران عه‌بدوڵا  سه‌رنوسه‌ر

به‌ڕێزان ستافی نوسین  و ته‌كنیكیی و كارگێڕیی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ

وا ساڵێكی تریش یادی  ده‌رچواندنی  رۆژنامه‌ ئازیزه‌كه‌مان ( كوردستانی نوێ) ده‌كه‌ینه‌وه‌  و مۆمی بیست و هه‌شته‌مینی ساڵڕۆژه‌كه‌ی داده‌گیرسێنین، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆم پێشكه‌ش  به‌ یه‌ك به‌یه‌كتان ده‌كه‌م  و ده‌سته‌كانتان ده‌گوشم .

 ده‌رچواندنی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ  له‌ كوردستانی دوای راماڵینی  حوكمی دیكتاتۆریی وه‌رچه‌رخانێكی سیاسیی ، روناكبیریی ، رۆژنامه‌گه‌ریی و  میدیایی  بو، كه‌ خۆش به‌ختانه‌ ئه‌و  شه‌ره‌فه‌ گه‌وره‌یه‌  بۆ ره‌خساندنی  پانتاییه‌كی ئازادیی راده‌ربڕین  بۆ قه‌ڵه‌مه‌ ئازاده‌كان بێ سانسۆر و مقه‌ستی ره‌قیب   له‌ رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌دا به‌ (ی.ن.ك) بڕا ، هه‌ر بۆیه‌  كاتێك ئه‌م رۆژنامه‌ ئازیزه‌  وه‌ك یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ كه‌وته‌  به‌ر دیدی خوێنه‌ران ، ده‌یان نوسه‌ری به‌ ئه‌زمونی بواری ئه‌ده‌بیی و رۆژنامه‌گه‌ریی لێی كۆبونه‌وه‌ و كاری بێ وچانیان كرد له‌ پێناوی گه‌شه‌ كردن و پێشخسنیدا .

كوردستانی نوێ كه‌ به‌نده‌  بومه‌ خاوه‌ن ئیمتیازی ، به‌ر ده‌وام به‌ گیانێكی  لێپرسراوانه‌وه‌  كاری كردوه‌  و هه‌میشه‌ سه‌كۆی  ته‌بایی سیاسیی و  پێكه‌وه‌ ژیانی پێكهاته‌كان و چه‌سپاندنی ئاشتیی  كۆمه‌ڵایه‌تیی  بوه‌ و به‌رده‌وامیشه‌ .

كوردستانی نوێ له‌ كاروانی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا  رێنما و مه‌شخه‌ڵیكی هه‌ره‌ رۆشنه‌ بۆ رێگرتن له‌ هه‌مو جۆره‌ توندو تیژیی و توندڕه‌وییه‌كی سیاسیی ، ئاینیی و  كۆمه‌ڵایه‌تیی ، مینبه‌رێكی به‌رزیشه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ  له‌ ریزی پیِه‌وه‌یان مافه‌كانی ژنان ، دیاره‌ سه‌رباری پشتیوانیی و هاریكاریی نوسه‌ر و خاوه‌ن ئه‌زمونه‌كان ، پشتیوانیی به‌رده‌وامی سه‌رۆك مامجه‌لالی مه‌زن له‌ كوردستانی نوێ  و  رێنماییه‌كانی كاریگه‌ریی بێ وێنه‌یان  هه‌بوه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ به‌ تایبه‌تیی له‌ بواری زیاتر فراوانكردنی پانتاییه‌كانی ئازادیی بیرو ڕا دا، كه‌ ئه‌وه‌ش سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ  (ی.ن.ك) و رۆژنامه‌كه‌ ره‌خساندوه‌  و هه‌موان شانازیی پێوه‌ ده‌كه‌ین. هیوادارم  ئه‌م رۆژنامه‌ ئازیزه‌مان  شانبه‌شانی پێشكه‌وتنه‌  ته‌كنه‌لۆژیی و فیكرییه‌كان زیاتر به‌روه‌ پیِش بچێت، تا زیاتر  سه‌ركه‌وتو بێت له‌ گه‌یاندنی  په‌یامه‌ سیاسیی و رۆژنامه‌گه‌رییه‌كه‌یدا و هه‌میشه‌ له‌ ئاستی ویست و خواسته‌كانی خوێنه‌ره‌كانیدا بێت له‌ هه‌مو كایه‌كانی ژیاندا .

یادی بیست و هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ پیرۆز بێت  و هه‌رده‌م له‌ گه‌شه‌ كردندا بێت ، ئێوه‌ش هه‌ر سه‌ركه‌وتو  بن .

براتان

دكتۆر فوئاد مه‌عسوم


PUKmedia

11/1/2019 16:59:00