riklam

عادل موراد بۆ كه‌نه‌دا: گرنگی به‌ هه‌ڵه‌بجه‌و شه‌نگال بده‌ن

ی.ن.ک‌‌ 03:38 PM - 2016-02-10
عادل موراد داوا له‌وڵاتی كه‌نه‌دا ده‌كات به‌رده‌وامبێت له‌پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه

عادل موراد داوا له‌وڵاتی كه‌نه‌دا ده‌كات به‌رده‌وامبێت له‌پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه

رۆژی 9-2-2016 سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی له‌ رۆبه‌رت بیسیت به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی باڵوێزخانه‌ی كه‌نه‌دا له‌عیراق و وه‌فدێكی هاوڕێی كردو دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌یان تاووتوێكرد.

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سۆران جه‌مال تاهیرو نوخشه‌ ناسیح ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ئاماده‌یبوون، عادل موراد پاش به‌خێرهاتنی گه‌رمی وه‌فدی میوان، سوپاسی حكومه‌تی كه‌نه‌دای كرد بۆ ئه‌و پشتیوانی و هاوكارییانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی حكومه‌تی عیراق و كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی له‌شه‌ڕی دژی داعش كردووه‌.

له‌باره‌ی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیشه‌وه‌، وتی: ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندایه‌ ده‌رئه‌نجامی نه‌بونی سازانه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌ستور، داواشیكرد په‌له‌ بكرێت له‌چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان و كۆتایی بهێنرێت به‌و گرژییه‌ سیاسییه‌ی له‌هه‌رێمدا هه‌یه‌، جه‌ختیشی له‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی ده‌رئه‌نجامه‌ نه‌رێنیه‌كانی قه‌یرانی ئابوری و درایی و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ بۆ لابردنی ئه‌و باره‌ قورسه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانی هاووڵاتیانه‌و فه‌رهه‌مكردنی ئازادییه‌كان و شه‌فافیه‌ت له‌مه‌له‌فی نه‌وت و دابه‌شكردنی داهاته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌.

له‌میانه‌ی قسه‌كانیدا عادل موراد داوای له‌حكومه‌تی كه‌نه‌دا كرد كه‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم فراوانتر بكات له‌پاڵ پشتیوانیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌دابینكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی بۆ شه‌ڕی دژی داعش كه‌ كوردستان له‌بری هه‌موو جیهان ده‌یكات، هه‌روه‌ها هاوكاری له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ژیان له‌بواری په‌روه‌رده‌و ئاواده‌كردنه‌وه‌و ته‌ندروستی به‌تایبه‌تی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌چاره‌سكردنی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری هاووڵاتیانی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عیراق بێبه‌رامبه‌ر ده‌كات، له‌بواری ئاوه‌داكردنه‌وه‌شدا گرنگی به‌شاره‌كانی هه‌رێم و به‌تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌و شه‌نگال بدرێت.

هه‌ر له‌میانه‌ی قسه‌كانیدا عادل موراد داوای له‌حكومه‌تی كه‌نه‌دا كرد تێروانینی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت له‌باره‌ی گه‌لی كورد له‌ باكورو رۆژئاواو ده‌رگای گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌ده‌په‌و په‌یه‌ده‌ بكاته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌بارودۆخی گه‌لی كورد له‌و پارچانه‌ كه‌ شه‌ڕ له‌پێناو به‌دیهێنانی ئازادی و دیموكراسی و مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد دا ده‌كه‌ن.

لای خۆیانه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ د.سۆران جه‌مال تاهیرو نوخشه‌ ناسیح ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی دیدو بۆچونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی كوردستان و عیراق خسته‌ڕوو، پێیان وابوو ریفراندۆم مافێكی ره‌وای گه‌لی كورده‌و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای هه‌رێم و نه‌بونی پشتیوانی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی به‌باشیانزانی كه‌ له‌مكاته‌دا هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چڕتربكاته‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گونجاو بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان كه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێكی گرنگ بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

لای خۆشیه‌وه‌ رۆبه‌رت بیسیت به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی باڵوێزخانه‌ی كه‌نه‌دا له‌عیراق سوپاسی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی به‌وردی چاودێری بارودۆخی هه‌رێمی و كوردستان و عیراق ده‌كات و هه‌وڵیش ده‌دات بۆ ره‌خساندنی ئارامی و ئاسایش سازان و لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان پێكهاته‌كانی عیراق له‌وڕووه‌شه‌وه‌ پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند ده‌كات بۆ زیاتر له‌یه‌ك نزیكردنه‌وه‌ی هه‌ردوولا بۆ كۆتایی هێنان به‌كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌هاوپه‌یمانی دژی داعش ده‌كشێنێته‌وه‌ به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بێت له‌هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عیراق له‌دژی داعش و سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.

رۆبه‌رت بیسیت به‌گرنگیشه‌وه‌ باسی رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی كرد له‌پاراستنی ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌ی وڵاته‌كه‌ی نیشاندا بۆ به‌شداریكردنی كارا له‌ئاوه‌داكردنه‌وه‌و پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌موو شارو شارۆچكه‌كان به‌تاییه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌و شه‌نگال.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket