riklam

«کوردایەتییەکان»ی پاش جەنگی گێتی

بیروڕا 01:32 PM - 2016-02-09
.

.

هەردی مەهدی میکە
«لە چاخی سەهۆڵبەنداندا ژوژوەکان بۆ ئەوەی رەق نەبنەوە، بڕیاریاندا لەسەر ئازاری دڕکەکانی پشتی یەکتر ئارام بگرن و لە پەنای یەکتردا گەرمی بە یەک بدەن. هەربۆیە ژوژوەکان تەنها گیانەوەرانێک بوون کە لەسەردەمی سەهۆڵبەنداندا بە زیندوێتی مانەوە». وەرگیراو فیلمی ئێرانی «چاخی سەهۆڵبەندان»بەرهەمی٢٠١٥.
راستی کوردبوون بۆ ئەم قۆناغە ئاڵۆزە پڕ قەیرانە سیاسی و ئابووروی و ئەمنیە ئەمە دەخوازێت واتە بە دڕکەکانیشەوە یەکمان قەبوڵ بێت.
جەنگی جیهانی یەکەم و کاردانەوەکانی پاشتری بۆ کورد، جیا لەوەی دابەشبونی سیاسی و جوگرافیانەی نوێی کوردستانە، هاوکات سەردەمی گۆڕانی گوتار و هاتنە کایەی چەندین مۆدێل و رووگەی جیاوازی سیاسەتکردنە لە سەر زەین و جوگرافیای کورداندا. گەرچی کاردانەوە و ستراتیژییان جیاواز و زۆرجاریش پێچەوانە دێتە پێشچاو، بەڵام هەموو روو لە یەک مەبەستن: «کورد و کوردستان چۆن وەک تورک، عەرەب و فارس خۆی بەڕێوەبەر بێت» ئیتر گرنگ نیە لە هەر فۆرمێکدا بێت. ئەمەش رێک واتە «کوردایەتی»، واتە فراوانتر لە ئایدۆلۆژیا و قیبلەی سیاسی، واتە کەس و زیاد له‌ ئاراستەیەک زیادە نین.
بە کۆتایی هاتنی جەنگی گێتی یەکه‌م و کاردانەوەی روداوەکان، دەستەبژێری سیاسی، سەربازی، عەشایەری و ئاینی کورد تێگەیشت کە کەوتوەتە ناو دنیایەکی نوێ-وە و چیتر لە زەینیدا لە بری «سەرزەمینی موسڵمان-نشین» و کاریگەری چەمکەکانی «جیهاد و غەزا بۆ سوڵتان و شا»ی موسڵمانان جێیان پێ لێژ بووە، سەردەمی  کارکردنە بە گوتارێک کە ئیتر ئاین ئاراستەکەری نییە و خودی ئاین لێرە بە دوا بۆ کورد کەم تا زۆر بەکارهێنراوە، لە کاتێکدا ئەم گوتارە رۆڵی کاریگەری وەک بەکارهێنراوێک تا کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمیش بینی.
سەرەتاکەشی لە لە نامە هەرگیز نەگەیشتوەکەی شێخ مەحمودی حەفیدە-وە بۆ ئینگلیزەوە تا روکردنە روسی سمکۆی شکاک و لە بە ئاگاهاتنەوەی کەسایەتییەکی وەک ئەمین زەکی بەگ-ەوە کە رای لە خزمەتی سوپا و دەوڵەتی عوسمانییەوە گۆڕدرا بۆ کێشانەوەی وێنای کوردبوون و «هەبوون»ی وەک «بوون»ی تورک و فارس و عەرەب بە مێژوو و نووسین دەردەکەوێت. کوردەکان ئیتر رووگەی سیاسی و ستراتیژی کارکردنیان روو لە خۆیانە و رووش دەکەنە هەرلایەک کە ئەم روو لەخۆبوون و «خۆییبوون»ەیان بۆ ئاسان و فەراهەم بکات. بە واتایەکیتر رووکردنە سیاسەتکردنێکە کە چەمکی «کوردبوون» و «بیرکردنەوە» وەک کورد دەبێتە تۆوی سیاسەتکردن نەک ئاین و خێڵ، ئەمەش بەو مانایە نا کە رۆڵیان نامێنێت، بە پێچەوانەوە رۆڵیان گەشە دەکات، بەڵام «بەکارهێنراون» بۆ پرسی کوردایەتی و دەبنە تەکنیک نەک ئامانج، چونکە لەم سەردەمە بە دواوە ئەوەی هەڕەشەی دەکەوێتە سەر «کوردبوون-ە» نەک «موسڵمانێتی» لەبەرئەوەیە خەباتی پێناوێت. بۆیە چەمکەکانی «غەزا و جیهاد و عەشرەت و خوێن» گەر بەکاریش هاتبن بۆ پاراستنی شوناسی کوردبوونە نەک لە پێناو سەزەمینی خەلافەت و سوڵتانەکان.

مۆدێلەکانی کوردبوون
بە شیکردنەوەی گوتار یان «گوتارە کوردییەکان»ی ئەو دەمە لە رێگەی ئەو سەرچاوە و یادداشتەکانی دەستی یەکەم و لە دیدی ئەو کەسانەوە شیبکرێتەوە کە لە رووداوەکانەوە نزیک بوون و رۆڵی سیاسیان هەبووە، بە مانایەکیتر هەوڵدراوە شیکار و راڤەی دەق و ناوەڕۆکی نووسین و چالاکییەکانیان بکرێ لە روانگەی شوناسی کوردبوون و هۆکاری چالاکییەکانیان و ئەنجامەکانی ئەو «کوردایەتییە جیاوازانە» دەردەکەوێت کرۆکی هەموویان «پاراستنی شوناسە» بە مانایەکیتر هەموو کوردایەتی بوون.
لە گرنگترین ئەو یاداشت و نووسین و بەڵگەنامانە بۆ دەرخەری کوردبوون و خەبات بۆ کوردایەتی دەکرێ ئەو نمونانە بە هەند وەرگیراون کە لەلایەک دەرخەری مۆدێلێکی «کوردبوون-ن و هەوڵیانە بۆ پاراستن و خۆییبوونی کورد لە چوارچێوەی دنیای تازەدا و لەلایەکیترەوە دەرخەری دید و ئاراستە و ستراتیژ و دنیابینی جیاوازی ئەو سیاسی و کەسایەتی و دەستەبژێرانەی کوردە و هەرلایە و بە باوەڕی خۆی سەرگەرمی جۆرە کوردایەتییەکە، (مۆدێلەکان) یان نمونەکان:
١.شێخ مەحمود لە شەڕی شوعەیبەوە تا ئینگلیز و پاشان و تورک و ئێران بە پشتبەستن بە یاداشتەکانی رەفیق حیلمی و ئەحمەد خواجە،
٢.مۆدێلی رەواندز کە دەتوانێ نوێنەرایەتی ئەو کوردانەی دیکەش لە ورمێ و موکریان و شەمدینان بکات کە رووگەیان تورکیا بووە بۆ پاراستنی شوناس و دەستخستنی مافی کوردان و هەموو تەقەلایەکیان خستە کار تا لەرێی ستراتیژی پشت بەستن بە تورک کوردبوون و کیانی بسەلمێنرێ.
٣. ئەو دەستەبژێرە سیاسییە و ئەو مۆدێلە ناوچەییانەی تر کە دوای جەنگ باوەڕیان بە شوێنکەوتنی ئینگلیز بوو بۆ دەستەبەری مافەکانی کورد و لانیکەم کەمترین زیان کە هەریەک (مستەفا پاشای یاموڵکی و نوسەرانی رۆژنامەکانی تێگەیشتنی راستی و پێشکەوتن-ی ئینگلیز لە بەغدا و سلێمانی وەک: رەسوڵ ناجی و شێخ نوری و ئەوانی دیکه‌، یان زیاد لەپێویست دژە تورک بوون وەک شێخ نووری شێخ ساڵح یان لانیزۆر لایەنگری ئینگلیزی بێقەید بوون وەک رەسوڵ ناجی، هەروەها هەریەک لە ئاغایانی پشدەر بۆ پاراستنی کیانی عەشایەری ناوچەکە و عادیلە خانمی هەڵەبجە کە خزمەت و بنیادنانی مۆدێرنانەی شار و بەهەدەرنەدانی عەبەسیانەی خوێن لەشەڕی ئینگلیزدا لە گرنگترین باوەڕەکانیان بوو). دەتوانن نوێنەری ئەو دەنگانەی ئەو گوتار و مۆدێلە بن کە باوەڕیان بە ئینگلیز بوو بۆ گەیشتن بە ماف و دەستکەوت و وەستانەوە دژی تورک و عەرەب. بۆ روونکردنەوەی ریشەی ئەم تەوژمە سیاسیە پش دەبەسترێت بە بەڵگەنامەکانی ئینگلیز و یاداشتی ئەفسەرانی ئینگلیز و یاداشت و نووسینی کوردانی دیکەی هاوچەرخی ئەو کەسانە و ئەو نووسین و وتار و راپۆرتانەی کە لەو دەمەدا نوسراون: وەک یاداشتەکانی ئەدمۆندز، نووسینەکانی مێجەرسۆن، وتارەکانی شێخ نوری شێخ ساڵح و رەسوڵ ناجی لە پێشکەوتن، چاوپێکەوتنەکەی سمکۆ لەلایەن مستەفا پاشای یاموڵکی و بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کە باوەڕی ئەم مۆدێلەی کوردەکان روون دەکەنەوە.
٤.مۆدێلی ئەو رۆشنبیر و سیاسی و ئەفسەرە کوردە دیارە «ئەستەنبوڵیانە»ن کە دواتر لە بەغدا گیرسانەوە، ئەمانە لە ئەنجامی چالاکیەکانیانەوە دەتوانڕێت ئەوە بخوێنرێتەوە کە باوەڕیان بە فەراهەمی هاولاتیبوون و مافەکان بوو لە چوارچێوەی عێراق یان هەر کیانێکی سیاسیدا بێت بە مەرجێ شوناسی کلتوری هاووڵاتی کورد پارێزراو بێت، کە دەتوانرێت ئەمین زەکی بەگ کە هەم وەک مێژونووس و ئەنگێزەکانی پێش و پاش جەنگی لە نووسراوەکانیدا و هەم وەک سیاسی و سەربازیەک چالاکیەکانی وەک ئەفسەر و وەزیر و پەرلەمانتار بکریتە نمونەی بالای ئەم مۆدێلە دەستەبژێرە کە ئەوانیش بە دیدی خۆیان کوردایەتی خۆیان لە چەسپاندنی مافەکانی کوردبووندا لە چوارچیوەی «عێراقێکی مۆدێرنکراو»دا بهێننەدی، بۆ سەلماندی ئەم پێدراوەش دەکرێ پێشەکی کتێبی خولاسەی مێژووی کورد و کوردستان و یاداشتەکانی دوو ساڵ نیابەتی و نامەی دوو تەقەلای بێسود-کەی دەلیلی نایاب بن بۆ رونکردنەوەی ئەندێشەکانی ئەو مۆدێلەی کە هاوشێوەی ئەمین زەکی بەگ بوون. ئەڵبەتە زۆرێک لە چالاکیەکانی تۆفیق وەهبی بەگ و ساڵح زەکی ساحێبقران-یش دەچنە ئەم خانەیەوە و سەعید قەزازیش رەنگە دوا میراتگری ئەم مۆدێلە بێت.     
بەڵام پرسیاری جدی لەسەر هەموو تەوژم و کوردایەتییەکان ئەوەیە: لەململانێ باوەکان و لە چوارچێوەی دەوڵەتە داڕێژراوەکانی ناوچەکەدا بۆچی بەم هەموو ئاراستە جیاوازانە هه‌ن، بەلام کوردەکان هەر لە «دۆڕاوە سیاسیەکان» بوون؟! بۆچی لای ئێمە هەموومان دەدۆڕێین؟! لە کاتێکدا هەموویان کوردن و بۆئامانجی گروپەکانیان و ناوچەکەیان کۆشاون و تەماحێکی زیاتریان نەبووە؟
ئەگەر بە راگوزەری و خێرا بڵێین رەنگە هۆکاری ئەوە بێت کە کلتوری دنیای پێشین و رکابەری و نفوزە پێشینەکان و کاریگەریان (تەریقەت و ئاغاو شێخ و خوێنەوارەکان) یان گواستۆتەوە بۆ ململانێی ناو هێزە «هاوچەرخەکان» بە رەنگ و بۆی تازەوە، بەڵام بە هەمان جەوهەرەوە. خاڵێکی تری گرنگ کە شایستەی توێژینەوەی وردترە ئەوەیە: ناکۆکیەکان بەئاراستەی تەواو کاری (التکامل) دانەبراون و وەبەرنەهێنران و لەبری ئەوە پشتتێکردن و ململانێکان و پێکدادانی ئابوری و نفوزی ناوچەیی بوونە گوتار نەک «کوردبوون».

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket