PUKmedia نوسینگه‌ی مه‌کته‌بی راگه‌یاندن- تاران 13:18:10 2010-07-27
پێنجه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی سه‌رشه‌قام له رۆژانی کۆتایی مانگی 9/2010 له شاری مه‌ریوان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
"فاتيح بادپه‌روا" به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی شانۆی مه‌ریوان له وتووێژێکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ په‌یامنێری نوسینگه‌ی مه‌کته‌بی راگه‌یاندن له تاران وێڕای راگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه وتی: ئه‌م فێستیڤاڵه بۆ پێنجه‌مینجار له شاری مه‌ریوان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیایدا چه‌ندین گروپی شانۆیی هه‌ڵبژێردراو له شاره‌کانی ئێرانه‌وه به‌شدارده‌بن، فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ له سێ به‌شدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت که بریتین له به‌شی کێبڕکێ، به‌شی فێرکاری و به‌شی نێوده‌وڵه‌تی.
هه‌روه‌ها وتی: له به‌شی کێبڕکێدا چه‌ندین گروپی شانۆیی له ناوچه جیاوازه‌کانی ئێرانه‌وه داوای به‌شدارییان کردووه، که له‌چاو ساڵانی پێشوودا ژماره‌یان زۆر زیاتره و تاکو 20 رۆژی داهاتوو ناوی ئه‌و گروپانه که ئیزنی به‌شداری له فێستیڤاڵیان پێده‌درێت راده‌گه‌یه‌نرێت، بۆ به‌شی نێوده‌وڵه‌تیش لانی که‌م 3 تا 5 گروپی شانۆیی له وڵاتانی بیانییه‌وه به‌شدارده‌بن.
بادپه‌روا راشیگه‌یاند، که ئه‌م فێستیڤاڵه له ساڵانی پێشوودا به ماوه‌ی 4 رۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ رۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵ درێژ ده‌کرێته‌وه بۆ 5 یان 10 رۆژ.
بڕیاریشه ئه‌م گروپه شانۆییانه‌ی که له‌م فێستیڤاڵه‌دا هه‌ڵده‌بژێردرێن جگه له خه‌ڵاتکردن، بنێردرێنه به‌شی کێبڕکێی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فه‌جر که ساڵانه له تارانی پایته‌ختی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.