قوباد تاڵه‌بانی: كوردستانی نوێ ئاوێنه‌یه‌ك بووه‌ له‌گه‌یاندنی ڕاستییه‌كان

به‌بۆنه‌ی 28 ساڵیادی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ  قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران په‌یامێكی پیرۆزبایی بۆ سه‌رنووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوو و كادیره‌كانی كوردستانی نوێ ده‌نێرێت و ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ به‌ ئاوێنه‌ك ده‌زانێت بۆ گه‌یاندنی ڕاستییه‌كان.

ئه‌مه‌ش ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌

به‌ڕێزان سه‌رنووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كادیره‌ دڵسۆز و ماندوونه‌ناسه‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ

به‌بۆنه‌ی ٢٨مین ساڵیادی ده‌رچواندنی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ-وه‌، گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌م و هیوای هه‌میشه‌ سه‌ركه‌ووتن و پێشكه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم له‌ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانتان.

یه‌كێك له‌ شانازییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێیه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌رچوونیه‌وه‌، چه‌ند كاری له‌سه‌ر گه‌یاندنی په‌یامی یه‌كێتی كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ش رۆڵی به‌ڕچاوی هه‌بووه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و كلتوور وسیاسه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پابه‌ند بوون به‌ ئیتیكی رۆژنامه‌وانی و ده‌رنه‌چوون له‌ رێچكه‌ و ئامانجی دامه‌زراندنی، هه‌میشه‌ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ بابه‌ت و بڵاوكراوه‌كانی، بۆیه‌ كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌ له‌ درووستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وشیار و رۆشنبیر.

كوردستانی نوێ، خوێندنگه‌یه‌كی میدیایی و سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ وزانیاری بووه‌ بۆ خوێنه‌ران، وه‌ك ئاوێنه‌یه‌كیش بووه‌ له‌ گه‌یاندنی راستییه‌كان و رووداوه‌كان به‌درووستی، بۆیه‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی ده‌ستخۆشی له‌ یه‌ك به‌یه‌كی كادیره‌ ماندوونه‌ناسه‌كانی بكه‌ین و داوای به‌رده‌وامییان لێ بكه‌ین له‌ پێناو سوود گه‌یاندن به‌ هه‌مووان.

مام، باوكی ره‌حمه‌تیم، ھه‌میشه‌  پاڵپشت و ھاوكاری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ و ئازادی راده‌ربڕین بووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ھه‌موومان له‌سه‌ر ھه‌مان رێبازی مام ھه‌ماھه‌نگ بین له‌به‌رده‌وام بوون وسه‌رخستنی كوردستانی نوێ.

دووباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م و هیوای پێشكه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.



له‌گه‌ڵ رێزدا

قوباد تاڵه‌بانی
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران


PUKmedia

11/1/2019 15:01:00