سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پیرۆزبایی له‌ كوردستانی نوێ ده‌كات

به‌بۆنه‌ی یادی 28 ساڵه‌ی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پیرۆزباییه‌كی ئاڕاسته‌ی سه‌رنووسه‌ر و سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و كادر و كارمه‌ندانی كوردستانی نوێ كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بۆ رۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ)

برای به‌رێزمان ستران عه‌بدوڵا سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ و سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رو كادران و كارمه‌ندانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، پیرۆزبایی گه‌رمتان لێده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی یادی ٢٨ ساڵه‌ی ده‌رچواندنی رۆژنامه‌ سه‌نگین و ئازیزه‌كه‌مان.

ده‌رچواندنی ئه‌م رۆژنامه‌ رۆژانه‌یه‌ له‌لایه‌ن ی.ن.ك و به‌پشتیوانی خودی سه‌رۆك مام جه‌لال ھه‌وڵێكی دیكه‌بوو بۆ پته‌وكردنی بنه‌ماكانی ئازادی راده‌بڕین و كاری رۆژنامه‌وانی له‌ ھه‌رێمی كوردستان، كه‌ ھاوشان له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستانی (دایك) بوونه‌ بناغه‌ی دروستكردن و بونیادنانی ناوه‌ندی ئه‌كادیمی وه‌كو به‌شی راگه‌یاندنی په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی و تاوه‌كو ئێستاش سه‌رجه‌میان بوونه‌ته‌ ھۆكارێك بۆ گه‌شه‌ كردنی بواری رۆژنامه‌وانی و میدیا به‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانیانه‌وه‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستان.

بۆ ئێمه‌ وه‌كو ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی، گرنگه‌ به‌لامانه‌وه‌ نزیكتر و زۆرتر پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین و ئه‌زموونی ٢٨ ساڵ كاری رۆژنامه‌وانی ئێوه‌ تێكه‌ڵ به‌لایه‌نی ئه‌كادیمی بكه‌ین و پێكه‌وه‌ بنه‌ماكانی كاری رۆژنامه‌وانی له‌ھه‌رێمی كوردستان به‌ھێزتر بكه‌ین و رۆژنامه‌نوسان و میدیاكارانمان زیاتر به‌تواناو به‌ھێزتربكه‌ین بۆ خزمه‌تكردن به‌و بواره‌ گرنگه‌ی ژیانی سیاسی و دیموكراسی و ئیداری له‌ھه‌رێمی كوردستان، بۆئه‌وه‌ی میدیاو میدیاكاران له‌قه‌یران و گرفته‌كانی ئێستای بواره‌كه‌ دوورخه‌ینه‌وه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای راستی و دروستی و خزمه‌تكردن به‌ ھاوڵاتیان باشتر رایانبھێنین و پێیان بگه‌یه‌نین.

بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌تان به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانین و لێره‌وه‌ خواستی ھاوكاری ھاوبه‌شی كاری ئاینده‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ داواده‌كه‌ین و ئومێد ده‌كه‌ین بتوانین ھاوشانی یه‌كتر باشترین خزمه‌ت به‌ میدیاو میدیاكاران به‌ گشتی و میدیا خوێندراو به‌تایبه‌تی بكه‌ین.

دووباره‌ به‌ناوی سه‌رۆكی زانكۆو ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌شه‌كانی ته‌كنیكی میدیا له‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی (په‌یمانگای دایك) ء ته‌كنیكی میدیا له‌ كۆلێجی ته‌كنیكی كارگێڕی، ساڵیادی رۆژنامه‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌تان پیرۆزده‌كه‌ین و ھیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازین.

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندن و چالاكییه‌كان

PUKmedia

11/1/2019 16:48:00