riklam

نۆرنبێرگ لەدیدارێكی روناكبیری ناوەندی پێكەوە ژیانی كوردو ئاڵماندا

تاراوگە‌‌ 06:50 PM - 2015-11-27
.

.

لەنێوان رۆژانی ٢٠ بۆ ٢٢ی ئەم مانگە،  لەناوەندی پێكەوە ژیانی كوردو ئاڵمان لەنۆرنبێرگی ئەڵمانیا دیداری روناكبیری كوردی بەڕێوەچو، لەم دیدارەدا چەندین بابەتی گرنگ لەسەرچەمكە مەعریفیەكان و رۆژنامەنوسی و ریشەی توندڕەوی و بابەتی سێكسیزم و رۆژنامەنوسی پێشكەشكراو گفتوگۆی چروپڕو لەسەر بابەتەكان لەماوەی دوو رۆژداو بەدانیشتنی جیاواز ئامانجی دیدارەكەی پێكاو بووە عەڵقەیەكی تری ئەو زنجیرەی چالاكی و كۆڕو سیمنیارانەی كە لەچەند ساڵی رابردودا ئەم ناوەندە بەخشیویەتی، سیمنیارەكانیش لەلایەن تریفە ئەحمەدەوە بەشێوەیەكی جوان ئیدارە دەكرا، بەرنامەكە ئەم بابەتانەی لەخۆگرتبوو:

ئیسلام خاوەنی توندو تیژی نیە..!!بەڵام خۆیان دەكەنە خاوەنی..!!

*دانیشتنی دیاری یەكەمین رۆژ..تایبەتبوو بەنوسەری ناسراو پسپۆڕ لەپرسی ئیسلامی ئسوڵیدا(مەریوان هەڵەبجەیی) بەناونیشانی: (ڕەگ وڕیشەی دروشمی ئاشتی وڕەفتاری خوێناوی لەئیسلام)دا لەتوێژینەوەكەیدا زەنگێكی بەرچاوڕونی و بەئاگاهێنانەوەیەكی ئازایانەی تری لێدا..!!

*(رەگ و ریشەی دروشمی ئاشتی و رەفتاری خوێناوی لەئیسلام)دا، ناونیشانی ئەوباسە گرنگ و پڕمانایەبوو كە نوسەری ناسراو مەریوان هەڵەبجەیی پێشكەشیكرد، هەڵەبجەیی لەلێكۆڵینەوەكەیدا زەنگێكی بەرچاوڕونی وبەئاگاهێنانەوەیەكی ئازایانەی تری لێداو بەڵگەكانی خستەبەردەم بیركردنەوەمان وهوشیاری راچڵەكاندین..! وەك نوسەرێك پێیوابوو شتێك نیە،دەقێك نیە، لەڕوانگەی چەمكە مەعریفیەكانەوە قسەو باسی لەسەر نەكرێ و هێڵی سوری بۆدانرابێ.!پێیوابوو هیچ شتێك نیە ئەگەر لەسنوری مەنتقی زانستی و لێكۆڵینەوەدا دوور لەتانەو تەشەربێ، لێكۆڵینەوە هەڵنەگرێ وتیشی ناونیشانی باسەكەم چوارچێوەكەی بنەماكانی توێژینەوەی زانستیە بۆیە هەوڵمداوە لەوچوارچێوەیەدا بەدواداچونی خۆم بكەم..بەوئامانجەی ڕاستیەكان بخەمە بەرچاو هەروەكو چۆن شیكاری زانایانی ئیسلام بۆدەقەكانی قورئان هەیە لەدەرەوەی بازنەی تێڕوانیەنەكانی ئیسلامیش یان باشتر بڵێین لەڕوانگەی زانستی لیكۆڵینەوە خوێندنەوەی جیاواز هەیە كەدواجار هەموو ئەمانە كاریگەریان لەسەر عەقڵ دەبێ و وەك چەمكێكی مەعریفی رێگاكان شیدەكاتەوە..لەسەر ئەوبنەمایە باسەكەی مەریوان هەڵەبجەیی بارگاوی بوو بەچەندین دیكۆمێنتی مێژوویی وئاماژەی بیروبۆچونە جیاوازەكان وسەرچاوەكانی لێكۆڵینەوەو مەزهەب ودەقە ئاینیەكان..باسێكی چڕوپڕی بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە پیشكەشكرد، مەریوان هەڵەبجەیی باسەكەی بارگاوی بەچەندین ئایەت لەڕێگەی ڤیدیۆ سكرین و خوێندنەوەی ئەو دەقانەوە خستەبەرچاو

نوسەر لەباسەكەیدا،قۆناغەكانی ناسینی دەقی قورئان و وتاری توندوتیژی..!!بارگاوی بەچەندین ئایەت لەرێگەی ڤیدیۆ سكرین وخوێندنەوەی ئەو دەقانەوە خستەبەرچاو وباسی لەمێژووی نوسینەوەی قورئان كردوو هەنگاوەكانی نوسینەوەی قورئانی لەماوەی ٢٣ساڵی نوسینەوەدا ڕونكردەوەو پێی وابوو كەقورئان بەدو قۆناغ نوسراوەتەوەو تێكڕای ئەو ٢٣ ساڵەشی رونكردەوە كە ١٣ ساڵی لەمەككەو دەوروبەری بووەو ١٠ ساڵی تریش بەقۆناغی مەدینەو دەوروبەری ناسراوە.

مەریوان هەڵەبجەیی شیكاریەكی وردو بەدواداچونێكی زانستیانەی بۆكردو پێی وابوو نوسینەوەی ئەودەقانە پەیوەندی بەڕوداوو كارەساتەكانی ئەو دوقۆناغەوە هەبووەو چەندین ئایەتی بەنمونە هێنایەوەو كەوەك رەنگدانەوەی روداوو كارەسات نوسراوەتەوە، نوسەرباسی لەشێوازە جیاوازەكانی نوسینەوەی قورئان وكاریگەریەكانی لەسەر دروستكردنی كیشەكانكرد لەمەسحەفەكاندا،باسی لەچۆنیەتی كۆكردنەوە وچۆنیەتی هەڵبژاردنی ئایەتەكان و دروستكردنی سورەتەكان وچۆنیەتی دانانی ناوەكانیان..

مەریوان هەڵەبجەی: بەپێی پێداویستیەكانی ئەوسەردەمە ئایەتەكان دانراون!

سەرنجی بەشداربوانی بۆئەوەش راكێشا كەسورەتەكان ریزبەندی مێژووییان نیەو تێكەڵ و پێكەڵی و شپرزەیی پێوە دیارە..لەمیانەی ئەم تەوەرەدا نمونەی بەچەندین كەسایەتی ئەبی بن كعب وعەلی كوری ئەبوتاڵیب داو ڕونیشیكردەوە ئایەتەكانی ژنان بەپەرش وبڵاوی دانراوە بۆنمونە سورەتاكانی بەقەرەو ئەلمائدەو نورو ئەحزابی هێنایەوەو ئەوەی سەلماند كەبەپێی پێداویستیەكانی ئەوسەردەمە ئایەتەكان دانراون، باسی لەخاڵە لاوازەكان كردو لەسەر هەڵە زمانەوانیەكان ڕاوەستا،خاڵە لاوازەكانی خستەبەرچاوو پێشی وابوو كەس نیە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئیسلام بكات هەركەسەو چۆنی پێخۆشە بەشێوەیەك لەگەڵ ئەخلاق و بەرژەوەندیەكانی خۆیدا بگونجێ دێت و دەقێكی ئاینی بۆ دەگونجینێ..!

زانایانی ئیسلام خۆیان باسیان كردووە باوەڕیان بە (ناسخ و مەنسوخ)هەیە

 سەبارەت بەخاڵە لاوازەكان باسی لەكۆیلەبونی مرۆڤ كردو وتیشی: قسەم لەسەر كەسێك نیە دەروێشانە هەڵگری پەیامی دینی بێ، بەڵكو رووی قسەم لەگەل ئەوانەیە كەخۆیان دەكەنە دەم راستی ئەو پەیامە ئاینیە..!نوسەر پێی وابوو هۆكارە چینایەتیەكان،كۆیلایەتی..بەنمونەی موسەیەرەو مەخەیەر وەك درۆو توڕەیی كەبۆ ئەمانە دەق دروستكراوە..!!زانی وچەندین نمونەی خستەبەرچاو جگەلەوەی خەلافەت و حوكمڕانی  بۆهەموو ئەمانەو چەندین نمونەی تری باسكردو هەوڵیدا ئەوەبسەلمێنی ئەودەقانە جگەلەدروستكردن وخوڵقاندنی توندوتیژی شتێكیتر نەبووە.

باسی لەتەفسیری ئەودەقانەكرد لەوانە هۆكارەكانی دابەزین ونەسخ لەودەقانەدا،باسی حوكمەكانی لەئایەتەكانداكرد بۆنمونە وتی ڕەجم لەقورئاندا نیە چونكە نەسخ بۆتەوەو بەڵام حوكمەكەیان هیشتۆتەوە لەم بارەیەوە وتی بۆنمونە دەقی تیایە ١٠ جار باسی مژینی مەمك دەكات و ئایەتمان هەیە، بەڵام حوكمەكەی وەستاوەو ئایەتێكی تر هەیە چۆتە شوێنی..!باسی جۆرەكانی نەسخی كرد لەقورئانداو ئاماژەی بەسورەتی(بەقەرە)داو دواتر پێگەكانی نەسخی لەودەقانەدا رونكردەوە،باسی سێكس فرۆشیكرد لەئیسلامداو ئاشكراشیكرد كەزانایانی ئیسلام خۆیان باسیان كردووە وەك بوخاری صحیح موسلم،سننو چەندینی تر بڕوایان بەناسخ و مەنسوخ هەبووە.

توندوتیژی دیاردەیەكی مێژووكردەو بەشێكە لەسیفەتی ئینسان بەدرێژایی هەموو قۆناغەكان و لەهەر قۆناغ و ناوچەیەك بەجۆریك سەری هەڵداوە ئیسلام خاوەنی نیە بەلام ئیسلام خۆی دەكات بەخاوەنی.!!

سەبارەت بەتوندو تیژی مەریوان هەڵەبجەیی سەرچاوەی توندوتیژی لەهەلومەرجی شەروشۆری ئیسلامدا خستەڕوو پێی وابوو توندو تیژی دیاردەیەكی مێژووكردەو بەشێكە لەسیفەتی ئینسان بەدرێژایی هەموو قۆناغەكان و لەهەر قۆناغ و ناوچەیەك بەجۆریك سەری هەڵداوە ئیسلام خاوەنی نیە بەلام ئیسلام خۆی دەكات بەخاوەنی..!جەنگی رووبەڕو،هەڵكوتانەسەر،تاڵانكردن، شەقاوەبوون، سەربڕین، ئەنفال و باسی لەبەرهەمەكانی ئەوتوندوتیژیەكرد كە ئیسلام خۆیكرد بەخاوەنی..لەوانە بەكۆیلەكردن،كەنیزەك كردن،باسی لەنەرم ونیانی وتارەكانی محەمەد كرد لەمەكەو گومانی كافرەكانی رونكردەوە لەونەرم ونیانیە..!!بەڵام دوای شەری بەدر سیستمی توندوتیژی تێكەڵ بەژیانی موسولمَانان بوو لەم بارەیەوە چەند ئایەتێكی كردە نمونەو دوا قۆناغەكانی زمانی خوێناوی بەسورەتی غەزای بەدر هێنایەوەو كیشەكانی دوای غەزای بەدری خستەبەرچاو لەكوشتنی دیلەكان وسورەتی ٦٩ی ئەنفالی كردە بەڵگەو لەگەڵ چەند سورەتێكی تردا شیكاری وردو زانستایەنی بۆ كرد..نمونەیەكی تری بەسورەتی(تۆبە) هێنایەوە كەدەڵی شەری هەموو ئەوانە بكەن بڕوایان بەخواو رۆژی قیانەت نیەو دەبێ بكوژرێن تەنانەت ئەوانەش كەكتێبی ئاسمانیان بۆنێردراوە ئەوان یان دەبێ جزیە بدەن یان كوشتن،باسی لەسورەتەكانی ئەنفال ٩١،١١٤و نەسخ كردنەوەی ئەوسورەتانەی كەپەیوەندیان بەپێكەوە ژیانی ئاشتیانە هەیە.دواجار بەراوردێكی شیكاری لەنێوان زمانی مەككەو مەدینەداكردو باسی لەفتوا بەناوبانگەكەی ئیبن تەمیمەكرد..پێشی وابوو شپرزەییەك لەنوسینەوەی دەقی قورئاندا هەیەو باسی زمان وئەخلاقی موسولمَانانی لەنێوان دروشمی ئاشتی و رەفتاری خوێناویداكردو لەم بارەیەوە وتی بۆمان دەردەكەوێ توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەو محەمەد ویستی لەمەككە بیگۆڕێ، بەڵام نەیتوانی ودەبینی لەناو قورئاندا مرۆڤ دەتوانێ بەئایەتێك كوشتن،تاڵانكردن.سەربڕین،حەڵاڵ بكات، بەڵام بەپێچەوانەوە لەئاینی(بودی)دا لەناو ئینجیلدا،لەزەردەشتیدا خەڵكی خۆی لەشتی خراپدا نابینێتەوە..لەسیمنیارەكەدا گفتوگۆیەكی چروپڕ ئەوەندی تر ئەوباسە هەستیارەی گەرم و گوڕ كردو بەچەپڵە رێزانەوە دەستخۆشی لەمەریوان هەڵەبجەیی كرا.

 

*دانیشتنێكی تری یەكەمین ڕۆژ بۆ ناهدە موكری بەناونیشانی:

(سێكسیزم هۆكارو فۆڕمە جیاوازەكانی لەكۆمەڵگەی كوردەواریدا)

نوسەروچالاكوانی بواری ئازادی و ژنان ناهدە موكری بەناونیشانی(سێكسیزم هۆكارو فۆڕمە جیاوازەكانی لەكۆمەڵگەی كوردەواریدا)بابەتێكی هەستیاری پێشكەشكرد.

ئەم خانمە زۆر ئازایانە بەهۆشیاریەكی باشەوە لەسەر چەمكی سێكسیزم و كۆمەڵگەی كوردەواری راوەستا، سەرەتا پێناسی چەمكی ژنانی لەدیدی كۆمەڵناسانەوە كردو ڕونیكردەوە هەر مرۆڤیك لەزانستی سێكسیزم دا پێناسەی خۆی هەیەو(مێ بوون ونێربون وئەوانی تر)دیارن، بەڵام كێشەكان زیاتر لەسەر ژن چربۆتەوە..!!نوسەر باسی سێكسیزمی توندوتیژی بەخراپترین شێوكان سەیركردو لەم بارەیەوە وتی: هەندێك پێیان وایە ژن دەبێ لەشوشەدا دابنرێ و كەس دەستی بۆنەبا تاكاڵ نەبێتەوەو نەژاكێ و بۆ سێكسێكی دیاریكراو قەتیس بێ ..ناهدە موكریانی باسی لەسێكسیزمی ڕەفتاری كردو هەڵوەستەی لەسەر ئەو بۆچون و عەقڵیەتانەكرد كەپێیانوایە لەبەر ئەوەی كەژنە بەسوكی سەیری بكرێ،لەبەر ئەوەی ژن بەترسنۆك لەبەرامبەر سێكس پیناسە دەكرێ،لەبەر ئەوەی پیاو ئازایە..!!سێكسیزمی رەفتاریی بەوجۆرە خوێندەوە..!واتە چۆن هەڵسوكەوت دەكەین وا مامەڵە بكەین.

 وتیشی:ئێمە هەم قوربانیمان هەیە هەم بوینەتە قوربانی خەڵكانیتر لەقسەی ناخۆش لەكاردانەوەی ناشیرین،كەلەتوانایدایە خەسارەتێكی زۆری فكری و ڕۆحی زۆر شتی تریش پیشاند بدات هەروەكو چۆن بەیەك حەرەكەی بچوك لەلایەن پیاوانەوە ژنان توشی شكست و دڵەڕاوكێ و ترس دەبن..!یان زۆرجار ژن واتە سفركردنەوەو لەوەش زیاتر سوكایەتی كەدەڵێن فلان كەس ژنی حیزە..!زمانی دەرزی و زبرو توند،ئازاری سێكسی وبەردەوام ژنان دەشكینن و لەم بارەیەوە ئەو دابەش بوونەی باسكرد بەسەرچاكەو خراپەدا هەرچی باشە بۆ پیاوەو هەرچی خراپ و سوكایەتیشە بۆ ژنان..!نمونەی لەسەر شیعرێكی عەبدوڵا پەشێو هێنایەوە كەدەڵێ (لەدەستم دێ هەموو شتێك ئاشكراكەم ..عەڵقەی پەنجەت پێ فرێدەم...كام شەوت گەش و ڕوناكە..ئەو شەوە پف لەچراكەم..!!نوسەر سەبارەت بەم ئاماژەیە وتی كەسێك خۆی پێ بكەرە!!خۆی بەبەر پرسیاری دەزانێ وئیمتیازەكانی ئەو ژنە بۆخۆیەتی ودەتوانێ ژیانی لێتێك بدات وقەدەری عەشقێك دەكاتە چەكی هەڕەشە بۆتیكشكاندنی كەسێتی وژیانی..نمونەی تریشی هێنایەوە لەوانە مەستورەی نالی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و مەحوی و لەسەردەمی ئێستەشدا ئەندامێكی باڵای حزبی دیموكراتی ئێران لەسەر مەسەلەی فێمنیستی لەبەر ئەوەی سیاسەت لەدەستی پیاودا بووە..

ناهدە موكری هەڵوەستەی لەسەر سێ خیتاب كرد لەوانە:

*مێژووی رزگاری خوازانەی كورد،مێژووی ناسیۆنالیزم بۆبەرنامەی نەتەوەیی و كیانێكی سەربەخۆیی،فەلسەفەی سیاسی..لەم بارەیەوە وتی هەرسێ چەمكەكە هەمووی هەر ڕۆڵی پیاوە.وتیشی لەرۆژهەڵات ژنان لەكۆری خەباتی سیاسیدان بەلام بڕیاری سیاسی هەرلەدەستی پیاواندایە..لەنێوان سیكۆلارو چەپ و دیموكراتەخوازەكاندا جیاوازی تێڕوانین لەنێوانیاندا سەبارەت بەژن ڕاستە هەیە پرسیارەكە ئەوەیە بۆ لەناو پیاواندا ئەم حاڵەتە لەسەر ژن بونی هەیە..بەبڕوای نوسەر هۆكارەكەی بۆ ئەم خاڵانەی لای خوارەوە گەڕاندەوە:

*كلتور بەپێی دواكەوتوویی، دیل بوونی دەستی ئاین وكارتێكەری نێرانەیە..!خالێكی تر ئاین كەخەسڵەتێكی توندی پیاوانەی هەبو كاردەكات بۆسەپاندنی دەسەڵاتی پیاو سالاری دیارو نادیار واتە دابەشكردنی قودرەت و سەپاندنی ئەو دەسەڵاتەیە كەپیاوان كاری لەسەر دەكەن..لەم بارەیەوە ئاماژەی بەیۆنانەكان،بەتەورات و ئینجیل،كڵێساو سەدان ساڵ پیشكەوتنی ژنان و دواتر ئەزمونی ئیسلام كرد لەم بارەیەوە چەند ئایەتێكی كردە نمونە لەوانە كوشتنی ژنان و مەسەلەی زینا.

ناهدە موكری سەبارەت بەیاساكان وتی: یاسا لەباری ڕیشەیی و مەترسیداری بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ژن لەوڵاتانی ئیسلامی مەترسیدارەو لەم بارەیەوە وتی لەزیاتر لە١٠٠ وڵاتدا جیاوازی ڕەگەزی بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان بونی هەیە..

میكانیزمی نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی نێرو مێ.. گۆڕینی سیستمی سیاسی و پەروەردەییە:

*ناهدە موكری پێیوابوو  بۆنەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی نێرومێ دەكرێ..سیستەمی پەروەردە سیستمی پەروەردەی سیاسی، سیستمی پەروەردەی كوردستان،گۆڕانكاری ریشەیی بەسەردا بهێندرێ..!جگەلەوە لەكوردستاندا دەبێ كاری داهاتو هێنانەدی سیستەمێكی سیكۆلار بێ لەهەرشوێنی دین حزوری هەبێ ئەو شوێنە توشی پاشەكشەدەبێ لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا میدیا زۆر گرنگە بۆگۆرینی عەقڵ و دەوری هەیە لەناو خەڵكا دەكرێ میدیا ئەركە مێژوویەكانی خۆی بزانێ وبەرپرسانە مامەڵە بكات.

لەكۆتایی باسەكەیدا ناهدە موكری سەبارەت بەژنانی رۆژئاواو باكور وتی ئەو بزوتنەوەیە لەرۆژئاوای كوردستان و باكور ژن وەك مرۆڤ خۆی لەسیستەمی بڕیاری سیاسی وچەكداریدا دەبینێتەوە..هەمان كات لەمیانەی سەرنجێكدا مەریوان هەڵەبجەیی جەختی لەسەر سیستەمی گۆڕینی پەروەرەدیی كردو بەفاكتەرێكی گرنگی ئەو گۆڕانكاریانەی زانی..

ناهدە موكری..لە٢٤هەمین دانیشتنی بنكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وڕاپۆرتێكی لەسەردۆخی مافی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان پێشكەش كردووە.

شایانی باسە ناهدە موكری لەدایكبووی مەهابادە نزیكەی شەش ساڵە لەوڵاتی سویدەو خاوەنی چەندین چالاكیە لەبوارەكانی..مافی مرۆڤ،پرسی دین و دەوڵەت،كارتێكەرە نەرێنیەكانی لەسەرسیاسەت وكۆمەڵگاو بنەماڵەو ژن وتاك..!بەتایبەتی هەوڵەكانی لەسەردۆخی ژن چركردۆتەوە..لەگەل رێكخراوەكانی ژنان لەزۆربواردا چالاكی هەبووەو ئەندامی ئەو رێكخراوانەیە،بۆ ماوەی زیاتر لەدوو ساڵ بەرپرسی رێكخراوی ژنانی كورد بووە لەئۆپسالا،رێكخراوی ژنانی كورد لەستۆكهۆڵم، نزیكەی ساڵێك لەسایتی پێرسپیكیتۆ لەبەشی فارسی كاری كردووە..بابەتی زۆری لەسەر پرسی ڕۆژ بەزمانەكانی كوردی وفارسی نوسیوە.. بەشداریكردووە لە ٢٤ هەمین دانیشتنی بنكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وڕاپۆرتێكی لەسەردۆخی مافی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان پێشكەش كردووەو بەشداری دیارو بەرچاوو هەمیشەیی لەكۆنفرانس و میدایاكاندا كردووە.

زمكان عەزیز و دانا عەلی سەعید..چوارەمین دانیشتنی دیدارەكەو كۆتایی:

بەناونیشانی(هاووڵاتی بوی تاك لەنێو بەهای مۆراڵ وئارامگیریدا) ئەم باسە دوو بەش بوو بەشی مۆراڵ نوسەرو شاعیر (زمكان عەزیز)شرۆڤەی كرد:

هاووڵاتی بوی تاك لەنێو بەهای مۆراڵ و ئارامگیریدا)ناونیشانی باسەكە بوو كەبەسەر دوو چەمكدا دابەشكرابوو،زمكان عەزیز قسەی لەسەر بەشی (مۆراڵ)كردو بەشەكەی تر تایبەت بوو نوسەر دانا عەلی سەعید.

زمكان عەزیز لەسەرەتای باسەكەیدا ڕونیكردەوە مۆراڵ چەمكێكی گرنگە..وەك بونی ئەم گەردونە دەبێ باسبكرێ.!چونكە پێكهاتەی مۆراڵ لەلۆژیك ونالۆژیكەوە سەرچاوەی گرتووە..!ئەم دوپێكهاتەیە لۆژیكی بێ یان..نا،لەچوارچێوە گشتیەكەیدا،یان چەمكی مۆراڵ لەپێناسە زانستیەكەیدا..ئەوەیە مرۆڤ لەناوەوەی خۆیدا ڕێكی بخات لەوسۆنگەیەوە ئاماژەی بە(كانت) وهەردوبۆچونەكەیدا لەسەرئەخلاق وەك بونی مرۆڤایەتی لەنێوان زیندەوەرو نازیندەوەریدا..ڕونیكردەوە ئەم دوو پێكهاتەیە چەمكی مۆراڵیان هەیە شتێكە ناتوانین بڵێین باشە خراپە..!ئەمە لەڕووی دینەوەو سەیركردنی شەرەف و كەرامەت..ئاماژە بەئەخلاق وباشتر بوونی ئەخلاق بەوشێوەیە كەمرۆڤ خۆی لەناوەوەی خۆیدا رێكی بخات،زمكان عەزیز لەسەر مۆراڵ لەڕوانگەی بۆچونی كانتەوە وتی كەتۆ بەزەییت بەكەسێكدا دێتەوە هەژارێك بێ یان بریندار بچۆ بەدەنگیەوە وەك ئەرك نەك وەك بەزەیی..لەمۆراڵدا جۆرێ لەماف هەیە كەبەمۆراڵی گشت ناودەبرێ هەموو كەسێك دەتوانێ ماف بدات وەك ئەو وتی: بەڵام دەبێ بیریش لەوە بكرێتەوە كاتێ كەدەتەوێ لەیەكێك بدەیت بۆنمونە دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بكەیت لێت بدەنەوە وتیشی مۆراڵ پەیوەندی بەعەقلەوە هەیە..

ئێمە ئینتیمای هاووڵاتی بونی خۆمان نیە..!بۆیە پێویستیمان بەئایدۆلۆژیایەكی نەتەوەیی هەیە

سەبارەت بە عەقلانی و ناعەقڵانی وتی..ئەگەر بنیاتگەرا بخەینە خوێندنەوەوە تی دەگەیت ئەو ڕەنگانەی تۆدەیبینی ئەوە ئەخلاقی تۆیەو ڕەنگ وجوانیە لەمۆراڵی تۆوە سەرچاوە دەگرێ..ئەگەر شوێن و كات وەرگرین دەبینی ڕێكخەرێك هەیە كات وشوێن كەهەمووی مۆراڵ ڕێكی دەخات.

 زمكان عەزیز باسی لەزیندویتی و نازیندوێتی مۆراڵ كردو نمونەی بەوە هێنایەوە كەچۆن بەردێك یان كورسیەك بەكاردێنی ئەمە لەڕێی مۆراڵێكی لۆژیكیەوە..دواتر هاتە سەرئینتمای تاكی مرۆڤایەتی وتی تاك خۆی لەخۆیدا خودێكی ئاڵۆزو دۆگمایەكە كەجۆریك جانەوەری لەبونیادی تاكدا دەیبنرێ كەهیچی كەمتر نیە لەدرندەیی ئاژەڵێك ئەمەش ئەو مۆراڵەیە كەلەخودی تاكدا هەیە..لەبەشێكی تری قسەكانیدا زمكان باسی لەخود كرد لەپەیوەندیەكانی ناوەوەو دەرەوەدا..نمونەی لەسەر كاراكتەری فریادڕەس،ئینتیمای هاوڵاتی بوون،ئەخلاقی نیشتمانی بوون،هێنایەوە..وتیشی ئێمە ئینتیمای هاوڵاتی بونی خۆمان نیە..!بۆیە پێویستیمان بەئایدۆلۆژیایەكی نەتەوەیی هەیە،نمونەی لەسەرهاوڵاتی بونی توركمانێك هێنایەوە لەبەر ئەوەی لەكوردستان لەگەڵمان ژیاون،هەرچەندە كورد دەتوانی لەڕوانگەی بیری نەتەوەییەوە بڵێ هاوڵاتیم لەبەر ئەوەی خاوەنی خاك و مێژوو بنەماكانی ئابوریە، بەلام وەك عێراق ناتوانی بڵێی من هاوڵاتیم چونكە ئەو ئینتمایەی بۆ عێراقی بوون بەسەریا لەسایەی زوڵم ئەنفال وجینوسایدا سەپێنراوەو لەگەڵ لۆژیكی تێگەیشتنیدا دا یەك ناگرێتەوە!! 

گەڕان بەدوای ناسنامەی نەتەوەییدا ئازایەتی و بڕیاری خۆی دەوێ

لەباسەكەیدا نوسەر وتی ئێمە لەبەر ئەوەی هزری نەتەوەییمان لەدەستداوە! بەمانایەكی تر ئایدۆلۆژیای نەتەوەییشمان لەدەستداوە..!!بێگومان ئەم چەمكە هەڵگری مێژوو زمان و ئاین و ئەدەب و شتی ترە كەهەموو ئەم چەمكانە هەڵگری هزری نەتەوەیی و بنەمای دروست بوونی ئینتیمای تاكە وەك ئەو وتی ئێمە لێی بێبەشین..!لەبەشێكی تری باسەكەیدا ئاماژەی بەدوای یەكەمین جەنگی جیهانیداو لەسەر دژایەتیكردنی جولەكە هەلوەستەی كردو پێی وابوو گەڕان بەدوای ناسنامەی نەتەوەییدا ئازایەتی وبیری نەتەوەیی دەوێ.

باسی لەبون بەسونبولی ماندێلاكردو نیگەرانی بۆ ئەوە دەربڕی كەئێمە وەك كەرەسەیك بوین بۆبەرهەمهێنانی فكری فاشیەتی عەرەب بەبەڵگەی ئەوەی عەرەب دینی كردەفاكتەری بەرهەم هێنانی فكری فاشیەت،هەروەك و چۆن عەرەب دینی كردە هۆكارێك بۆ پەلاماردان.. بۆیە لێرەوە دەبێ بپرسین..ئایا دین بكەینە ئەخلاق یان ئەخلاق بكەینە دین..!!؟لەسەر دین ڕاوەستاو چەندین نمونەی بیرمەندەكان و بۆچونەكانیانی هێنایەوە..

دانا عەلی سەعید: هاوڵاتی بوی تاك لەنێو بەهای ئارام گیریدا

دانا عەلی سەعید لەسەر بنەمای هونەر وەك سەرەتایەكلەبەشی دووەمی ئەم باسەدا وەسفی چەمكی ئارامگیری كردو لەم بارەیەوە وتی ئەمە تەنیا بنەمایەك نیە بۆهونەر بەڵكو پێكەوە گرێدانی هەموو چەمكەكانە بەو مەنتیقەی كەئارامگیری ئیش لەسەر ئێستا دەكات و پێی وایە هەموو پیرۆزیەكی ڕابردو كوشتنی ئێستایە..!بۆیە پابەندبوون بەئێستاوە ئارام بوونە..!كەكۆمەڵێ بیردۆزی فەلسەفی كاری لەسەركردووە بۆنمونە كۆچمانكرد بۆئەوەی ئارام بینەوە كۆچ دەكرێ بۆئەوەی ئارام ببنەوە..!لەموعجیزەی بەشەریەتدا لەڕێگەی گەڕان بەدوای ئارامیدا خۆمان دۆزیەوە وەك دیارترین نمونەش خێزانمان دروستكرد، چونكە تەنیا بووین و ئارام بوینەوە..!

دانا سەعید باسی لەوەكرد كەئایدۆلۆژیەتی فكرد دوای رێنیسانس بەباشی چووە سیستەمی سیاسیەوە گۆڕانكاری گەورە دروست بوو ئاماژەی بەیاسای (بیمە)كردو لەم بارەیەو وتی كاتێك مرۆڤێك لەم ئەوروپایە بیمەی خۆی بۆ داهاتوی دوای تەمەنی ٦٥ ساڵی دەكات واتە ئارامیەكی پڕ دڵنیای بۆدروست دەبێ..كەئارامیشت هەبوو ژیان بەجوانتر دەبینی، بەڵام ئەگەر نائارام بی نەگوڵ بەجوانی دەبینی ونەهەست بەبۆنی خۆش دەكەیت..!!نە مۆزیكیش لەلات چێژی دەبێ..!

بەشیك لەكێشە گەورەكانی كورد نائارامین..!!

چۆن دەتوانین ئارام بین..!؟ لەكاتێكدابەشێك لەكێشە گەورەكانی كورد نائارامیە.!هەركاتێ دەگەینە ئارامی ئیدی دەگەرێین بەدوای ئارامی تردا..!لەم بارەیە وتی ئەگەر لەوتێڕوانینانەوە سەیری خۆمان بكەین..ئاین چ ڕۆلێكی دەبینێ..!؟پرسیاری كردو وتی..شۆڕشمان بینیوە دوای ئاشبەتاڵ وجارێكی تر كەچوینەتەوە قۆناغی شۆڕش بەلام ئایا ئارامیمان بۆدروستبوو كەواتە لەجەنگ وشەردا ئەگەر چوینە كۆتایی جەنگەوەو جەنگیش چووە قۆناغی ڕوبەڕووبونەوە ناتوانین دوای جەنگ ئارامی دروست بكەین..!پرسیار ئەوەیە ئایائێمە هاوڵاتی كوردین..؟ئایا ئێرە نیشتمانمانە..دەگەرێینەوە دوبارە بەنائارامی دەگەرێینەوەو جارێكیتر بەدوای ئارامیدا دەگەڕێین،  چونكە ئێمەهەمیشە پابەندین بەڕابردووەوەو هەموو خەیاڵ ومێشكمان بەڕابردو داهاتووەوە بەندە..ئێمە لێرەین كەچی دەبینی بەو ڕابردووەوە گرێدراوین و خەون دەبینین..

حزب كایەیەك بووە لەنائارامی ودەریش كەوت ئارامیان بۆمسۆگەر نەكردوین چونكە ئێمە پابەندین بەبراوەی شەڕەوە..

دانا عەلی سەعید لەڕاڤەكردنی چەمكی ئارام گیریدا پێیوابوو لەئیستادا نیشتمان بۆتە بەرژەوەندیە گەورەكان..كوردستان ونائارامی دوانەی یەكن..!بەهۆی داگیركراوی خۆمانەوە..وتیشی كام حزب كەبچوكە بەقەدهەموو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كاریگەرترە..!حزب دەبێ ئارامی خەڵكبێ..كەچی حزب پابەندت دەكات كەهەست بەڕۆڵی تاك نەكەیت..!بۆیە دەتوانین بڵیین حزب كایەیەك بووە لەنائارامی ودەشیبینن بەرهەمەكەی بەجێهێشتنمان بووە لەنائارامیدا..!لەگەڵ دەستخۆشیدا بۆهەموو ئەودەستكەوت وخەباتەی كەكردویانە بۆهەموو ئەو كارانەی كەكردویانە بەڵام دەریش كەوت ئارامیان بۆمسۆگەر نەكردوین..!چونكە ئێمە پابەندین بەبراوەی شەڕەوە..دەبینی ٢٤ ساڵ لەسەر حوكم دەبێ بەڵام ڕێ نادا كەسێكی تر بچێتە پێشەوە نەجێشی دەهێڵێ..!!

ئەوەی هونەری ڕوخاندووە ئاین بووە ئەوەی كۆمەڵگاو شارستانیەتیش دروستدەكات هونەرە

دانا لەكۆتایی شرۆڤەكردنەكەیدا باسی وەزیفەی شیعرو هونەریكرد وتی ئەوەی جوانی دروست كردووە هونەربوە ئەوەی هونەری ڕوخاندووە ئاین بووە..!ئەوەی نائارامی دروست كردووە سیاسیەكان بوون..!چونكە  وای دەبینن و دەڵێن لە هەڵبژاردنەكاندا بیبەرەوە بەختەوەرو ئارام دەبێ..!تیرۆریستێكیش دەبینی پێیوایە برۆ..خۆت بتەقێنەوە بەختەوەری لەشەهادەتدا دەبینێ..!!بەم دەستەواژانە بەم ئاماژە گرنگ وپڕ ماناو هەستیارانە كۆتایی بەشرۆڤەكەی لەسەر چەمكی ئارامگیری هێناو دواتر گفتوگۆیەكی چڕوپڕ سەبارەت بەهەردوو چەمكی مۆراڵی زمكان عەزیزو ئارامگیری داناس عەلی سەعید كرا..

*داناعەلی سەعیر لەسلێمانی لەدایك بووە..ساڵی ١٩٨٦بەشی دەرهێنانی لەپەیمانگای هونەرەجوانەكانی سلێمانی تەواوكردووە چەند شانۆییەكی دەرهێناوە لەوانە..دادگا،پێڵاوی سور،شارو لەهەشتاكانی سەدەی رابردوشەوە..لەبواری دراماونوسین وچالاكی هونەریدا بەخشینی هەبووە،داناعەلی سەعید(٨)كتێبی بەچاپ گەیاندووە لەوانە(هەژان،مۆمیاكردن،وێنە جوڵاوەكان،هونەری نوسینی دراماو چەن بەرهەمێكی تر،ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بووە،یەكێك بووە لەئەندامانی دامەزراندنی گۆڤاری پەیامی كورد كە ٩٦ ژمارەی لێدەرچووە..لەساڵی ٢٠٠١ وە لەئەڵمانیا دەژی وچەندین سیمنیاری لەسەر بابەتی هونەری  وچەمكە مەعریفیەكان گیڕاوە.

ئەنوەر ئاڵمان رۆژنامەنوسی كوردی لەدەرەوەی وڵات لەڕوانگەی ئەزمونی خودی خۆیەوە!

لەدەستپێكی دانیشتنەكاندا ئەنوەر ئەلمَان كەخاوەنی چەندین كتێبە بەزمانەكانی كوردی و ئەڵمانی باسی لەكاروبەرهەمەكانی خۆیكردو ئاماژەیەكی بچوكی بەو رۆژنامانەدا كە خۆی وەك ئەنوەر رۆڵی تیاگێڕاوە..سەرنجی بەشداربوانی ڕاكێشا بۆبەرهەمەكانی وئامانجی ئەوكاروچالاكیانەی خستەبەرچاو..ناوەڕۆكی ئەم باسە دەتوانین بڵێین دووربو لەگەڵ ناونیشانەكەیی و لابەلا دەهاتە ناوسەرەقەڵەمی باسێكەوەو لەدەرگایەكی دەدا..!بەڵام لەپەنجەرەیەكەوە دەچووە دەرێ..!بەپێچەوانەی ئەوەوە كەڕۆژنامەنوس گەرلەدەرگاوە دەركرێ لەپەنجەرەوە دەچێتە ژورێ..ئەگەرچی دواجارچووە ژێرباری ئەوەی كەئەو رۆژنامەنوس نیەو قسەكردن لەسەر بابەتی رۆژنامەنوسی ئەركی لێكۆڵەرەوان و ڕۆژنامەنوسانە..ئەوەی لەم بابەتەدا بەدیكرا دڵسۆزی وخەم وعەشقی كاركردنی ئەم نوسەرەبوو بەتێگەیشتنی خۆی..ئەنوەرئەڵمان جوانترین شتێك لەودەرفەتەدا كەپێشكەشیكرد ئەوەبوو كەبەویژدانەوە باسی لەرۆڵ وپێگەی نەوزادقەفتان بەرپرسی ناوەندەكەوئەزمونی خۆی لەگەڵ ئەودا خستەڕوو ئاشكراشیكرد كەقەفتان مێژوویەكی بەرچاوی هەیەو جێ پەنجەی دیارە بەتایبەتی كاتی ئەنوەرئاڵمان لەمیانەی چالاكیەكانی خۆیدا ئاماژەی بەساڵی ١٩٨٨ كرد كەپشتیوانی لەڕێكخراوی هاوكاری پەنابەران كردووە بۆناردنی كۆمەك ویارمەتی بۆپەنابەرانی كورد لەتوركیا..كەنەوزاد قەفتان ڕۆڵی گەورەی تیابینیوە..دواتر نەوزاد قەفتان ڕونكردنەوەی لەسەر ئەوكۆمەك ویارمەتیانەدا كەلەكاتی خۆیدا لەرێگەی پۆستەوە توانیویانە هاوكاری بەپەنابەران بگەیەنن و چەند بەڵگەیەكی وەلامی پۆستی ئەو پەنابەرانەش لەلایەن كۆڕگێرەوە خرایەڕوو كەلەلای بونەتە ئەرشیف. بووە مایەی دەستخۆشی..

ئەوەی پێویستە بوترێ

شایانی باسە لەمیانەی دوو رۆژو پێشكەشكردنی چەند باسێكی پڕبایەخدا ناوەندی پێكەوە ژیانی كوردو ئاڵمان لەنۆرنبێرگ ئەزمونێكی تری سەركەوتویان خستەسەر خەرمانی كارو چالاكیەكانیان وبونە مایەی دەستخۆشی بێگومان دیداری روناكبیری لەمانایەك زیاتر لەخۆ دەگرێ وبەهایەكی روناكبیری هەیەو خەسڵەتەكانی دیداری لەو جۆرە كاریگەریەكی تر دادەنێ بەئاڕاستەی خزمەتی هونەرو روناكبیری كوردی و نمونەیەكی جوانی ئەم ڕێكخراوەو ڕەوەندی كوردی دەردەخات.

PUKmedia شیهاب عوسمان- ئەڵمانیا

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket