riklam

ئەنجومەنی ناوەندی میوانداری لێپرسراوانی پەیوەندییەكانی یەكێتی دەكات

ی.ن.ک‌‌ 09:54 PM - 2015-11-29
 عادل موراد: ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستی بەیەكڕیزی نیشتمانیە

عادل موراد: ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستی بەیەكڕیزی نیشتمانیە

ئەمڕۆ 2015/11/29 كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمیوانداری سەعدی ئەحمەد پیرە لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتیەكانی (ی.ن.ك) و عەبدولرەزاق فەیلی لێپرسراوی پەیوەندیەكانی دەرەوەو وەفدی یاوەری كە پێكهاتبوون لە مامۆستا ئیكرام بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكان، وشیار عەبدولڕەحمان لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەكانی كەركوك، یاسین سابیر لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەكانی ئێران، سەعدون فەیلی لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە نیشتمانیەكان و زۆرینەی ئەندامانی مەكتەب بەڕێوەچوو . 

سەرەتای كۆبونەوەكە بە دەستپێكی رێزگرتن لە سەروەرانی نیشتیمان دەستیپێكرد، پاشان عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی تیشكی خستە سەر دواین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسیەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكە.

لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانەوە ،َ عادل موراد وتی: ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان زۆر هەستیارەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە دەكات و دەیەوێت لەڕێگای دانیشتن و گفتوگۆوە كێشەكان لە نێوان لایەنەكاندا چارەسەر بكرێت، چونكە ئەم قۆناغەی ئێستا زۆر پێویستی بەیەكڕیزی نیشتمانی هەیە، وتیشی: پێویستە مەلەفی نەوت شەفاف بكرێت و پارەی هەناردەكردنی نەوت بدرێتە هاووڵاتیان و موچەی فەرمانبەرانی پێبدرێت و ناشەفافی ئەو مەلەفەش بوەتە هۆی ئاڵۆزبونی پەیوەندیەكانی بەغداو هەرێم و پێویستە بەگفتوگۆ لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەردوولا چارەسەر بكرێت.

لەبارەی سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ وڵاتانی كەنداو ، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی رایگەیاند: پێویست بوو پێش سەردانەكە ، بارزانی لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكاندا گفتوگۆ و راوێژی بكردایە بۆ ئەوەی لە وڵاتانی جیهان و ناوچەكە یەكهەڵوێست بین بەتایبەت لایەنە سەرەكیەكانی بەشدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان. 

سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی لەبارەی بارودۆخی باكوری كوردستان ئەوەی خستەروو: بارودۆخی باكوری كوردستان ئاڵۆزەو پارتی دادو گەشەپێدان  بەرپرسە لەو بارودۆخە و تێكچونی پرۆسی ئاشتی لەو وڵاتە، بەداخەوە  لەم رۆژانەدا دەزگا ئەمنیەكان  بەناحەق خوێنی تاهیر ئاڵچی سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەدیان رشت كە تاوانەكەی تەنها ئەوە بوو كە بە پەكەكەی نەوت تیرۆرست، هەروەها رەفتارو مامەڵەی دەزگا ئەمنیەكان لەگەڵ هاووڵاتیانی كورد زۆر نابەرپرسیارانەیە.

عادل موراد لە ساڵیادی دامەزارندنی پارتی كرێكاركارانی كوردستاندا وێرای پیرۆزبایی كردن لە بەرپرسان و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو پارتە باسی سەرەتای دامەزارندنی پەكەكەی كرد  و وتی: ئەوكاتەی كە لە بەیروت بوین و بەرپرسانی ئەو پارتەمان لەوێ دەبینی هەتا ئێستا هۆكارێكی خێربوین بۆیان و لەزۆربەری قۆناغەكاندا یارمەتیدەرو هەمەهانگیان بووین ئەو پەیوەندییەشمان هەتا ئێستا بەردەوامە .

لەبارەی گۆرانكارییەكانی ناوچەكەش، عادل موراد ئاماژەی بۆئەوەكرد : لەدوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە روسیەكە لەلایەن توركیاوە بارودۆخەكە گۆڕاوەو هیوادارین شەڕ روونەدات و كێشەكە لەوە زیاتر گەورە نەبێت، چونكە تەنها كورد زەرەمەند دەبێت و ئەو ئیدارە زاتیەیی لە رۆژئاوا دروست بوە دەكەوێتە مەترسیەوە.

سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی لە درێژەی قسەكانیدا  باسی گرنگی پەیوەندییەكان  بۆ هەر حزبێكی سیاسی كردو بەیەكێك لە فاكتەرە هەر بەهێزەكانی لایەنی سیاسی وەسف كرد.

وێڕای خستەرووی هەندێك سەرنج و پێشنیار دەستخۆشی لە هەڤاڵانی مەكتەبی پەیوەندییە گشتیەكانی (ی.ن.ك) كردو رایگەیاند: ئەو كارانەی ئەنجامیانداوە بەهەوڵ و تەقەڵای ئەم برادەرانەمان بوە، باسیشی لەوەشكرد كە پێویستە پێداچونەوە بەهەیكەلی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێمدا بكرێت، كە تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێوەی دەبات و بەداخەوە یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی تێدا نیە .

هەر لە كۆبونەوەكەدا راپۆرتی كۆمسیۆنی چاودێری پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی ناوەندی خوێندرایەوە كە لەماوەی رابردوودا لەسەر مەكتەبی پەیوەندییە گشتیەكان ئامادە كرابوو چەندین راسپاردە و پێشنیاری لە خۆ گرتبوو.

پاشان سەعدی ئەحمەد پیرە لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتیەكانی یەكێتی زۆر سوپاسی ئەنجومەنی ناوەندی كرد بۆ ئەو میواندارییە و لەبارەی راپۆرتەكەشەوە وتی: راپۆرتێكی زۆر تێرو تەسەل بوو، چاودێریكردنی ئەنجومەنی ناوەندی گەورەترین پشتیوانیە بۆ ئێمە، چونكە هەر كەسێك لە كاردا بوو پێویستە چاودێری بكرێت ئەگەر باشی كردبوو باشتر بكرێت و ئەگەر خراپیش بوو لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی: راپۆرتەكەو قسەكانی عادل موراد بەهەند وەردەگرین، هەر لەسەرەتای دەمەزراندنی یەكێتی زۆر سودمان لە عادل موراد وەرگرت، بەهۆی ئەو پەیوەندیە بەرفراوانەی لەگەڵ كەسایەتیە سیاسی و دیبلۆماسیەكاندا هەیبوو، دەورێكی ئیكجار گەوەرەی هەبوو لە دامەزراندنی پەیوەندییەكانی یەكێتی .

وتیشی لە ئێستادا پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر باشەو نوێنەری لەچەندین وڵاتی جیهاندا هەیە و هەمیشە لەهەوڵداین كە پەیوەندییەكانمان لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق و ناوچەكە و جیهان بەهێزتر بكەین .

پاشان دەرگای گفتوگۆ لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەن و وەفدی مەكتەبی پەیوەندییە گشتیەكاندا كرایەوە و گفتوگۆی چڕوپڕ و هەڤاڵانە ئەنجامدرا.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket