riklam

رێككه‌وتنی (یه‌كێتی و گۆڕان)

بیروڕا 11:18 AM - 2016-05-08
عادل موراد‌

عادل موراد‌

دیدو بۆچوونه‌كانم له‌سه‌ر رێككه‌وتنی نێوان (یه‌كێتی و گۆڕان)

له‌به‌ر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی هه‌ستیاری سیاسی و ئابووری و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی جۆراوجۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌پێویستی ده‌زانم دیدو بۆچوون و روانینی خۆم له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان بخه‌مه‌ڕوو، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی سوودی لێ وه‌بگیرێت بۆ ده‌ست خستنه‌سه‌ر كه‌لێنه‌كان و ده‌ستنیشانكردنی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ قه‌یرانی سیاسی و لێك ترازان له‌ نێوان پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و دانانی به‌رنامه‌ی هاوچه‌رخی گونجاو، بۆ پته‌وكردنی بنه‌ماكانی چاكسازی ریشه‌یی له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم، بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌ت و نه‌هێشتنی ناعه‌داله‌تی و پاراستنی سه‌روه‌ری یاساو به‌هاكانی دیموكراتی له‌ هه‌رێمی كوردستان.


هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا نزیك بوونه‌وه‌و رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان له‌م قۆناغه‌دا ده‌ستپێكێكی گرنگه‌ بۆ دانانی به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش به‌ئاراسته‌ی ئه‌نجامدانی چاكسازی سیاسی و دارایی، كه‌ واژۆكردنی رێككه‌وتنی سیاسی له‌نێوانیاندا جگه‌ له‌وه‌ی هیواو ئومێدێكی نوێ ئه‌به‌خشێته‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان، هه‌نگاوێكی گرنگیشه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌و پته‌وكردنی نێوماڵی كوردی و پاراستنی یه‌كڕیزی نیشتمانی، بۆ كۆتاییهێنان به‌ململانێی ناته‌ندروستی نێوان پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، كه‌ جگه‌ له‌ دواخستنی پڕۆسه‌ی دیموكراتی و په‌كخستنی داموده‌زگا شه‌رعییه‌كان و ئیفلیجكردنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و بارگرانی سه‌رشانی هاووڵاتیان و گه‌یاندنی وێنه‌یه‌كی خراپی حوكمڕانی به‌دونیای ده‌ره‌وه‌ هیچی تری لێ نه‌چنرایه‌وه‌.


بۆیه‌ به‌پێویستمزانی له‌ چه‌ند خاڵێكدا بۆچوونه‌كانم وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك بخه‌مه‌ڕوو، به‌هیوای ئه‌وه‌ی سوودی لێ وه‌ربگیرێت بۆ ده‌ۆڵه‌مه‌ندكردنی خاڵ و بنه‌ماكانی رێككه‌وتنه‌كه‌.


 خاڵه‌ پێشینه‌كان كه‌ ده‌بنه‌ كۆڵه‌كه‌ی رێككه‌وتنی گۆڕان و یه‌كێتی:


1- یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی هه‌ردوولا له‌سه‌ر شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم و ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و ئاینده‌ی په‌رله‌مانتارو نوێنه‌ره‌كانمان له‌ به‌غداد.


2- روانینی وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌ بۆ ئاینده‌ی دۆزی ره‌وای كوردو كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆی جدی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ ئه‌گه‌ری كۆكبوونی هه‌ردوولاو پارته‌ سیاسیده‌كانی تری كوردستان له‌سه‌ر خستنه‌ڕووی پرسی ریفڕاندۆم له‌م كاته‌دا.


3- هه‌وڵدان بۆ به‌شداریپێكردنی پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی تر له‌ هه‌ڵبژرادنه‌كانی داهاتوو كه‌ له‌ هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێن.


4- یه‌كخستنه‌وه‌و راگه‌یاندنی هه‌ڵوێستی روونی گۆڕان و یه‌كێتی به‌رامبه‌ر به‌ شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارته‌ سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان، به‌تایبه‌تی رۆژئاواو رووداوه‌كانی.


5- رێكخستنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی پارتی و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان (یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، بزووتنه‌وه‌) و حزبه‌كانی (ئاینده‌، پارێزگاران، سۆشیالیست، شیوعی، رزگاری.. هتد) و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ نوێنه‌ریان نییه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.


6- نه‌هێشتن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ناعه‌داله‌تی و په‌راوێزخستنی یه‌كێتی و گۆڕان له‌ حكومه‌ت  و داموده‌زگاكانی تری هه‌رێم، ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌رجۆره‌ فه‌رق و جیاوازییه‌ك له‌ دابه‌شكردنی بودجه‌و داهات له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێمدا.


7- خستنه‌وه‌گه‌ڕی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری یاسا.


8- دانانی به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی (ده‌ستور، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سیستمی حوكمڕانی).


9- خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی چاكسازی ریشه‌یی له‌ هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و رووبه‌ڕووبونه‌وی گه‌نده‌ڵیدا.


له‌ پاش ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌، ده‌ستبكرێت به‌جێبه‌جێكردنی قۆناغی دووم له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، كه‌ به‌دیدی ئێمه‌ ده‌بێ ئه‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه‌ له‌خۆبگرێت:


1- یه‌كگرتنی هه‌ردوو فراكسیۆنی یه‌كێتی و گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق.


2- یه‌كگرتنه‌وه‌ی فراكسێونه‌كانی پارێزگاكان و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌كانی هه‌ردوولا.


3- یه‌كگرتنه‌وه‌ی سه‌ندیكاكان، كۆمه‌ڵه‌كان، رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان.


4- به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ به‌یه‌ك لیست، به‌سیسته‌می لیستی داخراو.


5- ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ تێكه‌ڵاوكردنی رێكخستنه‌كان (مه‌ڵبه‌نده‌كان، مه‌كته‌به‌كان، جڤات و ژووره‌كان).


6- به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو، به‌ئاراسته‌ی ده‌ستنیشانكردنی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی باڵای چاودێری.


PUKmedia عادل موراد‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket