عادل عەبدولمەهدی:رێگەنادەم هێز دژی كورد بجوڵێنرێت

لەكۆبوونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عیراق و پەرلەمانتارانی یەكێتیدا تەئكیدی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك كراوەتەوەو عەبدولمەهدی رایگەیاندوە: بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لەكەركوك، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەن و رێگەش نادات دژی كورد جوڵە بەهێز بكرێت. 

جەمال شكور، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق لەبارەی كۆبوونەوەی نوێنەرانی یەكێتی لەكەركوك و سەرۆك وەزیران بە PUKmediaی راگەیاند: كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەكێشەكانی كەركوك، بەتایبەت دوای هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانی یەكێتی، سەرۆك وەزیران پێی راگەیاندین بەهیچ شێوەك رێگە بەجوڵەی هێزی سەربازی نادات و بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو بابەتەش، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق، وەك نوێنەرانی كەركوكیش پێمان راگەیاند كە كەركوك ناوچەی جێناكۆكەو بۆ ئێوە چۆنە، بۆ ئێمەش بەهەمان شێوەیە.

ئەوەشی وت: بەسەرۆك وەزیرانمان راگەیاند لەدوای ساڵی 2003ەوە لەكەركوك ئاڵای كوردستان تا ساڵی 2017 هەڵكراوەو هیچ كێشەیەك نەبووە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لەسەر بارەگاكانی یەكێتی بەمافی خۆمان دەزانین و بەهیچ شێوەیەكیش ئاڵای كوردستان داناگیرێت.  

وتیشی: ئەوەشمان پێڕاگەیاند كە لەكەركوك زوڵم لەكورد دەكرێت و سەر ئەنجامی ئەوەش دەبێتە هۆی تەقینەوەی شەقامی كورد لەشارەكەو بارودۆخەكە خراپتر دەكات، چونكە ئەو هێزەی لەوێ هەیە خەڵكی كورد دەستگیر دەكەن، كێشە بۆ جوتیارانی كورد لەسنوری كەركوك دروستدەكرێت و زوڵمیان.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەشڵێت: سەرۆك وەزیرانمان لەتەواوی كارە نایاسایی سەرپێچیەكانی پارێزگار بەوەكالەت ئاگادار كردەوە، هەروەها پێشمان راگەیاند كە گرتنەبەری رێشوێنەكان وەك پێویست نیەو پێویستە خێراتر بكرێت.

باسی لەوەشكرد: لەكۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆش لەسەر لابردنی خاڵە گومرگییەكان كراو سەرۆك وەزیران پێی راگەیاندین بڕیاری لابردنی سەرجەم خاڵە گومرگییەكانیان داوە، بەڵام رێوشێون هەیە دەبێت تەواو بكرێت.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاندوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە كەركوك و بارەگاكانی دەكاتەوە.

PUKmedia گۆران وەهاب 

 

 

10/1/2019 15:27:00