كۆسره‌ت ڕه‌سول: كوردستانی نوێ خاوه‌ن سه‌نگ و قورسایی خۆیه‌تی

كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ساڵیادی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له‌بروسكه‌یه‌كی پیرۆزباییدا وێڕای پیرۆزبایی له‌ نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و ستافی نووسین و ستافی كارگێری كوردستانی نوێ، ڕایگه‌یاند: كوردستانی نوێ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌ خاوه‌ن سه‌نگ و قورسایی خۆیه‌تی.

ئه‌مه‌ش ده‌قی بروسكه‌كه‌

‎له‌ بیره‌وه‌ری بیست و هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی كوردی و یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم ئاراسته‌ی نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و ستافی نووسین و ستافی كارگێڕی كوردستانی  نوێ ده‌كه‌م و هیواخوازم پێشه‌نگ بن له‌ گه‌یاندنی ئه‌ركی ڕۆژنامه‌نووسییانه‌ی خۆتان.

بیست و هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌. به‌شداری نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی دڵسۆزو كارامه‌، له‌ كاتێكدا هێشتا ڕاپه‌رین له‌ سه‌ره‌تای گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی بوو، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ناوازه‌یدا ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێی وه‌ك یه‌كه‌م دیاری له‌بواری ڕاگه‌یاندن پێشكه‌شی خوێنه‌رانی كورد كرد.

ئه‌مڕۆ له‌ناو لێشاوێك له‌ میدیاو له‌ به‌رامبه‌ر پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كاندا، هێشتا كوردستانی نوێ ڕۆژنامه‌یه‌كی خاوه‌ن سه‌نگ و قورسایی خۆیه‌تی و پێویسته‌ بۆ له‌مه‌ودوا، به‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخی نوێی میدیا له‌كوردستان و گۆڕانكاری و پێشهاته‌ چاوه‌ڕوانكراوو ئه‌گه‌ره‌ نوێكان، كوردستانی نوێ له‌ قالبێكی نوێدا به‌رده‌وام بێ و وه‌ك هه‌میشه‌ كوردستانی نوێی هه‌موو چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان بێ.
‎جارێكی تر پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ له‌كوردستانی نوێ كاریان كردووه‌و خزمه‌تیان كردووه‌.

‎كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی
‎جێگری سكرتێری گشتی
‎یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان


PUKmedia

11/1/2019 14:41:00