riklam

م.س: فرۆشتنی نه‌وت و گرێبه‌ست و داهاته‌كان روونبكرێته‌وه‌

ی.ن.ک‌‌ 10:38 PM - 2016-02-11
راگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسی سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئێستای كوردستان

راگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسی سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئێستای كوردستان

ئێواره‌ی رۆژی (11/2/2016) مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی و به‌ئاماده‌بونی جێگری دووه‌م و ته‌واوی ئه‌ندامانییه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی له‌سه‌ر دۆخی ئێستای كوردستان ئه‌نجامدا. له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی دۆخه‌كه‌و كێشه‌كان، به‌تایبه‌تی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی دارایی و ئابوری خه‌ڵك و بازاڕو بانكه‌كان، هه‌روه‌ها كێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی ئێستای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمیش، له‌گه‌ڵ پرسی ریفراندۆم، كۆبوونه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌.

یه‌كه‌م: داوا له‌حكومه‌ت بكرێ پیاچوونه‌وه‌ به‌پرۆژه‌ی پاشه‌كه‌وتی فه‌رمانبه‌رو موچه‌خۆران، به‌شێوه‌ك كه‌ ئه‌و توێژه‌ی موچه‌ كه‌مه‌، هیچیان لێ كه‌منه‌كرێته‌وه‌. باقی موچه‌ كه‌مكراوه‌كانیش، پیاچونه‌وه‌ی بنچینه‌یی پێویسته‌، به‌تایبه‌تی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆو ده‌زگاكانی خومه‌تگوزاریی و دادوه‌ری.

دووه‌م: به‌كرده‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ی بێ مه‌رجی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و چاره‌سه‌ری سیاسی راسته‌قینه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان.

سێهه‌م: بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی، له‌لایه‌كه‌وه‌ درێژه‌پێدانی گفتوگۆ، به‌پێی پرۆژه‌یه‌كی نوێی ئابوریی و سیاسی و جێبه‌جێكردنی یاسایی په‌سه‌ندكراوی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتحادی. هاوكات، ده‌بێ شه‌فافییه‌تی چۆنیه‌تی فرۆشتنی نه‌وت، گاز، گرێبه‌سته‌كان و داهاته‌كانیان، بۆ رای گشتی رونبكرێته‌وه‌.

چواره‌م: یه‌كێتیی، هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ مافی چاره‌ی خۆنوسینی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌. بۆیه‌، جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌هه‌لومه‌رجی ره‌خساودا، له‌كوردستاندا ریفراندۆم به‌مافی دیموكراسی و یاسایی گه‌له‌كه‌مان ده‌زانین. چاوه‌ڕوانی گه‌لی عه‌ره‌ب و توركمان و خه‌ڵكی تری عیراق و گه‌لانی ناوچه‌كه‌شین، له‌به‌دیهێنانی ئه‌م مافه‌دا، پشتیوانی گه‌لی كوردستان بن.

له‌كۆتایشدا، داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین، كه‌ له‌م دۆخه‌ دژواره‌ی جه‌ماوه‌ردا، هاوئاهه‌نگ بین بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازی خه‌ڵك، له‌هه‌مانكاتدا، پشتیوانی حكومه‌تیش بین بۆ ده‌ربازبوون له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ی ئه‌زمونه‌كه‌مان پیاتێده‌په‌ڕێ، به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی خوێناویدایه‌ دژی داعشه‌ ره‌شه‌كوژه‌كان؛ ناوچه‌كه‌ش له‌ناو ئه‌گه‌ری جۆراوجۆری سیاسی و گۆڕانكاریدایه‌.


مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
11/2/2016

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket