رووه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاڵی له چینی ناوه‌ند
بیروڕا 11:43 AM - 2015-11-15.
پوخته
له‌دوای ساڵی 2003-ه‌وه، سه‌ره‌ڕای هه‌ڵكشانی ئاستی وه‌به‌رهێنان، باشبوونی دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان، داكشانی ئاستی هه‌ژاریی، قه‌به بوونی داهاتی حكومه‌ت، به‌رزبوونه‌وه‌ی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ڵكشانی ئاستی خوێنده‌واری‌و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی نوێ، كه بوونه‌هۆی فراوانبوونی پانتایی چینی ناوه‌ند له‌هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌چی نزیكه‌ی ساڵێكه خۆری ئه‌م چینه به‌خێراییه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو روو له‌ئاوابوونه.
ئامانجی ئه‌م نووسینه جگه له ئاشكراكردنی هۆكاره‌كانی پووكانه‌وه‌ی چینی ناوه‌ند، ده‌رخستنی جیاوازی ستراكتۆری چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشه له هه‌رێمی كوردستاندا. شرۆڤه‌ی ژینگه‌ی داڕمانی چینی ناوه‌نده له زه‌مه‌نی ئێستادا. پرسیاری سه‌ره‌كی فۆرمه‌له‌كراوه به‌و چه‌شنه‌ی بۆچی چینی ناوه‌ند له‌م هه‌رێمه‌دا له‌جیاتی فراوانبوونی ستوونی‌و مه‌وداو پانتاییه‌كانی، روبه‌ڕوی شه‌پۆلێكی پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه‌و مه‌ترسی نه‌مانی یه‌كجاری‌و دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی به‌سه‌ر چینێكی هه‌ژارو چینێكی ده‌وڵه‌مه‌نددا لێده‌كرێت.
راڤه‌كردنه‌كان به‌گشتی ته‌رخانه بۆ تێگه‌یشتن له مانا تیۆرییه‌كانی چینی ناوه‌ند، ناسینه‌وه‌ی ئه‌م چینه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی تاكه‌كانی له كۆمه‌ڵگه‌دا. هه‌روه‌ك به‌شێكی ته‌رخانه بۆ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی‌و رۆڵی گۆڕه‌ره‌ی ئه‌م پێكهاته‌یه له‌نێوان ئه‌رك‌و هه‌وڵ بۆ مانه‌وه‌و ئه‌رك‌و هه‌وڵ بۆ گۆڕانكاری.
جگه له‌تاوتوێی فه‌زای به‌ره‌وپێشچوونی ئابووری‌و كاریگه‌ریی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌سه‌ر چینی ناوه‌ندو پاشه‌كشه‌ی كشتوكاڵ له‌سه‌ر ئه‌م چینه‌و پێشكه‌وتنی خوێنده‌واری، ئه‌و هۆكارانه‌ش خراونه‌ته‌ڕوو، كه ده‌بنه‌هۆی لاوازبوونی چینی ناوه‌ند. ئه‌م نووسینه خاڵی نییه له‌باسكردنی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی بوونه‌ته‌هۆی داخورانی چینی ناوه‌ند، به‌رگه‌نه‌گرتنی ئه‌م چینه له‌به‌رده‌م قه‌یرانه‌كانداو دواجار پاشه‌كشه‌ی خێرای ئه‌م چینه له هه‌رێمدا.
سه‌ره‌تا
له‌بنه‌ڕه‌تدا ته‌فسیریی جودا هه‌ن بۆ بوونی چینه‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌دا. كارل ماركس له(مانیفێستی كۆمۆنیزمدا) هۆكاری دروستبوونی چینه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی هۆشیاری چینایه‌تی له‌لایه‌ن تاكه‌كانه‌وه. له‌لای ئه‌م فه‌یله‌سوفه، چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و ململانێی نێوانیان، نیشانه‌و ده‌ره‌نجامی قۆرخكاری‌و ركابه‌رییه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان. ماكس ڤێبه‌ر، سۆسیۆلۆجیستی ناودار، به‌رگێكی ئابوورییانه ده‌كات به‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌داو ململانێی چینه‌كان له‌ڕوانگه‌یه‌كه‌وه ده‌بینێت كه ده‌ره‌نجامی كێبڕكێیه‌كه، كه بازاڕ ده‌یسه‌پێنێ به‌سه‌ریاندا.
له‌ڕووی سۆسیۆلۆجییه‌وه، تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند ئاستێكی دیاریكراوی خوێنده‌واری‌و ئیشێكی جێگیریان هه‌یه. كاراكته‌ره‌كانی سه‌ر به‌م چینه به‌وه ده‌ناسرێنه‌وه، كه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان په‌نا نابه‌نه‌به‌ر توندوتیژی. بیرمه‌ندانی كلاسیكی پێش هه‌مووان دركیان به‌گرنگی ئه‌م چینه كردووه.
له‌ڕوانگه‌ی ئه‌رستۆی فه‌یله‌سوفی یۆنانییه‌وه باشترین جڤات‌و كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی ئه‌وه‌یه، كه چینی ناوه‌ند هه‌م كۆنترۆڵی كردووه‌و هه‌میش ژماره‌ی تاكه‌كانی له‌ژماره‌ی چینه‌كانی دیكه زیاتره.
كۆمه‌ڵگه‌ی بێ چینی ناوه‌ند به‌ره‌و داوه‌شان‌و ناجێگیری‌و لێكدابڕان‌و نایه‌كسانی ده‌ڕوات. مه‌ترسییه‌كانی تێكچوونی باڵانسی نێوان چینه‌كان له‌مه‌ترسی كۆنترۆڵنه‌كردنی كۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ن چینی ناوه‌نده‌وه كه‌متر نییه.
زۆربوونی چینی هه‌ژاران نیشانه‌ی ناته‌ندروستیی سیستمی ئابوورییه‌و كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌ش له‌لایه‌ن چینێكی كه‌مینه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه نیشانه‌ی ناعه‌داله‌تییه. به‌كورتی، پوكانه‌وه‌ی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌چینی ناوه‌ند- به مانا ئه‌رستۆییه‌كه‌ی- به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ربوونی ستراكتۆرێكی خراپ‌و بێ كه‌ڵكی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه.
ستراكتوری چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رێكخستنێكی هه‌ڕه‌مییه، كه تێیدا جڤات یان كۆمه‌ڵگه دابه‌شكراوه به‌سه‌ر چه‌ند چینێكدا. له‌تیۆری ماركسیزم-دا ستراكتۆری چینه‌كان ئۆرگانیزه كراوه یان دابه‌شكراوه به‌سه‌ر چینی بۆرژوازی (سه‌رمایه‌دار)و چینی پرۆلیتاریا‌دا (كرێكار). له‌سیستمه سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا ستراكتۆری چینه‌كان دابه‌شكراوه به‌سه‌ر چینی هه‌ژار، ناوه‌ندو ده‌وڵه‌مه‌نددا. هه‌ر یه‌كێك له‌م چینانه خاوه‌ن كاراكته‌ری جیاوازن.
داهات‌و ئاستی خوێنده‌واریی له‌گرنگترین ئه‌و خاڵانه‌ن، كه كاراكته‌ری ئه‌و چینانه له‌یه‌كتر جودا ده‌كاته‌وه. چینی هه‌ژار خاوه‌ن داهاتێكی كه‌م‌و ناجێگیرو تاكه‌كانی یان نه‌خوێنده‌وار یان خوێنده‌وارییه‌كی زۆر كه‌میان هه‌یه. بۆیه باشبوونی داهات‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێنده‌واریی دوو مه‌رجی سه‌ره‌كیین، كه واده‌كات تاكه‌كانی ئه‌م چینه بڕۆنه ناو چینی ناوه‌نده‌وه. چینی ناوه‌ند به‌وه ده‌ناسرێته‌وه، كه تاكه‌كانی ئیشێكی جێگیر، خوێنده‌وارییه‌كی باش‌و خاوه‌ن ماڵ‌و موڵكن. له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ندروستدا ئه‌م چینه پانتاییه‌كی فراوانی هه‌یه. ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی خاوه‌ن سیستمێكی دیموكراسین، ئه‌وانه‌ن، كه چینی ناوه‌ند زۆرینه پێكده‌هێنن‌و ئه‌م چینه بووه‌ته كۆڵه‌كه‌یه‌كی پته‌و بۆ راگرتنی سیستمه سیاسییه‌كانیان.
چینی ده‌وڵه‌مه‌ند یان چینی ئه‌ریستۆكراسی، ده‌وڵه‌مه‌ندترین توێژی كۆمه‌ڵگه‌ن. به‌ژماره كه‌من، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێكی زۆری ئابووری‌و میدیایی‌و ته‌نانه‌ت سیاسییشیان هه‌یه. له‌كۆمه‌ڵگه‌ی خۆرهه‌ڵاتی (تا راده‌یه‌كی زۆر كه‌میش له‌كۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاوایی) ئه‌م چینه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ستیان تێكه‌ڵاو كردووه. جیاوازیی ئه‌م چینه له‌خۆرهه‌ڵات‌و خۆرئاوا ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له‌یه‌كه‌میاندا تاكه‌كانی ئه‌م چینه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا رێككه‌وتنێكی نه‌بێت زۆر زه‌حمه‌ته بتوانێت بزنسێكی سه‌ركه‌وتوو بكات، به‌ڵام له‌خۆرئاوا مه‌رج نییه ئه‌مه وابێت. چینی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌خۆرئاوا به‌بێ رازیكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانیش ده‌توانن بزنسی خۆیان بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتیشدا لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كیان هه‌بێت ئه‌وه زیاتر له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندایه.
هۆكاره‌كانی پووكانه‌وه‌ی چینی ناوه‌ند
گومانی تێدا نییه هۆكاره‌كانی به‌تاڵبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌چینی ناوه‌ند له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كوردستانی عیراق جیاوازه له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌مریكی، ئه‌وروپی یان وڵاتانی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زیاد له‌فاكته‌رێك هه‌ن وا ده‌كه‌ن پانتاییه‌كانی ئه‌م چینه سنووردار بن.
یه‌كه‌م: تێكچوونی شیرازه‌و دیمۆگرافی تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند
ا - به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی ته‌ڵاق، كه به‌هۆیه‌وه ژن زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت، چونكه هه‌م به‌زه‌حمه‌تتر ئیشی ده‌ست ده‌كه‌وێت وه‌ك له‌پیاو، هه‌میش ئه‌گه‌ر ئیشیشی ده‌ست بكه‌وێت داهاته‌كه‌ی‌و مانگانه‌كه‌ی كه‌متر ده‌بێت له‌پیاو، هه‌روه‌ك ژن قورسایی به‌خێوكردنی منداڵی ده‌كه‌وێته سه‌رشان. به‌هۆی تێكچوونی شیرازه‌ی خێزانه‌كانی چینی ناوه‌ندو ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه ئاستی گوزه‌رانی تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند داده‌به‌زێت بۆ ئاستی تاكه‌كانی چینی هه‌ژار.
ب - گۆڕانی ئاستی ته‌مه‌ن له‌كۆمه‌ڵگه‌دا. له‌زۆرینه‌ی زۆری كۆمه‌ڵگه‌كاندا ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان زۆرتره‌و پیرترن، مووچه‌ی زیاتریان هه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وانه‌ی گه‌نجن‌و ته‌مه‌نیان كه‌متره، مووچه‌ی كه‌متر وه‌رده‌گرن، ئه‌مه له‌كاتێكدا لاوان‌و گه‌نجان زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه پێكده‌هێنن. له‌ناو چینی ناوه‌نددا ئه‌م هاوكێشه‌یه وا ده‌كات ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌ن‌و مووچه‌یان كه‌مه ( كه زۆرینه‌ن) دابه‌زن بۆ چینی خوار خۆیان.
دووه‌م: گۆڕانه ریشه‌ییه‌كان
ا - نه‌مانی هه‌ندێك ئیش به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیاو گۆڕانكارییه خێراكانی ژیانه‌وه، كه وا ده‌كات ژماره‌یه‌ك له‌تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند بێ ئیش ببن.
ب - هێنانی خه‌ڵكی شاره‌زاو ده‌ستی كاری هه‌رزان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كه وا ده‌كات جێ به‌تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند له‌ق بكات‌و ئیشه‌كانیان له‌ده‌ست بده‌ن.
ج -نه‌دانی كرێ‌و پاره‌ی پێویست به‌خوێنده‌وارو ئیشكه‌رانی ئه‌م چینه‌و هه‌ژار كه‌وتنیان.
سێیه‌م: هه‌ڵه له‌هه‌ڵسوڕانی سیاسه‌تی ئابووریی نیشتمانی كه ده‌بێته‌هۆكاری:
ا - دروستبوونی قه‌یرانی ئابووری، ئه‌میش ده‌بێته دایكی قه‌یرانه‌كانی تری وه‌ك بێ ئیش بوونی خاوه‌ن كاره‌كانی چینی ناوه‌ند، بێ مووچه‌یی‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی پاره.
ب - دروستبوونی كه‌شێكی ئابووری، كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی چینی ناوه‌نددا نابێت.
ج - خراپی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی، كه خراپبوونی داهاتی خێزانی لێده‌كه‌وێته‌وه.
د - كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی تاكه‌كه‌س له‌ساڵێكدا.
به‌كورتی، ئه‌م فاكته‌رانه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كاریگه‌ری دائه‌نێن له‌سه‌ر خراپبوونی تاكه‌كانی چینی ناوه‌ندو به‌رته‌سكبوونه‌وه‌و قه‌باره‌ی ئه‌م چینه له‌كۆمه‌ڵگه‌دا. قورسبوونی ژیان، جیهانگیریی‌و ژیانی مۆدێرن، هه‌ڵه سیاسی‌و ئابوورییه نیشتمانییه‌كان‌و بێ سه‌وادی حكومه‌ت له‌پاراستنی چینی ناوه‌ند له‌و فاكته‌رانه وا ده‌كه‌ن تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند، سه‌ره‌ڕای خوێنده‌واری‌و تێگه‌یشتووییان، دابه‌زن بۆ چینی هه‌ژارو بێ ده‌رامه‌ت.
فه‌زای داخورانی چینی ناوه‌ند
له هه‌رێمی كوردستان
وه‌ك چۆن مه‌رج نییه ژینگه‌ی گه‌شه‌كردنی چینی ناوه‌ند له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه له‌یه‌ك بچێت، مه‌رجیش نییه ئه‌و فه‌زایه‌ی چینی ناوه‌ند تێیدا به‌ره‌و نه‌مان‌و پوكانه‌وه ده‌چێت بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان وه‌كو یه‌ك وابن. گه‌شه‌كردن‌و داڕمانی چینی ناوه‌ند له‌سیستمی دیموكراسی‌و تۆتالیتاری، له‌ئابووریی سه‌رمایه‌داریی‌و ناسه‌رمایه‌داریی، له‌كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ڵتی ئێتنیكی‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه له‌یه‌ك پێكهاته‌ی ئێتنیكیی دیاریكراو پێكهاتووه، جیاوازن.
بۆیه به‌هه‌مانشێوه، فه‌زای داخورانی چینی ناوه‌ند له‌هه‌رێمی كوردستان جودایه له‌هه‌مان فه‌زا له‌شوێنێكی تر. پارادۆكسه‌كه له‌و خاڵه‌دایه، كه له‌وڵاتان‌و شوێنانی تر ئه‌و مه‌رجانه‌ی سه‌ره‌كین بۆ فراوانبوونی چینی ناوه‌ندو گه‌شه‌كردنی، له‌هه‌رێم هه‌مان ده‌ره‌نجامیان لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر له‌ئه‌وروپا فراوانبوونی چینی ناوه‌ند شۆڕشی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تی‌و بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌كتیڤ‌و حكومه‌تی بیرۆكراتی به‌رهه‌مهێنابێت، ئه‌وا له هه‌رێم، نه‌ك شۆڕش، به‌ڵكو ئه‌م چینه نه‌شیتوانیوه یه‌ك مه‌تر بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بباته پێشه‌وه‌و بیرۆكراتیه‌تی حكومه‌تیشی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه.
له‌به‌ر هه‌ندێك فاكته‌ر، نه به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێنده‌واری، نه زۆری ئه‌و سه‌ندیكاو رێكخراوانه‌ی هه‌ن‌و خوێنده‌وارێكی بێ شووماریان لێ كۆبوونه‌ته‌وه، نه دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی كانزایی‌و سه‌رچاوه‌ی سروشتیی نوێ، وه‌ك نه‌وت‌و گاز، نه ئه‌و سه‌رخانه ئابوورییه‌ی هه‌بووه، نه ئه‌و كرانه‌وه سیاسییه‌ی له‌ئارادابووه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین میكانیزم‌و هۆكاری تر، نه‌یانتوانیوه رێگری له چێ بوونی فه‌زایه‌ك بگرن كه بووه‌ته‌هۆی داخورانی ئه‌م چینه‌و پوكانه‌وه‌و ئاوابوونی له‌ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی كورتدا.
یه‌كه‌م: له‌ڕووی به‌رزی ئاستی خوێنده‌وارییه‌وه: هه‌رچه‌نده به‌راورد به‌ساڵانی رابردوو، بواری خوێنده‌واریی، زانست‌و زانین به‌ره‌وپێشچوونێكی باشی به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و ژماره‌ی خوێنده‌وارانیش به‌رده‌وام رووه‌و هه‌ڵكشان چوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی نه‌خوێنده‌واریی نه‌بووه‌ته‌هۆی پته‌وكردنی چینی ناوه‌ند بۆئه‌وه‌ی ئه‌م چینه له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ‌و به‌رگه‌ی قه‌یرانه‌كان بگرێت.
ره‌نگه هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه بگه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی هه‌رچه‌ند چینی خوێنده‌وار كاندیدی سه‌ره‌كییه بۆ چوونه ناو بازنه‌ی چینی ناوه‌نده‌وه، به‌ڵام دانه‌مه‌زراندنی رێژه‌یه‌كی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی خوێنده‌وارن یان زانكۆیان ته‌واو كردووه‌و بێ ئیش‌و بێ كارن وایان لێده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ی چینی ناوه‌ند بمێننه‌وه. به‌مانایه‌كی دیكه، به‌ده‌ستنه‌هێنانی وه‌زیفه‌یه‌كی حكومی‌و نه‌بوونی داهاتێك بۆ تاكی خوێنده‌وار وای لێده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی چینی ناوه‌ند بێت، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌و چینه خوێنده‌واره ئیشێك‌و وه‌زیفه‌یه‌كی حكومی ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌ت له‌و ئیشانه‌ی تاكه‌كانی خوێنده‌واری سه‌ر به‌چینی ناوه‌ندی پێ ده‌ناسرێته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بازاڕی كار له‌هه‌رێم، له‌حاڵه‌تی ده‌سته‌به‌رنه‌بوونی ئیشێكی ره‌سمی حكومییدا، نه‌توانای دابینكردنی كاری هه‌یه، نه له‌ئاستێكیشدایه بتوانێت رێگه خۆش بكات بۆ ئه‌و پسپۆڕییه جۆراوجۆرانه‌ی ساڵانه به‌هه‌زارانیان له‌كارگه‌ی زانكۆكانه‌وه لێ به‌رهه‌مده‌هێنرێن‌و ره‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌كرێن. مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه له‌حاڵه‌تی شكستی هه‌ردوو كه‌رتی گشتی‌و كه‌رتی تایبه‌تدا، بۆ جێكردنه‌وه‌ی چینی خوێنده‌وارو ده‌رچووانی زانكۆكان، رێژه‌یه‌كی زۆر له‌و كه‌سانه په‌نا ببه‌نه‌به‌ر په‌یداكردنی یه‌كێك له‌و كارانه‌ی زیاتر سیمبولن بۆ ناسینه‌وه‌ی چینی هه‌ژاران، وه‌ك پیشه‌ی كرێكاریی یان هه‌ر جۆره ئیشێكی تر كه گره‌نتی په‌یداكردنی سامان‌و پاره‌یه‌كی زۆریان تێدا نییه.
دووه‌م: له‌ڕووی كاری رێكخراوه‌ییه‌وه: ژماره‌یه‌كی زۆر له رێكخراو‌و سه‌ندیكاو یه‌كێتییه پیشه‌ییه‌كان هه‌ن، كه هه‌ریه‌كه‌یان تا راده‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام‌و خه‌ڵكانێكی زۆری خوێنده‌واریان لێ كۆبوونه‌ته‌وه. ئه‌مانه هه‌موو پێكه‌وه هێزێكی كاریگه‌رن له‌ناو فه‌زای چینی ناوه‌نددا به‌تایبه‌ت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هه‌ر پرسێك، كه خۆیان بیانه‌وێت، یان بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئیستیحقاقانه‌ی ده‌سته‌جه‌معین، یان تایبه‌تن به‌چینی ناوه‌ند یاخود مافی زۆرینه‌ن. بۆ نموونه، له‌خۆرئاوا ئه‌و رێكخراو‌و سه‌ندیكایانه ده‌توانن له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان‌و كۆمه‌ڵگه هێزێكی فشاری گه‌وره بن بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڵه یان سیاسه‌تێكی ئابووریی، كه مه‌ترسی هه‌بێت بۆ سه‌ریان، هه‌ر له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت رۆڵێكی ئه‌كتیڤیان له به‌لاداخستنی قه‌یرانه سیاسی‌و ئابوورییه‌كاندا هه‌یه. به‌مانایه‌كی تر، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌و سه‌ندیكایانه‌ی زۆرینه‌ی تاكی خوێنده‌واری سه‌ر به‌چینی ناوه‌ند ئه‌ندامن تیایاندا، ده‌بنه ره‌وڕه‌وه‌ی رۆیشتنی ماشێنی گۆڕانكاری، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه، له‌هه‌رێم، بوونی ئه‌م سه‌ندیكاو رێكخراوانه، نه‌ك نه‌یتوانیوه به‌ر به‌توانه‌وه‌ی چینی ناوه‌ند بگرێت، به‌ڵكو له ئه‌داكردنی وه‌زیفه‌كانی خۆشیاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
ئاشكرایه چینی ناوه‌ند چه‌ندین رێگه‌ی له‌به‌رده‌مدایه بۆ بیناكردنه‌وه‌ی فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی. له‌ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌م چینه له‌كایه‌ی دیموكراسیدا ده‌توانێت به‌شداری‌و رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ژینگه‌یه‌كی سیاسی ته‌ندروست هه‌بێت، كه به‌داخه‌وه ئێستا له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا شتێكی ئاوها بوونی نییه. ژینگه‌ی سیاسی ته‌ندروست ده‌بێته‌هۆی فۆرمه‌له‌بوونه‌وه‌ی فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌و جۆره‌ی چینی ناوه‌ند ده‌یه‌وێت. له‌ڕووی خه‌باتی سه‌ندیكایی‌و رێكخراوه‌ییشه‌وه، كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی په‌ره‌گرافی پێش‌و و ئه‌مه‌شیانه، چینی ناوه‌ند به‌هه‌مانشێوه سپۆنسه‌ری سه‌ره‌كی داڕشتنه‌وه‌ی فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ئه‌و سه‌ندیكاو رێكخراوانه پاوان نه‌كرابێتن له‌لایه‌ن حزب، هێزه سیاسی‌و هێزه ئاینییه‌كانه‌وه، كه دواجار بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان ئه‌و سه‌ندیكاو رێكخراوانه به‌كارده‌هێنن.
سێیه‌م: له‌ڕووی كرانه‌وه‌ی سیاسی‌و سیستمی سیاسییه‌وه: چینی ناوه‌ند له‌ژینگه‌ی سیستمی دیموكراسیدا زۆر زیاتر گه‌شه ده‌كات وه‌ك له‌ژینگه‌ی سیستمه تۆتالیتار‌و سه‌ركوتكه‌ره‌كاندا. چینی ناوه‌ند له‌ئه‌مریكاو ئه‌وروپاو ژاپۆن‌و ئوسترالیا پانتاییه‌كی فراوانتری داگیركردووه به به‌راورد به‌كۆریای باكوور‌و كوباو میسر‌و ئۆگه‌نداو وڵاته نادیموكراته‌كان. ئه‌ڵبه‌ت له‌وڵاتانی میره‌كانی كه‌نداودا، كه خاوه‌ن سیستمێكی پاتریاریكین‌و دیموكراتی نین، تا راده‌یه‌ك هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه‌یه. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ك خه‌ڵكی وڵاتانی نادیموكراتی، چینی هه‌ژار، چینه گه‌وره‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه بێت، له‌وڵاتانی شێخه‌كانی كه‌نداودا خه‌ڵكی له‌خۆشگوزه‌رانی‌و ئاست‌و گوزه‌رانێكی زۆرباش‌و نزیك له‌چینی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندان تا له‌چینی هه‌ژارو چینی مام ناوه‌نددا.
عیراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت‌و سه‌روه‌تی مرۆییه، هه‌رێمیش كه به‌شێكه له‌م وڵاته، له‌م دواییانه‌دا سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی نوێ‌و نه‌وت‌و گازی زۆری دۆزیوه‌ته‌وه‌و به‌سه‌ربه‌خۆ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كات. سیستمه سیاسییه‌كه‌شی، هه‌رچه‌ند كه‌موكورتی‌و عه‌یب‌و عاریشی تێدا بێت، به‌ڵام به پله‌ی یه‌كه‌م سیستمێكی تۆتالیتار‌و سه‌ركوتكه‌ر نییه، كه به‌هۆیه‌وه چینی هه‌ژار پانتاییه‌كی زۆری هه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، نه ئه‌و نه‌وت‌و سامانه سروشتییانه، خه‌ڵكه‌كه‌ی نزیككردووه‌ته‌وه له‌ژیانی خه‌ڵكی كه‌نداوو نه‌كرانه‌وه سیاسی‌و سیستمه سیاسییه‌كه‌شی وزه‌به‌خشی تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند بووه. پارادۆكسه‌كه لێره‌دایه، نه‌وت‌و دۆزینه‌وه‌ی سامانه سروشتییه‌كانی تر‌و سیستمه سیاسییه‌كه‌شی نه‌بوونه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م نه‌مان‌و داخورانی چینی ناوه‌نددا.
دیاره به‌نیسبه‌ت عیراقه‌وه، جاریكی تر، هاوكێشه‌كه ئاڵۆزتر‌و قورستره. له‌عیراق پێكهاته‌ی چینایه‌تی له‌ژێر كاریگه‌ری پێكهاته‌ی ئێتنیكی‌و تائیفی‌و خێڵه‌كیدایه. جاران، رێژه‌ی هه‌ژاریی له‌ناو خێڵ‌و گروپه سوننیه‌كانی نزیك له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن كه‌متر بووه به به‌راورد به‌گروپه ئێتنیكییه‌كانی تری وه‌ك كورد‌و شیعه. له‌دوای روخانی سه‌دامیشه‌وه، به‌رزی ئاستی گه‌نده‌ڵی‌و ناشه‌فافییه‌ت‌و نادادپه‌روه‌ریی- به به‌راورد به‌و وڵاتانه‌ی له‌سیستمێكی سیاسی تۆتالیتاره‌وه ده‌گۆڕدرێن بۆ سیستمێكی دیموكراسی- ژینگه‌یه‌كیان خولقاندووه، كه ئه‌سته‌مه چینی ناوه‌ند تێیدا بتوانێت گه‌شه‌یه‌كی سروشتی به‌خۆی بدات. بۆیه شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه چینی ناوه‌ند له‌كه‌شێكی ئاوادا چینێكی په‌راوێزخراوو ناكاریگه‌ر بێت.
بۆیه، نه ئه‌و نه‌وته زۆره‌ی له‌عیراق هه‌یه، نه كاریگه‌رییه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان، نه‌بوونه‌ته هۆی گه‌شه‌ی خێرای چینی ناوه‌ند. هه‌رچه‌ند نه‌وت‌و داهاته‌كانی ئه‌م زێڕه ره‌شه هۆكارگه‌لێكی گرنگن له‌دابینكردنی پشتیوانی دارایی بۆ كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، هه‌ر له‌كه‌رته‌كانی خوێندن‌و ته‌ندروستی‌و نیشته‌جێبوونه‌وه تا ده‌گاته دابینكردنی ژیانێكی خۆش‌و په‌ره‌پێدانی ژێرخانێكی ئابووری باش، كه دواجار كۆی ئه‌و كه‌رته خزمه‌تگوزارییانه رێگه خۆش ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه بڕۆنه ناو بازنه‌ی چینی ناوه‌نده‌وه، به‌ڵام نه له عیراق‌و نه له هه‌رێم، نه‌وت‌و داهاته‌كه‌ی ئه‌م وه‌زیفه‌یه‌ی نه‌بینیووه. جگه‌له‌وه‌ی داهاتی نه‌وت نه‌یتوانیوه رۆڵی پۆزه‌تیڤی هه‌بێت له‌فراوانكردنی پانتاییه‌كانی چینی ناوه‌نددا، ئه‌م داهاته نه‌شیتوانیوه په‌ره‌بدات به‌كه‌رته ئابوورییه‌كانی وه‌كو پیشه‌سازی، كشتوكاڵ‌و ئه‌و كه‌رتانه‌ی خزمه‌تگوزارییان هه‌یه له‌بواری وه‌به‌رهێناندا، بۆیه مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه، كه نه‌یتوانیوه مه‌وداكانی ئه‌و كه‌رتانه فراوان بكات. وه‌ك ده‌ره‌نجامێكی سروشتی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ش، كاتێك نه‌وت‌و داهاته‌كانی نه‌یتوانی ئه‌م وه‌زیفه‌یه ببینێت، ئه‌وا بۆ چینی ناوه‌ندیش ئاسان نییه، كه فراوانبوون‌و ره‌گداكوتان به‌خۆیه‌وه ببینێت. به‌كورتی، تا ئه‌و ئه‌قڵه‌یه‌ته ئابوورییه زاڵ نه‌بێت، كه بتوانێت په‌ره به‌و كه‌رته ئابوورییانه بدات زه‌حمه‌ته چینی ناوه‌ند گه‌شه‌كردن به‌خۆیه‌وه ببینێت.
ده‌ره‌نجام
دواكه‌وتنی مووچه‌و قه‌یرانه بێ كۆتاییه‌كان، نا كاریگه‌ریی داهاتی نه‌وت‌و خراپی ئه‌دای سیاسه‌تی ئابووریی، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی باش بوون بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تواناكانی چینی ناوه‌ند له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراقدا. هه‌رچه‌ند له‌ده‌یه‌ی رابردوودا فراوانبوون‌و شكڵ گرتنی ئه‌م چینه له‌ڕووی سیاسییه‌وه جۆرێك له‌یه‌كتر قبووڵكردن‌و كرانه‌وه‌ی سیاسی، له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه جۆرێك له‌سه‌قامگیری‌و ئارامی‌و له‌ڕووی ئابووریشه‌وه جۆرێك له‌بوژانه‌وه‌و باشبوونی گوزه‌رانی خێزانه‌كانی هێنابووه كایه‌وه، خراپبوونی دۆخی ئابووری‌و چه‌ند پرسێكی سیاسی كۆمه‌ڵێك پرسیاری تایبه‌ت به‌چینی ناوه‌ندی له‌هه‌رێم وروژاند.
بۆچی تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند هه‌رچه‌ند ئیشی جێگیریان هه‌یه، به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌رگه‌ی قه‌یرانی دارایی بگرن؟ بۆچی دۆزینه‌وه‌ی سامانی سروشتی‌و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی سه‌دان هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌جیاتی ئه‌وه‌ی په‌ره به‌م چینه بدات بووه‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونی؟ بۆچی جیهانگیری‌و قورسی ژیانی مۆدێرن‌و پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا نه‌بوونه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند له‌هه‌رێم، به‌ڵام هه‌ندێك پرسی سیاسی ئه‌ندازه‌ی له‌ناوچوونی ئه‌م چینه‌یان فراوانتر كرد؟ له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چینی ناوه‌ند واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه ئه‌ندامه‌كانی ئاستێكی گوزه‌رانی مام ناوه‌ندی ژیان‌و داهاتی مام ناوه‌ندییان هه‌یه، به‌ڵام بۆچی به‌راورد به‌میلله‌تانی تر، ئه‌م چه‌مكه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا چه‌مكێكی ناڕۆشنه؟
جگه له‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌كرێت ئاماژه به‌وه‌ش بدرێت چینی ناوه‌ند له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت، كه وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌كانی تر خاوه‌ن پته‌ویی‌و جێگیریی تایبه‌ت به‌خۆی نه‌بێت‌و به‌رده‌وام له‌كێشه‌دا بێت.
یه‌كه‌م، تائێستا نه‌توانراوه پێوانی ئه‌و گۆڕانكارییانه بكرێت، كه له‌ژێرخانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا روویانداوه. دووه‌م، نازانرێت داهاتی ئه‌م چینه، كه ده‌ستیده‌كه‌وێت چه‌نده‌و چۆنه؟. سێیه‌م، هه‌رچه‌ند به‌پێوه‌ره جیهانییه‌كان بێت داهاتی چینی ناوه‌ند له دوو تا پێنج ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و داهاته زیاتره، كه چینی هه‌ژار ده‌ستی ده‌كه‌وێت، به‌ڵام نازانرێت داخۆ ئه‌مه بۆ چینی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش راسته یان نا. چواره‌م، داتایه‌كی دروست له‌به‌رده‌ستدا نییه، كه تێیدا تاكه‌كان خۆیان پێناسه بكه‌ن به‌وه‌ی ئایا سه‌ر به كام چینی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیین. پێنجه‌م، هه‌رچه‌ند به‌گوێره‌ی داتا ئابوورییه‌كان بێت رێژه‌ی 60% بودجه‌ی هه‌موو وڵاتێك بۆ چینی ناوه‌ند ده‌ڕوات، جارێكی تریش هیچ داتایه‌ك نییه، كه بیسه‌لمێنێت له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراقیش ئه‌مه هه‌ر وایه یان نا. شه‌شه‌م، له‌بنه‌ڕه‌تدا تاكه‌كانی چینی ناوه‌ند وا پیشان ده‌ده‌ن، كه رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه له‌گه‌شه‌پێدانی سێكته‌ره‌كانی وه‌ك بیرۆكراتیی حكومی، ته‌كنۆلۆژی، خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و بزنس، به‌ڵام هیچ تاكێكی سه‌ر به‌چینی ناوه‌ند له‌كوردستانی عیراق پشكی له‌مه‌دا نه‌بووه.
سه‌رچاوه‌كان
Ahmad Mousa Badawi (2014) Middle Class Transformations in the Arab World, Contemporary Arab Affairs, 7:2, 246-262
Joseph Eisenhauer (2008) An Economic Definition of the Middle Class, Forum for Social Economics, 37:2, 103-113
Steven Pressman (2007) The Decline of the Middle Class: An International Perspective,
Journal of Economic Issues, Vol. 41, No. 1, pp. 181-200.
شیروان حامد
* ماسته‌ر له‌په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان[email protected]
PUKmedia کوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
11:14 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
02:02 PM - 2024-04-19 -
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
05:56 PM - 2024-04-19
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
10:43 AM - 2024-04-19
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:09 AM - 2024-04-19
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
05:05 PM - 2024-04-18
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
پرسەنامە 11:14 PM - 2024-04-19 -
قوباد تاڵەبانی: ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە
کوردستان 08:59 PM - 2024-04-19 -
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
کوردستان 05:56 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
کوردستان 02:02 PM - 2024-04-19 -
پێشمەرگەی دێرین سەردار محەمەد بەسەردەکرێتەوە
ی ن ک 01:01 PM - 2024-04-19 -
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
عیراق 10:43 AM - 2024-04-19 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:09 AM - 2024-04-19