راپۆرتى ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان ده‌درێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران

ته‌نیا ئه‌ندامه‌كه‌ی كورد له‌سنوری پارێزگای دیاله‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق راپۆرتێك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كات و داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خانه‌قین و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی سنوری دیاله‌ ده‌كات.

 

شێركۆ میروه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند:وه‌فدی په‌رله‌مانتارانی پارێزگای دیاله‌، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆبوینه‌وه‌، بۆ قسه‌وباس له‌سه‌ر دۆخی پارێزگاكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی،به‌نده‌ش وه‌كو ته‌نیا ئه‌ندام په‌رله‌مانی كورد، له‌سه‌ر لیستی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به‌شداری  كۆبونه‌وه‌كه‌م كرد، هه‌ڵوه‌سته‌م له‌سه‌ر دۆخی خانه‌قین، قه‌ره‌ته‌په‌، جه‌له‌ولا، جه‌باره‌، سه‌عدیه‌ مه‌نده‌لی كرد.

 

وتیشی: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌چوار چێوه‌ی راپۆرتێكدا هه‌ڤاڵه‌‌كانم له‌مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین ئاماده‌یان كردبوو، قسه‌وباسم له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران كرد، باسمان له‌و هه‌ڕه‌شانه‌كرد كه‌ بۆ سه‌ر زه‌وی و زارو جوتیارانی كورد له‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان له‌خانه‌قین و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری خانه‌قین ده‌ستی دراوه‌تێ، خه‌ڵكێك ئیستغلالی ئه‌و دۆخه‌ شێواوه‌یان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جوتیاری كورد له‌سه‌ر زه‌وی و زاره‌كانیان ده‌ربكه‌ن،له‌هه‌مان كاتدا بێبه‌شكردنی خانه‌قین له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ، له‌دامه‌زراندن، گه‌نجێكی زۆر له‌كوڕان و كچان ده‌رچووی زانكۆو په‌یمانگاكانن بێكار ماونه‌ته‌وه‌ وه‌هه‌روه‌ها دۆخی ئه‌منی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر كرا، گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌كانی مه‌نده‌لی و قه‌ره‌ته‌په‌ دوور له‌هیچ یاسا و رێسایه‌ك دوورخراونه‌ته‌وه‌.

 

جه‌ختیكرده‌وه‌: داوامان كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان وه‌ باره‌گاكانی یه‌كێتیی له‌ ناحیه‌كانی جه‌له‌ولا، قه‌ره‌ته‌په‌، سه‌عدیه‌، مه‌نده‌لی بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌، وه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بتوانێت كاروباری سیاسی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی راپه‌ڕێنێت، چه‌ندین خاڵی تر كه‌ قسه‌وباسیان له‌سه‌ر كرا.

 

میروه‌یس ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو:هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ڕه‌وشی ئاواره‌كان كرا، دواتر راپۆرته‌كه‌مان پێشكه‌ش به‌ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كرد، جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵێنی به‌دواداچوونی جدی بكات بۆ ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌مان وه‌ له‌هه‌مان كاتدا پارێزگای دیاله‌ و فه‌رمانده‌ی پۆلیسی دیاله‌ كه‌ ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بوون به‌ڵێنیاندا كار له‌سه‌ر ئه‌و داواو داخوازیانه‌ بكه‌ن كه‌رووبه‌ڕووی ئه‌وان ده‌بێته‌وه‌.

 

PUKmedia  سامان یاروه‌یس

 

 

6/12/2018 17:35:00