riklam

كه‌نه‌دا.. كۆڕێكی ماته‌مینی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

تاراوگە‌‌ 09:55 PM - 2015-11-25
.

.

ئێواره‌ی رۆژی24-11-2015  به‌مه‌به‌ستی رێزگرتن له‌گیانی شه‌ڕڤانی كه‌نه‌دی جۆن رۆبه‌رت گاڵگه‌ر، كۆڕێكی ماته‌مینی به‌سه‌رپه‌رشتی كوردیش كۆمینێتی سه‌نته‌ر له‌ شاری تورونتۆ به‌رێوه‌چوو.


به‌ئاماده‌بوونی خانه‌واده‌ی شه‌ڕڤانی شه‌هید و ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیانی كورد و بیانی و كۆمه‌ڵه‌ی جه‌نگاوه‌رانی دێرین و جێم كرجیانیس په‌رله‌مانتاری پێشووی فیدراڵی كه‌نه‌دا و نوێنه‌ری رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و وه‌فدی كۆمیته‌ی رێكخستنی كه‌نه‌دای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆڕێكی ماته‌مینی به‌سه‌رپه‌رشتی كوردیش كۆمینێتی سه‌نته‌ر له‌ شاری تورونتۆ به‌رێوه‌چوو.

25501825112015_f.gif


سه‌ره‌تا به‌مارشی نه‌ته‌وه‌یی ئۆ كه‌نه‌دا و سروودی ئه‌ی ره‌قیب و خوله‌كێك وه‌ستان بۆ رێزگرتن له‌شه‌هیدی گیان فیدای ئازادی خوازان و جۆن گالگه‌ر ده‌ستی پێكرد، پاشان شه‌فه‌ق ئیحسان به‌خێر هاتنی میوانانی كردو ته‌وه‌رو مه‌به‌ستی كۆڕه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بوان روونكرده‌وه‌.


پروفیسۆر جیری ڤان سمیس وتارێكی پێشكه‌شكرد و تیایدا رۆڵی ئازایه‌تی و هه‌ڵوێستی شه‌ڕڤانی كه‌نه‌دی جۆن گالگه‌ری به‌رز نرخاند ، پروفیسۆر سمیس راشیگه‌یاند جۆن زۆر سه‌رسام بووه‌ به‌ ئازایه‌تی و خۆڕاگری كچ و كوڕانی خه‌لكی كوبانێ، بۆیه‌ زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ ناو شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ له‌سوریاو گیانی خۆشی بۆ پاراستنی كوردانی رۆژئاوا له‌شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش به‌ختكرد.

54511825112015_hjhj.gif


دۆغان به‌رپرسی سه‌نته‌ری كۆمیته‌ی كوردی په‌یامی هێزی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌- ی خوێنده‌وه‌، وێرای ده‌ربڕینی خه‌م و په‌ژاره‌یان بۆ له‌ ده‌ستدانی شه‌ڕڤانی كه‌نه‌دی جۆن گاڵگه‌ر ، سه‌ره‌خۆشی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ی ئاراسته‌ی كه‌سوكار و هاوڕێیانی شه‌هید جۆن كرد.


هه‌روه‌ها  رۆڵی خۆڕاگری شه‌هید جۆن له‌پشتگیریكردنی خه‌ڵكی كوردستانی به‌رز نرخاند.


له‌به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی یه‌په‌گه‌دا هاتووه‌ شه‌هید جۆن له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ ناو هاوڕێكانی به‌ شه‌رڤانێكی ئازاو شاره‌زا له‌ بواری سه‌ربازی ناسرابوو، بۆیه‌ ناوی جۆن هه‌میشه‌ له‌ناو شه‌ڕڤانان و گه‌لی كورد به‌ زیندوویی ده‌مێنێت.


ڤالیری گالگه‌ر دایكی شه‌ڕڤانی شه‌هید له‌ وته‌یه‌كدا ژیاننامه‌ی جۆنی بۆ ئاماده‌بوان باسكردو وتی: جۆن بۆ ئازادی گه‌لی كورد گیانی خۆی به‌ختكرد.
ڤالیری له‌ به‌شێكی وته‌كه‌یدا رایگه‌یاند: ئازایه‌تی كوڕ و كچانی كوردانی رۆژئاوا زۆر كاریگه‌ر بوو كه‌ جۆن بچێت بۆ سوریا له‌وێ له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ به‌رگری له‌ كوردانی رۆژئاوا بكات ، له‌ كۆتاییدا دایكی شه‌هید وتی هیوادارم میلله‌تی كورد ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی جۆن به‌رز رابگرن و ناوی له‌ یاد نه‌كه‌ن.

9531825112015_k.gif


دواتر رۆبه‌رت گاڵگه‌ر باوكی شه‌هید جۆن له‌به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا وتی: له‌ده‌ستدانی جۆن هه‌رچه‌نده‌ خه‌مێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌، به‌ڵام خۆشحاڵین به‌ رێزگرتن و به‌ڕێكردنی كه‌ژاوه‌ی  شه‌هید جۆن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی شه‌ڕڤانان و خه‌لكی كوردستان.


له‌كۆتاییدا باوكی شه‌هید به‌ناوی بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی هه‌موو خه‌ڵكی رۆژئاواو هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوی كوردیش كۆمینێتی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاوكاربوون له‌ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هید و ئاماده‌بووانی كۆڕه‌كه‌ كرد.


پاشان به‌ فۆتوشۆپ فیلمێكی دۆكیومێنتاری له‌سه‌ر ژیاننامه‌ و رۆڵی قاره‌مانه‌ی شه‌ڕڤان جۆن گاڵگه‌ر له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ چه‌كدارانی داعش له‌ رۆژئاوای كوردستان بۆ ئاماده‌بووان نمایشكرا.


دواتر ژماره‌یه‌ك وتاری رێكخراوه‌كان و مامۆستای زانكۆ و هاوڕێكانی پێشكه‌شكران، به‌گشتی وتاره‌كان خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆیان بۆ بنه‌ماڵه‌ و هێزه‌كانی شه‌ڕڤانان ده‌ربڕی، راشیانگه‌یاند: ناوی جۆن گاڵگه‌ر وه‌كو سونبوولیكی ئازادی خواز له‌ مێژووی پشتیوانیكردنی گه‌لی كورد به‌ به‌رزی راده‌گیرێت .


PUKmedia عوسمان عه‌لی ، تورونتۆ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket