كه‌لار.. هاووڵاتییان دڵنیا ده‌كرێنه‌وه‌

قایمقامیه‌تی كه‌لار ئاشكرای ده‌كات مه‌ترسی دروستبوونی لافاو له‌ ئارادایه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌واوی تیمه‌كان له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان ڕێو شوێنی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر.

سه‌رچاوه‌یه‌ك تایبه‌ت له‌ قائیمقامیه‌تی قه‌زای كه‌لار ئه‌مڕۆ 6-12-2018، به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌هۆی بارانبارینی به‌خوڕ له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی كه‌لار ئه‌گه‌ری دروستبوونی لافاو هه‌یه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌واوی تیمه‌كانی شاره‌وانی و به‌رگری شارستانی قه‌زاكه‌ له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌موو ڕێو شوێنێكی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر.

راشیگه‌یاند: وه‌ك قائیمقامیه‌تی قه‌زای كه‌لار هاووڵاتییانی سنووره‌كه‌ سنووره‌كه‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ی باڵا و لاوه‌كییه‌كان و ته‌واو تیمه‌ فریا گوزارییه‌كان خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی و ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو،  وتیشی: به‌ پێویستیشی ده‌زانین هۆشداری بده‌ینه‌ هاووڵاتییان بۆ ئه‌وه‌ی هیچ حاڵه‌تێكی زیانبه‌خش ڕوونه‌دات و به‌ تایبه‌تی ئه‌و خانوو و ماڵانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ده‌وروبه‌ری كه‌لار یان نزیك ڕێڕه‌وی لافاو و ئاوی باراناو پێویسته‌ ئاگاداربن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، داواش له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوزاراو مه‌ترسیدار ده‌ستبه‌جێ تیمه‌ فریا گوزارییه‌كان ئاگاداربكه‌نه‌وه‌، تا به‌ زووترین كات بچن به‌ هانایانه‌وه‌.

PUKmedia محه‌مه‌د عه‌بدولره‌حمان

6/12/2018 16:49:00