riklam

حاكم قادر: ریفراندۆم بخرێته‌ دوای رێكخستنه‌وه‌ی ناوخۆی ماڵی كورد

ی.ن.ک‌‌ 04:16 PM - 2016-02-09
.

.

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ر له‌هه‌ر ریفراندۆمێك پێویسته‌ ناوخۆی ماڵی كورد رێكبخرێته‌وه‌ و قه‌یرانی سیاسی و ئابووری چاره‌سه‌ر بكرێت.


حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وپه‌ڕی توانای بخاته‌گه‌ڕ له‌پێناوچاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانی دارایی و بێ مووچه‌یی كه‌ كاریگه‌ریی زۆر خراپی كرۆدته‌ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی توێژی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران و بازاڕو كارو كاسبی و چه‌ندین گرفتی دیكه‌ی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووه‌.


راشیگه‌یاند: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ داخوازی و داواكاری ره‌وای فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانداین كه‌ داوای مووچه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ركی حكومه‌ته‌ بۆیان دابین بكات.


كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و كادرانی مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانی ی.ن.ك كه‌ به‌ئاماده‌بوونی خاتوو نه‌رمین عوسمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی بۆردی پیشه‌ییه‌كان و سه‌رپه‌رشتیاری مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان كه‌ ئه‌مڕۆ (9/2/2016) باره‌گای مه‌كته‌ب به‌ڕێوه‌چوو، رۆشنایی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسی و ئابووری ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌ی به‌ ناوه‌رۆكی دوا كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان كرد له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیدا.


حاكم قادر سه‌باره‌ت قه‌یرانی سیاسی و دارایی و بێ مووچه‌یی وتی: پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك له‌به‌رچاو بگرین كه‌ له‌سه‌روو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تره‌وه‌یه‌، ناشبێت ره‌شبین بین به‌رامبه‌ر به‌م دۆخه‌، چونكه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌ چاره‌سه‌ری نه‌بێت.


 ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌مووان یه‌كده‌ست و یه‌كڕیز بن و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بده‌ن بۆ قه‌یرانه‌كان.


 وتیشی: هه‌ر جۆره‌ چاكسازییه‌كیش پێویسته‌ كۆده‌نگی له‌سه‌ر بێت، هه‌روه‌ك پێویسته‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت و هه‌ر رێوشوێنێك پشتیوانی یاسایی هه‌بێت و كاری یاسایی به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵكاران و پێشێلكارانی یاسا بگیرێته‌به‌ر.


له‌ ته‌ورێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌ی له‌نێوان هاووڵاتیان و حكومه‌تدا دروستبووه‌ هۆكاره‌كه‌ی نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و شاراوه‌یی داهاته‌كانی نه‌وت و شیرینی نه‌وت و گرێبه‌سته‌كانیه‌تی، كه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش به‌ كرانه‌وه‌ و شه‌فافیه‌تی زیاتر دێته‌دی و پێویسته‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان به‌ته‌واوی شه‌فاف بین.


سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانیش بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، حاكم قادر روونیكرده‌وه‌، كه‌ هیچ حزب و لایه‌نێك دژی سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆنووسین نییه‌ كه‌ مافێكی ره‌وای گه‌لی كورده‌ و پێویسته‌ هه‌موو تاكێكی كورد داكۆكی له‌و مافه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات، به‌ڵام به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر ریفراندۆمێك پێویسته‌ ناوخۆی ماڵی كورد رێكبخرێته‌وه‌ و قه‌یرانی سیاسی و ئابووری چاره‌سه‌ر بكرێت تا زامنی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ریفراندۆمه‌ بكات، له‌ هه‌مان كاتدا مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی په‌یوه‌ندی به‌ ته‌واوی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا كه‌سێك و ته‌نیا لایه‌نێك.


سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان ی.ن.ك و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، حاكم قادر وتی: له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دانیشتن و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌مان هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێكی سیاسی هه‌موو لایه‌نه‌كانیشی دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر حسابی هیچ حزب و لایه‌نێك نابێت و له‌دژی هیچ حزب و لایه‌نێكیش نابێت.


  هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پرسیار له‌سه‌ر كۆی بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی و باری ئابووری هه‌رێمی كوردستان خرانه‌ڕوو، كه‌ كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی روونكردنه‌وه‌ و وه‌ڵامی پێویستی دانه‌وه‌.


PUKmedia راگه‌یاندنی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket