بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان كۆچی دوایی كرد

بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان دوای ماوەیەك ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، لەنەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی كۆچی دوایی كردو بڕیاریشە لەمەراسیمێكدا لەقەزای كەلار بەخاكسپێردرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ 6ی كانونی یەكەمی 2018، عەبدوڵڵا محەمەد سلێمان بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان و قائیمقامی پێشوی قەزای كەلار  دوای ماوەیەك ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، لەنەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

لەوبارەیەشەوە، كاروان یاروەیس، هاوڕێی نزیكی عەبدوڵڵا محەمەد سلێمان ، بە PUKmedia ی راگەیاند:  ماوەی شەش مانگێك دەبێت توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوەو بۆ وەرگرتنی چارەسەریش جگە لەوەی لەنەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی، سەردانی دەرەوەی وڵاتیشی كردوە، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەكەوە ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد. 

وتیشی: عەبدوڵڵا محەمەد سلێمان، كادیرێكی دڵسۆزو چالاكی یەكێتی بووەو  لەسەر  ئینتيمای كورد بوون و پەیوەندی بوونی بەیەكێتییەوە لەلایەن رژێمی روخاوی بەعسەوە لەخوێندنی زانكۆ دورخراوەتەوەو دوای راپەڕینی گەلی كوردستان لەساڵی 1991 خوێندنی زانكۆی تەواكردوەو دواتریش بڕوانامەی ماستەری لە بواری یاسادا لەلوبنان  بەدەستهێناوە.

ئەوەش وت: لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لەسنوری ئیدارەی گەرمیان چەندین پۆستی ئیداری پێسپێردراوە، ماوەیەك بەڕێوەبەری ناحیە بوە لە ناحییەكانی (مەیدان، باوەنوور، قۆرەتوو، رزگاری) و  دواتریش بەوەكالەت پۆستی قائیمقامی قەزای كەلاری پێسپێردراوەو دوا پۆستیشی بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان بووە.

بڕیاریشە تەرمەكەی لەقەزای كەلار بەخاكبسپێردرێت و سبەینێیش لەكەلار یەكەم رۆژی پرسەكەی بەڕێوەبچێت.

PUKmedia تایبەت 

 

6/12/2018 17:10:00