riklam

فه‌لاح مسته‌فا بۆ PUKmedia: داوامان له‌كه‌نه‌دا كرد به‌رده‌وام بێت له‌شه‌ڕی دژی تیرۆر

تاراوگە‌‌ 01:08 PM - 2015-11-28
هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌رمایه‌دار و بزنسمانی ئه‌م وڵاته‌ زیاتر به‌ كوردستان ئاشنا بكه‌ین

هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌رمایه‌دار و بزنسمانی ئه‌م وڵاته‌ زیاتر به‌ كوردستان ئاشنا بكه‌ین

له‌سه‌ر بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی بازرگانی كه‌نه‌دی – كوردستان، ئێواره‌ی رۆژی ٢٦/١١/٢٠١٥ به‌ئاماده‌بوونی به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتۆن و جیم كرجیانیس په‌رله‌مانتاری پێشووی فیدراڵ و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی تورونتنۆ هه‌روه‌ها سڤین سپیجمان ئه‌ندام په‌رله‌مانی فیدراڵی كه‌نه‌دا و وه‌فدی كۆمیته‌ی رێكخستنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كان و ژماره‌یه‌ك بزنسمانی عیراقی و كه‌نه‌دی ، ئێواره‌خوانێك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی بازرگانی كوردستان و هاوكاری كۆمه‌ڵه‌ی بازرگانی عیراقی – كه‌نه‌دی  بۆ فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و میوانه‌كان  رێكخرا .


سه‌ره‌تا به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان له‌ لایه‌ن مه‌ریوان كێسته‌یی كۆڕه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد .


پاشان سه‌رتیپ كاكه‌یی لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی بازرگانی كه‌نه‌دا - كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكرد، وێرای به‌خێرهاتنی میوانه‌كان  ئاماژه‌ی به‌ ئامانجی كۆڕه‌كه‌دا و  وتی، هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌رمایه‌دار و بزنسمانی ئه‌م وڵاته‌ زیاتر به‌ كوردستان ئاشنا بكه‌ین بۆ  ئه‌وه‌ی  په‌ڕه‌ به‌ پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بده‌ین . له‌ به‌شێكی وته‌كه‌یدا كاكه‌یی تیشكی خسته‌ سه‌ر چالاكیه‌كانی ئه‌نجومه‌ن له‌ماوه‌ی رابووردودا به‌ هاوكاری جیم كرجیانیس سه‌ردانی كوردستانیان كردووه‌ بۆ پته‌و كردنی په‌یوه‌ندی سیاسی و بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی كه‌نه‌دا به‌تایبه‌ت له‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ .


فه‌لاح مسته‌فا نوێنه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌تا خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری كه‌سایه‌تی و نوێنه‌ری لایه‌ن و رێكخراوه‌كان و میوانان نیشاندا و پاشان له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌ پێشكه‌وتنی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان كرد وتی، له‌ دوای ٢٠٠٣ و  روخانی رژێمی پێشووی به‌عس و جێگیربوونی ئاسایش له‌هه‌رێمی كوردستان  پرۆژه‌كانی بوونیاتنانی ژێرخانی  كوردستان ده‌ستیپێكردو توانیمان له‌ رێگه‌ی كۆمپانیا و بازرگانه‌كانه‌وه‌ پرۆژه‌ی گرنگ له‌ كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ین ، فه‌لاح مسته‌فا هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ زۆر گرنگ بوون بۆ كار ئاسانی هاتنی سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن پرۆژه‌ له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ وه‌هه‌روه‌ها بۆ سه‌ردانی هاوڵاتیانی خه‌ڵكی  كورد ستان و عیراقیش زۆر سوودمه‌ندبوو،  نوێنه‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌به‌شێكی وته‌كه‌یدا تیشكی خسته‌سه‌ر بارودۆخی كوردستان و ناوچه‌كه‌و وتی ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش ته‌نها  به‌رگری له‌خاكی كوردستان ناكات، به‌ڵكو له‌جیاتی وڵاتانی جیهان بۆ سه‌قامگیری ئارامی و ئاسایش له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ شه‌ڕی تیرۆرستان دایه‌ ، خۆشبه‌ختانه‌ به‌هاوكاری وڵاتانی هاوپه‌یمانان توانرا چه‌كدارانی داعشی تیرۆرست  تێكبشكێنین له‌ ناوچه‌كه‌ دووریان بخه‌ینه‌وه‌ .


له‌كۆتاییدا نوێنه‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی كه‌نه‌دای كرد كه‌له‌ چوار چێوه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان هاوكاری سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ یان كردووه‌ و كۆمه‌ك و یارمه‌تیشان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان گه‌یاندوو .


له‌ لێدوانێكدا بۆ PUKmedia، فه‌لاح مسته‌فا مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كه‌نه‌دا روونكرده‌وه‌ و وتی: وه‌كو په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بانگهێشت كراین بۆ به‌شداری كردن له‌كۆنگره‌ی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌شاری هالیفاكس – ی كه‌نه‌دا به‌ڕێوه‌چوو.


 نوێنه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم راشیگه‌یاند: له‌كۆنگره‌كه‌دا داوامان له‌ وڵاتانی هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی كه‌نه‌دا كرد له‌شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر به‌رده‌وام بن له‌هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌مڕۆ له‌ جیاتی جیهان بۆ سه‌قامگیری ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌دایه‌ .


دواتر ژماره‌یه‌ك وتار له‌لایه‌ن كازم ته‌قی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی بازرگانی عیراقی – كه‌نه‌دی و جیم كرجیانیس  ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی تورونتۆ و به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتۆن و سڤین سپیجمان ئه‌ندام په‌رله‌مانی فیدراڵی كه‌نه‌دا پێشكه‌شكران ، به‌گشتی وتاره‌كان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سه‌ردانی نوێنه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌نه‌دا نیشاندا و ئاماژه‌یان به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕی توندڕه‌وه‌كانی داعش داو خوازیاریشن په‌یوه‌ندی كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داران له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم پته‌وتر بێت تا له‌ دوای كۆتایی هێنان به‌ بارودۆخی شه‌ڕی تیرۆر و سه‌قامگیری ئاسایش له‌ عێراق  پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانی عێراق و كوردستان دووباره‌ گرنگی پێبدرێت .


جیم كرجیانیس ئه‌ندامی شاره‌وانی تورونتۆ  به‌بۆنه‌ی هاتنی نوێنه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕوانامه‌ی رێزلێنانی پێشكه‌ش به‌ فه‌لاح به‌كر مسته‌فا كرد ، لای خۆیه‌وه‌ به‌رێزیان سوپاس و پێزانینی خۆی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ئاڕاسته‌ی شاره‌وانی تورونتۆ و جیم كریجیانیس كرد بۆ ئه‌و دیارییه‌ به‌نرخه‌ .
جێی ئاماژه‌یه‌، فه‌لاح مسته‌فا له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كه‌نه‌دا، وێڕای به‌شداریكردنی له‌ كۆنگره‌ی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هالیفاكس ، سه‌ردانی كۆمه‌ڵه‌ی كوردی كاڵگه‌ری و باڵیوزخانه‌ی عراق له‌ئۆتاوای پایته‌خت كرد، هه‌روه‌ها رۆژی هه‌ینی ٢٧/١١  له‌ستی هۆڵ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی تۆرونتو پێشوازی لێده‌كرێت  .

PUKmedia عوسمان عه‌لی / تۆرۆنتۆ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket