سه‌رۆك كۆمار و میری قه‌ته‌ر بارودۆخی ناوچه‌كه‌ تاوتوێده‌كه‌ن

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاند، داهاتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ جیاتی شه‌ڕو ماڵوێرانی بۆ خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیان ته‌رخان بكرێت.

له‌رێوره‌سمێكی پڕ شكۆدا ئه‌مڕۆ 10-1-2019 له‌ دۆحه‌، میری ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د پێشوازی له‌سه‌رۆك كۆماری عیراق د. به‌رهه‌م ساڵح كرد
له‌ ده‌سپێكی ئه‌و مه‌راسیمه‌ ره‌سمیه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح  و شێخ ته‌میم بن حه‌مد له‌گه‌ڵ سرودی نیشتمانی عێراق و قه‌ته‌ر، پاسه‌وانی شه‌ره‌فیان ئه‌نجامدا.

پاشان سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح و شێخ ته‌میم حه‌مه‌د میری قه‌ته‌ر به‌ ئاماده‌بوونی وه‌فدی ھه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ گفتوگۆیانكرد له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵیه‌كانی هه‌ردوو وڵات و فراوانكردنی ئاستی هاریكاری كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی عیراق و قه‌ته‌ر بكات.

له‌ میانی ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی له‌ لایه‌ن میری قه‌ته‌ره‌وه‌ لێی كرا، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند: عێراق هه‌وڵده‌دات باشترین په‌یوه‌ندیی ناوچه‌یی به‌بێ‌ جیاوازی بنیادبنێت، سوریش ده‌بێت له‌ سه‌ر به‌رده‌وامبوونی رۆڵی سه‌ره‌كی خۆی بۆ به‌یه‌ك گه‌یاندنی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێ، به‌ڵكو ئاسایش و ئارامی تێدا به‌رقه‌رار بێت و خه‌ڵكه‌كه‌شی سود له‌ خێر و بێره‌كه‌ی ببینن.

له‌م روه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار داوایكرد تۆڕێكی په‌یوه‌ندی هاوبه‌ش دروست بكرێت له‌ پێناو لێكتێگه‌یشتنی زیاتر و دیالۆگی بنیادنه‌رانه‌ كه‌ یارمه‌تی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بدات بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ له‌ سایه‌ی ئارامی و په‌یوه‌ندی سیاسی هاوسه‌نگ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ره‌خسێت كه‌ باشتر خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكه‌ین و خیرو بێرو داهاتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ جیاتی شه‌ڕو ماڵوێرانی بۆ خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان ته‌رخان بكرێت.

له‌‌ درێژه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك كۆمار و میری قه‌ته‌ر بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد له‌باره‌ی پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان و پێویستی زاڵبوونی زمانی دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن بۆ به‌دیهێنانی ئاسایش و ئارامی و رێگرتن له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆیی وڵاتان.

له‌لای خۆیه‌وه‌ میری قه‌ته‌ر پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ عیراق له‌ رووی سیاسی و ئه‌منی و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات له‌ زۆربه‌ی بواره‌كان دووپاتكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یكرد كه‌ قه‌ته‌ر هاوشانی عێراق ده‌وه‌ستێت و پشتیوانی لێ‌ ده‌كات له‌ پێناو په‌ره‌پێدانی ئاشتی و ئارامی و هێنانه‌دی پێشكه‌وتن له‌ زۆربه‌ی بواره‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌ بواری ئابووریدا.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا لایه‌نی عیراقی هه‌ریه‌ك له‌ محه‌مه‌د حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و نوری دیلێمی وه‌زیری پلاندانان و د. محه‌مه‌د هیشام عانی وه‌زیری بازرگانی و د. عه‌بد ئه‌میر حه‌مدانی وه‌زیری گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار و ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراو و راوێژكاران ئاماده‌بوون، لایه‌نی قه‌ته‌ریش هه‌ر یه‌ك له‌شێخ محه‌مه‌د كوری عه‌بدولره‌حمانی دوه‌م سه‌رۆك وه‌زیر و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و شێخ خالد كوڕی خه‌لیفه‌ی دووه‌م سه‌رۆكی دیوانی ئه‌میری و سه‌ڵاح كوڕی غانم وه‌زیری رۆشنبیری و وه‌رزش و عه‌لی كوڕی ئه‌حمه‌د وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی و ساڵح كوڕی محه‌مه‌د نابت سه‌رۆكی ده‌زگای پلاندانان و سه‌ر ژمێری ئاماده‌بوون.


PUKmedia راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

10/1/2019 12:54:00