riklam

سه‌رۆك كۆمار: ده‌كرێت روسیا هاوكاری سه‌ربازیمان بكات

عیراق 04:49 PM - 2016-02-11
باڵیۆزانی هه‌ردو وڵات و ژماره‌یه‌ك له‌راوێژكاران ئاماده‌ی دیداره‌كه‌ بوون

باڵیۆزانی هه‌ردو وڵات و ژماره‌یه‌ك له‌راوێژكاران ئاماده‌ی دیداره‌كه‌ بوون

سه‌رۆك كۆمار پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی گه‌وره‌ی روسیا و قوڵیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵاتی دۆست دووپاتكرایه‌وه‌.


سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 11-2-2016 سه‌رۆك كۆمار فوئاد مه‌عسوم له‌كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد له‌ دیمتری رۆژۆزین جێگری سه‌رۆك وه‌زیری كۆماری روسیای فیدراڵ به‌هاوڕێیه‌تی وه‌فدێكی ره‌سمیی گه‌وره‌ .


سه‌رۆك كۆمار به‌گه‌رمیی به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی كردو داوای به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆشی بۆ كردن له‌به‌غدا به‌و هیوایه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان سه‌ركه‌تو بێت به‌و جۆره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردو وڵاتی دۆست قوڵ ده‌كاته‌وه‌.


سه‌رۆك مه‌عسوم ئاماژه‌یكرد بۆ گرنگیدانی عیراق  به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ روسیای فیدراڵ كه‌ درێژ بوه‌ته‌وه‌ بۆ مێژویی هاوچه‌رخی هه‌ردو گه‌ل و وڵات، روناكیشی خسته‌سه‌ر ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هاریكاریی نێوان عیراق و روسیای فیدراڵ زیندو  و به‌رهه‌مداربێت كه‌ چه‌ندین بوار ده‌گرێته‌وه‌ و كاری هاوبه‌شی زۆریشی ده‌وێت و ئاسۆیه‌كی هاریكاریی ده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌رده‌وام بون و قوڵ بونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی مێژویی نێوان هه‌ردو ده‌وڵه‌ت وگه‌لی دۆست .


سه‌رۆك كۆمار له‌میانه‌ی وته‌كانیدا له‌گه‌ڵ وه‌فدی میوان گرنگیی هاریكاریی له‌بواره‌كانی كشتوكاڵ ،ئابوریی ،پیشه‌سازیی، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هه‌واڵگریی و پشتیوایی سه‌ربازیی  و مرۆیی دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ دۆستانی روسیی ده‌توانن په‌ره‌ی پێبده‌ن له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌جه‌نگه‌كه‌ی دژی تیرۆر به‌و جۆره‌ی كۆمه‌كی عیراقییه‌كان بكات له‌تێكشكاندنی تاقمی داعش كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ نه‌ك به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئاسایشی عیراق به‌ڵكو له‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش.


سه‌رۆك مه‌عسوم رونیكرده‌وه‌ عیراقییه‌كان به‌جیاوازیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان و خۆبه‌خشه‌كانی پشتیوانی ئه‌و هێزانه‌ له‌ توانایاندایه‌ تیرۆر ببه‌زێنن، له‌و روه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌یكرد بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو له‌ریزی پێشه‌وه‌یان رزگاركردنی رومادییه‌ كه‌ ئه‌م توانا نیشتمانییه‌ سه‌ربازیی و جه‌نگییه‌ ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو ئه‌وه‌ی عیراق له‌ده‌وڵه‌تانی دۆست و برای ده‌وێت،پشتیوانیكردن و یارمه‌تیدانیه‌تی له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا كه‌پێشكه‌وتنی مه‌یدانیی هێزه‌ نیشتمانییه‌كانمان به‌هێز ده‌كات دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌رێی رێككه‌وتنه‌وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقدا.


لای خۆیه‌وه‌  دیمتری رۆژۆزین  سوپاسی سه‌رۆك كۆماری كرد بۆ میواندارییه‌ پڕ نه‌وازشه‌كه‌ی و رایگه‌یاند: وه‌فدی هاوڕێی نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌ته‌ جیاجیاكانی روسیای فیدراڵ ده‌كات ئه‌وه‌ش له‌ روانگه‌ی په‌رۆشییی كۆماری روسیای فیدراڵه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ به‌رهه‌می هه‌بێت و كاریگه‌ر بێت به‌ئاڕاسته‌ی چالاككردنی ئاسۆی هاریكاریی نێوان هه‌ردو وڵات.

جێگری سه‌رۆك وه‌زیر له‌ روسیای فیدراڵ كه‌له‌ لایه‌نی روسیاوه‌ سه‌رۆكی كۆمیته‌ی هاوبه‌شی حكومییشه‌ له‌نێوان هه‌ردوو كۆماری عیراق و روسیای فیدراڵ رونیكرده‌وه‌، ئه‌م سه‌ردانه‌ ده‌سپێكی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی كۆمیته‌كه‌ی لێده‌كه‌ێته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی خۆشكردنی زه‌مینه‌ له‌به‌رده‌م رێككه‌وتنه‌ جیاجیاكان له‌هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ هاریكاریی و كاری هاوبه‌شیان ده‌وێت له‌نێوان عیراق و روسیای فیدراڵدا.

رۆژۆزین له‌ وته‌كه‌یدا له‌به‌رده‌م سه‌رۆك كۆماردا گرنگیدانی حكومه‌تی روسیای فیدراڵی  خسته‌ڕوو به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری عیراقدا، په‌رۆشیی روسیاشی دوپاتكرده‌وه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی پشتیوانیی و كۆمه‌ك و شاره‌زایی یه‌كان له‌هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ هاریكاریی و كاری هاوبه‌ش ده‌خوازن.

باڵیۆزانی هه‌ردو وڵات و ژماره‌یه‌ك له‌راوێژكاران ئاماده‌ی دیداره‌كه‌ بوون .


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket