په‌رله‌مانتارێك: هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ده‌ستوورییه‌

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عیراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك ده‌ستوورییه‌ و دادگای فیدڕاڵی هه‌ر بڕیارێك له‌وباره‌یه‌وه‌ بدات ڕێزی لێده‌گرن.

له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، د.به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی سه‌وز ڕایگه‌یاند: یه‌كێتی بڕیاری داوه‌ له‌سه‌ر باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی و مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك ئاڵای كوردستان هه‌ڵبكات و ئه‌مه‌ش ده‌ستوورییه‌.

وتیشی: كه‌ركوكییه‌كان پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ده‌ربڕیوه‌ و خۆشحاڵن له‌وه‌ی كه‌ ئاڵای كوردستان هه‌ڵكراوه‌ته‌وه‌. 

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مان ڕاشیگه‌یاند: ده‌بێت دادگای فیدڕاڵی بڕیار له‌و باره‌یه‌وه‌ بدات و هه‌ر بڕیارێكیش بدات ڕێزی لێده‌گرن.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كه‌ركوكیش وتی: ئه‌وانه‌ی كه‌ كه‌ركوكیان به‌جێهێشتووه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پارێزگارێكی كورد ده‌ستنیشان بكه‌ین و ڕێگری له‌ بڕیاره‌كانی پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی ئێستا بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چی تر بڕیاری نایاسایی ده‌رنه‌كات.

هه‌روه‌ها وتیشی: یه‌كێتی كوردستانی بوونی كه‌ركوكی سه‌لماند و له‌ئێستادا یه‌كێتی ئه‌و برینانه‌ سارێژ ده‌كات كه‌ ریفراندۆم دروستی كردن.

PUKmedia

11/1/2019 15:47:00