riklam

دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نوسەران رێزیان لێدەنرێت

ئەدەب وهونەر 05:24 PM - 2016-02-13
بەبۆنەی(46)هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیەكەوە

بەبۆنەی(46)هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیەكەوە

ئەمڕۆ 2016/2/13 یەكێتی نوسەرانی كورد بەئامادەبونی ژمارەیەك لە نوسەران ‌و روناكبیران، رێورەسمێكی بۆ رێزڵێنان لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نوسەرانی كورد(كاكە مەم بۆتانی، د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ، د.كاوس قەفتان، د.مارف خەزنەدار، د.نەسرین فەخری، د.ئیحسان فوئاد، جەمال  بابان، نوری عەلی ئەمین، محەمەدی مەلا كەریم،حسێن عارف، خالید دلێر) لە هۆڵی كتێبخانەی گشتیی سلێمانی سازكردو لەو رێوڕەسمەدا وتاری وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوان ‌و یەكێتی نوسەرانی كورد خوێندرایەوە‌و دواتر خەڵاتی رێزلێنانی یەكێتیی نوسەران‌ و وەزارەتی رۆشنبیری پێشكەش بەئەندامانی دەستەی دامەزرَینەری نوسەران كرا.

ئەمەش دەقی وتاری وەزارەتی رۆشنبیرییە كە خەلیل عەبدوڵڵا بەنوێنەرایەتی وەزیری رۆشنبیری پێشكەشی كرد:

ئامادەبوانی بەڕێز

ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نوسەرانی كورد

خانەوادەی ئەندامانی  خوالێخۆشبووی دەستەی دامەزرێنەر

میوانان‌ و روناكبیرانی ئازیز

بەیانیتان باش‌ و بەخێر بێن

بەڕێزان

بەبۆنەی(46)هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیی نوسەرانی كورد‌و رێورەسمی رێزگرتن  لەئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری، بەناوی بەڕێز خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیری‌ و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پیرۆزبایی ئەم یاد‌و بۆنەیە لە سەرۆك‌و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرو تەواوی ئەندامان‌و روناكبیرانی كوردستان ئەكەین.

ستایشی  قەڵەمە ئازاكانی دەستەی دامەزرێنەر ئەكەین كەرۆڵی دیارو جوامێرانەیان لەهێنانە كایەی ئەو رێكخراوە‌و خزمەتكردنی كاروانی ئەدەبی‌و روناكبیری كوردستاندا گێڕا، درودی رێز‌و وەفاو ئەمەكداریش بۆ رۆحی پاكی ئەندامانی كۆچكردووی دەستەی دامەزرێنەر ئەنێرین.

ئامادەبوانی بەڕێز

46ساڵ لەمەوبەر‌و بەدیاریكراوی لە10ی شوباتی 1970بەهەوڵ‌و هیمەتی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نوسەرانی كورد مۆڵەتی رەسمی كاركردنی ئەو رێكخراوە لەوەزارەتی ناوخۆی عیراق وەرگیرا. ئیدی ئەو رێكخراوە لەو كاتەوە هاتە مەیدانی كارو خزمەتی ئەدەبی‌و رۆشنبیری‌و لەو بوارانەدا خزمەتێكی زۆری پێشكەش كرد.

ئەگەرچی ئەم رێكخراوە رێكخراوێكی كەلتوری‌و پیشەیی شار، بەڵام قەڵەمەكانی هاوشانی چەكی پێشمەرگە لەخزمەتی شۆڕش‌و گەل‌و نیشتماندا بوون، چەندین نوسەر تووشی گرتن‌و راونان بوون‌و بەشێك لەو قەڵەمە جوامێرانە لەكۆڕی خەباتی شارو شاخدا گیانی خۆیان بەئازادی كوردستان بەخشی‌و شەهید بوون.

رژێمی بەعس وەك رێكخراوێكی یاخی سەیری یەكێتیی نوسەرانی كوردی ئەكرد، هەربۆیەش ساڵی 1980 هەڵیوەشاندەوە‌و كردی بە بەشێك لەرێكخراوی (ئەدیبان‌ و نوسەرانی عیراق).

راستە یەكێتی نوسەران وەك رێكخراو هەڵوەشایەوە، بەڵام نوسەرانی ئازا‌و خاوەن هەڵوێست هەر لەبەرەی گەل مانەوە‌و قەڵەمەكانیان لەخزمەت وشەی پیرۆزی كوردی‌و  كوردستاندا بوون‌و بەرهەمەكانیان بەناوی خوازراو لەبڵاوكراوەكانی شاخدا بڵاو ئەكردەوە.

لەدوای راپەڕینی ئازادی، جارێكی تر یەكێتیی نوسەران دامەزرایەوە‌و هاتەوە مەیدانی تێكۆشانی ئەدەبی‌و روناكبیری‌ و تائێستا بەردەوامە.

یەكێتیی نوسەران لەمێژووی پڕشكۆی 46 ساڵەی تەمەنیدا خزمەتی زۆری كردووە‌و خاوەنی خەرمانێك دەستكەوتی ئەدەبی‌و روناكبیرییە.

وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان بەبایەخەوە لەرۆڵی دیارو پرشنگداری یەكێتیی نوسەران ئەڕوانێ‌‌و ستایشی بەرهەم‌و بەخششە ئەدەبی‌و روناكبیرییەكانی ئەكات‌وسڵاو بۆ دەستەی دامەزرێنەر‌و قەڵەمە ئازا‌و بوێرەكانی ئەنێرێ‌.

درود بۆ رۆحی پاك‌و بێگەردی ئەو نوسەرانەی شەهید بوون یاخود ماڵئاواییان كردووە.

سوپاس بۆ یەكێتیی نوسەرانی كورد بەگشتی مامۆستا كاكە مەم بۆتانی بەتایبەتی بۆ رێكخستنی ئەم رێورەسمە شكۆدارە بۆ رێزلێنان لەدەستەی دامەزرێنەر.

 سوپاس بۆ هەموو لایەك

هەر شادو سەركەوتوو بن

وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان

13ی شوباتی 2016

PUKmedia تایبەت 

 

5723141322016_2.jpg

624141322016_3.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket