riklam

خۆی به‌ تیرۆرستاندا ته‌قانده‌وه‌و زه‌نگی كۆتایپهێنانی داعشی له‌كۆبانێ لێدا

کوردستان 09:47 AM - 2015-10-05
ئارین میركان كچه‌ شۆڕگێڕه‌كه‌ی كۆبانێ

ئارین میركان كچه‌ شۆڕگێڕه‌كه‌ی كۆبانێ

 

ئارین میركان كه‌م كه‌س هه‌یه‌ پێش به‌رخودانی كۆبانێ ئه‌م ژنه‌ كوره‌ شۆڕشگێڕه‌ بناسێت، كه‌له‌وه‌ها رۆژێكداو له‌ 5-10-2014 له‌ سه‌ره‌تای گڕگرتنی كۆبانبه‌ڕووی داعشدا خۆی به‌ كاروانێكی تیرۆرستانی داعش به‌چه‌كی قورسه‌وه‌ ته‌قانده‌وه‌و زیاتر له‌ 20 تیرۆرستی كوشت و ده‌یانی تریشی برینداركرد .

 

ئارین میركان، یه‌كێكه‌ له‌و سه‌ركرده‌ ژنانه‌ی رۆژئاوای كوردستان كه‌ فه‌رمانده‌ی زیاتر له‌ 100 ژنی قاره‌مانی ده‌كرد، له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی داعش بۆ ناوشاره‌كه‌و له‌ ته‌ل مشته‌نوڕ ئه‌وكاته‌ی داعش به‌زیاتر له‌ 10 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و چوار تانكه‌وه‌ به‌ره‌و ناو كۆبانێ ده‌هاتن، بۆ رێگه‌گرتن له‌پێشڕه‌ویه‌كانیان و رزگاركردنی گیانی هاوڕێكانی خۆی به‌تیرۆرستاندا ته‌قانده‌وه‌. 

 

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی هاوڕێ نزیكه‌كانی ئارین و چالاكوانه‌ سیاسیه‌كانی رۆژئاوا له‌وكاتدا خستویانه‌ته‌ڕوو، له‌ هێرشه‌ گیانبازیه‌ی فه‌رمانده‌ ئاریندا زیاتر له‌ 29 تیرۆرست كوژراون و 19ی تریش برینداربوون و ژیانی 80 ژنه‌ شه‌ڕڤانیشی رزگاركردوه‌. 

 

پێشتر ئارین میركان گه‌ریلا بووه‌و ته‌واوی راهێنانه‌ سه‌ربازیه‌كانی له‌ریزه‌كانی هه‌په‌گه‌دا ته‌واوكردوه‌و شاره‌زای چه‌كه‌كانی قه‌ناس و دۆشكا وبیكه‌یسی و ئاربیجی بووه‌و له‌چه‌ندین شه‌ڕو به‌رخوداندا به‌شداریكردوه‌. 

 

ئارین میركان له‌ساڵی 1992 له‌ گوندی میركانی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی موباتای كانتۆنی عه‌فرین له‌دایك بووه‌و ناوی دیلارایه‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی به‌سه‌ركه‌وتووی ته‌واوكردوه‌، به‌ڵام هه‌رزوو به‌رگی شۆڕشگێریه‌تی كردوه‌ته‌به‌ری و له‌ته‌مه‌نێكی زۆركه‌مدا بووه‌ته‌ ئه‌ندام له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردی له‌رۆژئاوای كوردستان و له‌ساڵی 2007 به‌شداری چه‌ند چالاكیه‌كی گه‌وره‌ی كردوه‌. 

 

دواجار ئارین میركان له‌قه‌ندیله‌وه‌ به‌ره‌و رۆژئاوای سوریا هاتووه‌ته‌ خواره‌وه‌و له‌سه‌ره‌تایی ئاڵۆزیه‌كانی سوریادا بووه‌ته‌ فه‌رمانده‌ له‌ریزه‌كانی یه‌په‌ژه‌و رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌رێكخستنی هێزی ژنان له‌ رۆژئاوا. 

 

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ PUKmedia له‌ هاوڕێكانیه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتوون، ئارین یه‌كێك بووه‌ له‌فه‌رمانده‌ ژنه‌ دیاره‌كانی ناو كۆبانێ و هاوشانی نالین عه‌فرین و چه‌ند ژنه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی تر له‌گه‌ڵ مه‌حمود به‌رخودان فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ له‌ناو كۆبانێ ،پیلانی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعشیان داڕشتبوو، له‌كاتی دانانی پیلانه‌كه‌دا سوێندی پاراستنی كۆبانێ و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی شه‌نگال و گریانی ژن و منداڵانی كورد له‌داعش بكه‌نه‌وه‌. 

 

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، نالین عه‌فرین له‌كاتی بیستنی هه‌واڵی گیانفیدایكردنی ئارین میركاندا زۆر نیگه‌ران بووه‌، به‌ڵام هه‌ردوای ئه‌و داستانه‌ پڕ قاره‌مانیه‌تیه‌ ، نالین فه‌رمانیكردوه‌، كۆبانێ بۆ داعشه‌كان بكه‌نه‌ دۆزه‌خ و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هێرشیان بكه‌نه‌ سه‌ر ، به‌تایبه‌ت قه‌ناس به‌ده‌سته‌كان. 

 

هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ نالین ته‌واوی ژنه‌ شه‌ڕڤانه‌كانی كۆكردوه‌ته‌وه‌و له‌وته‌یه‌كیدا پێی ووتوون: جیهان ئێستا چاوه‌ڕێی بیستن و بینینی قاره‌مانیه‌تی ئێوه‌یه‌ ، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بیسه‌لمێنن ژن ده‌توانێت  زۆر شت بگۆڕێت ، ده‌توانێت هه‌میشه‌ سیمبوڵی پاراستنی ئازادی و ته‌نانه‌ت كه‌رامه‌تی نێرینه‌ش بێت .

 

باسیله‌وه‌شكردوه‌: ئێمه‌ ته‌نها یه‌ك ئارینمان نیه‌ ، ئه‌گه‌ر مێژوو غه‌دری لێنه‌كردباین ، هه‌ر ژنه‌ كوردێك بۆ خۆی ئارینێكی قاره‌مان دابوو، بۆیه‌ بچنه‌ گژی داعش و كۆبانێیان بۆ بكه‌ن به‌ دۆزه‌خ . 

 

هه‌ردوای وتاره‌كه‌ی نالین ، بڵێسه‌ی ئاگری تفه‌نگی ژنانی كورد هه‌ر له‌شه‌یدا كۆبانێ و شیرین كۆبانێ و چه‌ندین شێره‌ ژنی تر بوونه‌ گڕی سوتاندنی داعش و هۆكاری سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی كۆبانێ . 

 

5-10-2014 رۆژێكی گه‌وره‌و مێژوویه‌ له‌ داستانه‌ پڕقاره‌مانیه‌تیه‌كانی گه‌لی كوردا ، وابڕیاره‌ چه‌ندین مه‌راسیم بۆ ئارین میركان به‌ڕێوه‌ بچێت . 

 

 

PUKmedia  ئا/ سامان یاروه‌یس 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket