چواره‌مین ساڵیادی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی به‌ڕێوه‌چوو

به‌ چاودێری و ئاماده‌بوونی مه‌حمودی حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و جێگری بارێزگاری دهۆك و نوێنه‌ری وڵاتان له‌ كوردستان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و كه‌سایه‌تی و كه‌سوكاری شه‌هیدان، بێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 3-8-2018، له‌هۆڵی بۆنه‌كانی زانكۆی دهۆك و له‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌دا ساڵیادی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزیدی كرایه‌وه‌.

به‌ر له‌ ده‌ستپێكی یاده‌كه‌ پێشانگایه‌كی وێنه‌یی و په‌یكه‌ری زندی نیشاندرا كه‌ گوزارشتبوو له‌ مه‌رگه‌ساتی ئێزیدییه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش شه‌نگال و ناوچه‌كه‌ی داگیر كرد.

دواتر مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكردو جێگری بارێزگاری دهۆك له‌ به‌یڤێكدا به‌خێرهاتنی میوانانی كردو ئاماژه‌ی به‌ مه‌رگه‌ساتی ئێزیدییه‌كانداو به‌ درێژه‌پێده‌ری ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆساید كردنی بارزانی و فه‌یلییه‌كانی له‌قه‌ڵه‌مدا.

پاشان وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان مه‌حمود حاجی ساڵح له‌ وتارێكدا به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و لیژنه‌ی باڵای ناساندنی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزیدی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینه‌كانی تر به‌خێرهاتنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و میوانانی كردو ئاماژه‌ی به‌و فه‌رمانه‌ ناڕه‌وایه‌كرد كه‌ دژی كوردانی ئێزیدی كراو ئێزیدییه‌كانی به‌ كوردی ره‌سه‌ن ناوبرد.

هه‌روه‌ك رایگه‌یاند كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌ت 68 روفاتیان دوای ده‌رهێنانیان له‌ چه‌ند گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ شه‌رفه‌دین به‌ خاك سپاردۆته‌وه‌ نه‌شی شارده‌وه‌ كه‌ 68 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر به‌ربه‌ستی ئه‌منی و یاسایی و لۆجستی نه‌توانراوه‌ هه‌ڵبدرێنه‌وه‌.

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئاماژه‌شی به‌و سه‌ردانه‌كرد كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا بو ئه‌مریكا ئه‌نجامیانداو به‌ سه‌ردانێكی سه‌ركه‌وتووی له‌قه‌ڵه‌مدا به‌ تایبه‌تی دیداریان له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د كه‌ریم خان كه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و تیمه‌ ده‌كات كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش ده‌كات.

له‌ به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئاماژه‌ی به‌و كه‌یسانه‌كرد كه‌ له‌ ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌ به‌ڵكه‌كردن كاری له‌سه‌ر كراوه‌، چه‌ند ئامارێكیشی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌م جۆره‌ خسته‌ڕوو وتی: تاوه‌كو ئێستا 4206 دۆسییه‌ تۆمار كراوه‌و 1778 لێكۆڵینه‌وه‌تیاندا ته‌واوكراوه‌و 2428 دۆسییه‌ش له‌ زێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌و 1192 تایبه‌تن به‌ ژنان و كچان،

2036  تایبه‌ته‌ به‌ دۆسییه‌ی توندوتیژی سێكسی كه‌ 1052 كه‌یان له‌ سه‌روی ته‌مه‌نی 18 ساڵیدان و 984 یشیان له‌ژێر ئه‌و ته‌مه‌نه‌دان.

له‌كۆتایدا وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان هیوای ئازادبوونی بۆ دیله‌ ئێزیدییه‌كان خواست.

پاشان به‌ چه‌ند چالاكی و تابلۆی هونه‌ری و ژه‌نینی میوزیك بۆنه‌كه‌ كۆتایی هات.

PUKmedia راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان.

3/8/2018 17:51:00