riklam

مەلا بەختیار: پێشمەرگە بەخوێنی خۆی پاشەكشەی بەداعش كردوە

ی.ن.ک‌‌ 06:00 PM - 2015-11-27
ئازادكردنەوەی شەنگال پارسەنگی هێزی لەناوچەكە گۆڕی

ئازادكردنەوەی شەنگال پارسەنگی هێزی لەناوچەكە گۆڕی

مەلا بەختیار رایگەیاند ئازادكردنەوەی قەزای شەنگال هەنگاوێكی گەورەی سەربازی بوو لەناوچەكەو پارسەنگی هێزیشی لەناوچەكە گۆڕی، ئاماژەی بەوەشدا كە پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە باشە. 

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانەی چاوپێكەوتێنیكدا لەگەڵ كەناڵی (فرانس-24)ی فەرەنسی، ئاماژەی بەوەدا ئەو پەلامارە تیرۆرستیانەی كرایە سەر پاریس تاوانێكی گەورە بوو، لەبارەی ئازادكردنەوەی قەزای شەنگالیشەوە وتی:ئازادكردنەوەی قەزای شەنگال هەنگاوێكی گەورەی سەربازیی بوو، پارسەنگی هێزی لەناوچەكە گۆڕی، پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانانیش بۆ پێشمەرگە زۆر باشەو رۆڵی هەبووە، رونیشیكردەوە كە لەبنەڕەتدا قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەو گەلی كوردستان بنەما بوون بۆ دەرپەڕاندنی داعش لەژمارەیەك ناوچە.

لەوەڵامی پرسیاری هەماهەنگی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند بۆ ئامادەكاریییەكانی ئازادكردنەوەی موسڵ، مەلا بەختیار رایگەیاند:لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەماهەنگی هەیە بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ، هەروەها لەئێستادا سوپای عیراق سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگاری ئەنبارو ناوچەكانی تری پارێزگای سەڵاحەدینەو هیوادارین ئەو پرۆسانە بەسەركەوتووی كۆتایی بێت، دواتریش پێشكەوە شاری موسڵ رزگار بكەنەوە، تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە لەئێستادا هێزی پێشمەرگە خۆی ئامادە دەكات و دەبێت چەكی پێویستی لەبەردەست بێت، هەروەها بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ دەبێت هێزی پێشمەرگەو هێزی سوپای عیراق و هاوپەیمانان پلانی بەهەماهەنگی پلانی وردی بۆ دابنێن.

لەبارەی هەماهەنگی حكومەتی هەرێم و وڵاتی روسیاوە بۆ شەڕی داعش بەداعش وتی: هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی روسیادا نیە، ئەو موشەكە روسیانەشی بۆ بۆردومانكردنی داعش لەرەقە دەهاوێژرێت و بەسەر ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت حكومەتی هەرێمی لێ ئاگادار نەكراوەتەوە، ئەوەش بوە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی 48 سەعات گەشتی ئاسمانی لەفڕۆكەخانەكانی هەرێم بوەستێت.          

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو كە لەئێستادا هەماهەنگی روسیا بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری لەگەڵ حكومەتی عیراقدایەو بەپێی زانیارییەكانم هیچ هەماهەنگییەكی لەوجۆرە لەنێوان روسیاو حكومەتی هەرێم نیە. 

هەر لەو چاوپێكەوتنەدا لەوەڵامی پرسیارێكیشدا كە ئایا كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم كاریگەری لەسەر جەنگی دژ بەداعش نەكردوە؟، مەلا بەختیار رایگەیاند:كێشە ناوخۆییەكانی هەریم هیچ كاریگەرییەكی لەسەر شەڕی تیرۆرستانی داعش نەبووە، چونكە ئێمە هەست دەكەین داعش مەترسیە لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەكەركوك و شەنگال و هەولێرو خانەقین، هێزەكانی پێشمەرگەش بەهەستی نەتەوەییەو بەرپرسیارێتی سەربازی خۆیان لەو ناوچانە بەجێهێناوەو توانیویانە روبەڕووی داعش ببنەوە لەزۆربەی ناوچەكانیش دەریان پاشەكشەیان پێبكەن.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket