riklam

له‌هه‌ولێره‌وه‌ ڤیزای ئه‌مریكا وه‌ربگره‌

kurdistani 01:05 PM - 2013-05-22
دوو مانگی تر به‌شی ڤیزا له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌

دوو مانگی تر به‌شی ڤیزا له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌

به‌رپرسی كاروباری ئابوری له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ئاشكرای ده‌كات، له‌ دوو مانگی داهاتوودا به‌شی پێدانی ڤیزا له‌ كونسوڵخانه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانیشیان ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێوان كۆمپانیاكانی ئه‌مریكا و هه‌رێم.
ئه‌مرِۆ 22-5، به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی، پێشوازیكرد له‌ لورنس كوین، به‌رپرسی كاروباری ئابوری له‌كونسوڵخانه‌ی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر.
له‌دیدارێكدا هه‌ردوولا ده‌رفه‌ته‌كانی كارو وه‌به‌رهێنان و ئاماده‌ی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان له‌بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریدا خسته‌ به‌رباس.
پارێزگاری سلێمانی روونیكرده‌وه‌ن هه‌رێمی كوردستان جێگه‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان و كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كۆمپانیاكانی ئه‌مریكا زیاتر روو له‌هه‌رێم بكه‌ن و ئه‌وانیش به‌شداربن له‌و پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌ی ده‌ستیپێكردوه‌.
پارێزگار وتیشی: ئێمه‌ پشتگیرو پشتیوانی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ده‌كه‌ین، هیواداریشین كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا ببنه‌ نوێنه‌ری ئێمه‌و جیاوازی بارودۆخی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی تری عیراق بۆ كومپانیاو سه‌رمایه‌گوزاره‌كانی ئه‌مریكا روونبكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌ی له‌باره‌ی بارودۆخی كوردستانه‌ لایان دروستبووه‌ راست بكرێته‌وه‌و بتوانن بێ ترس روو له‌ هه‌رێم بكه‌ن.
له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزاریشه‌وه‌، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند: هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و تۆپۆگرافی كوردستان به‌گشتی و پارێزگای سلێمانی به‌تایبه‌تی، زۆر گونجاوه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌كه‌رتی گه‌شتیاریدا، به‌ڵام پێویستیمان به‌ پسپۆری ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ بونیادنانی پیشه‌سازی گه‌شتیاری له‌ وڵاته‌كه‌ماندا.
بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای كرد كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا كار له‌سه‌ر ئه‌م بواره‌ بكه‌ن و كۆمپانیا پسپۆره‌كان بۆ كاركردن له‌ هه‌رێم هانبده‌ن.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسی ئابوری كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا، ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی بۆ كاركردنی جدی له‌پێناو دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێوان كۆمپانیاكانی هه‌رێم و كۆمپانیاكانی ئه‌مریكا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان جیاوازی له‌نێوان ناوچه‌كانی تری عیراق و هه‌رێم ناكه‌ن و ترسی زۆریان هه‌یه‌ له‌كاركردن لێره‌.
هه‌روه‌ك به‌ڵێنیشیدا كار له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌و گه‌یاندنی راستی بارودۆخی هه‌رێم به‌كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان بكات.
به‌رپرسه‌كه‌ی كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ دوو مانگی داهاتوودا به‌شی ڤیزا له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌و له‌وێوه‌وه‌ هاووڵاتیان ده‌توانن ڤیزای ئه‌مریكا وه‌ربگرن.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket