گه‌شتـێـك بـۆ چـیـن و مـاچـیـن
ریپۆرتاژ 11:20 AM - 2015-10-03ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به به‌رده‌وامی چاودێری وڵاتی چین ده‌كه‌م، خۆشه‌ویستیه‌كی زۆریش له‌ناخمدا به‌رامبه‌ر به‌م وڵاته مه‌زنه‌ی جیهان هه‌یه. هه‌ربۆیه پێش پێنچ ساڵ كتێبێكم به‌ناوی ״چین زلهێزی نوێی جیهان״ نووسی، تێڕوانینی خۆمم له‌باره‌ی ئه‌م وڵاته‌وه خسته ڕوو. له ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌لی كوردستانیش دۆكۆمێنتاریه‌كم له‌باره‌ی ئه‌م زلهێزه‌ی نوێیه‌ی جیهانه‌وه سازكرد. سه‌ردانی وڵاتی چین یه‌كێك بوو له خه‌ونه‌كانم ، خۆشبه‌ختانه له ماوه‌ی پێشوودا ئه‌م خه‌ونم هاته دی و سه‌ردانی ئه‌م وڵاته مه‌زنه‌م كرد.
دیاره لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی سووپاسی حكومه‌ت و هاوڕێیانی پارتی كۆمۆنیستی چینی بكه‌م، كه ده‌عوه‌تی سه‌ردانی وڵاته‌كه‌یان كردم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه به چاوی خۆم، ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنه ببینینم، كه ئه‌م وڵاته به‌خۆیه‌وه ده‌یبینێت.
بیجین پایته‌خته دێرینه‌كه
ڕۆژی 7 ئه‌م مانگه پاش 15 كاتژمێر له‌ناو فڕۆكه، گه‌یشتینه بیجینی پایته‌ختی چین. هه‌ر له‌ئاسمانه‌وه سه‌یرم له گه‌وره‌یی ئه‌م شاره سووڕما، به‌هه‌موو ژیانم شاری وا گه‌وره‌م نه‌دیوه. كاتێكیش دابه‌زینه سه‌ر زه‌وی، باڵه‌خانه مه‌زن و بڵنده‌كان، شه‌قامه پان و درێژه‌كان، بوونی حه‌شاماتێكی زۆری مرۆڤ، هه‌موو ئه‌مانه شتگه‌لێكی نوێ بوون بۆ من و شاندی میوان، كه‌له هه‌شت ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیه‌وه هاتبوون.
بیجین نموونه‌ی شارێكی پێشكه‌وتو و مۆدێرنه، ڕێك وه‌كو كچێكی جوانی هه‌رزه‌كار ده‌هاته پێش چاوم، كه تازه باوه‌ش بۆ ژیانێكی نوێ ده‌كاته‌وه. شارێك له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه مۆدێرنه، ته‌واوی ژێرخانی ئابووری ئه‌و وڵاته، هاوشانی وڵاته ئوروپیه‌كانه. شه‌قام و ڕێگاوبانه‌كانی تا بڵێیت مۆدێرنه، باڵه‌خانه و ڕیستۆرانت و هۆتێل و كافێكانی، هه‌مووی ستایلێكی رۆژئاوایی پێوه دیاره.
له‌جلووبه‌رگ و ئۆتۆمبیل و ته‌له‌فوونه ده‌ستیه‌كانه‌وه، هه‌مووی دوایین مۆدێل بوو. له سیمای مرۆڤه‌كانیشه‌وه، ئاسۆییه‌كی ڕوون و دره‌وشاوه‌م ده‌بینی، هه‌موویان به‌وپه‌ری گه‌شبینیه‌وه سه‌یری داهاتووی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن. له‌هه‌مووی سه‌یرتر، وڵاتی چین كه ژماره‌ی دانیشتوانی1370 ملیۆن كه‌سه، ژماره‌یه‌كی ئێجگار كه‌می خه‌ڵكم ده‌بینی، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سواڵ بكات، به پێچه‌وانه‌ی لای خۆمانه‌وه، كه‌هه‌ر سه‌ر فولكه‌یه‌ك بۆته مه‌یدانی سواڵكه‌ران. ئه‌مه له‌كاتێكدا كۆی ژماره‌ی كورد له عیراق، ته‌نها چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی بیجین یان شه‌نگهایه.
پارێزگاریكردن له مێژووی دێرین
خاڵێكی گرینگی تر كه جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانم بوو ئه‌وه‌بوو، كه چینیه‌كان زۆر به‌ته‌نگی پارێزگاریكردنی كولتووری خۆیانه‌وه‌ن. به‌شێكی زۆری شوێنه‌واره‌كانیان به باشترین و جوانترین شێوه پاراستووه. سه‌ردانی دیواری مه‌زنی چین، یه‌كێك بوو له خه‌ونه‌كانم ، باشبوو له‌م گه‌شته‌دا ئه‌و خه‌ونه‌م هاته‌د دی و سه‌ردانی ئه‌و شورا مه‌زنمه‌ن كرد و له نزیكه‌وه چاوم به وه‌ستایی و زیره‌كی چینیه‌كان كه‌وت.
دیاره مێژووی چین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو هه‌زار ساڵ پێش زایین، واته چوار هه‌زار ساڵه. له‌پاش شواری چین، سه‌ردانی كۆشكی ئیمپراتۆرمان كرد، كه له كۆمه‌ڵێك كۆشكی نایاب پێكهاتبوو، له‌ڕووی بیناسازیه‌وه ، شتێكی ته‌واو سه‌رنجڕاكێشه. كۆمۆنیسته چینیه‌كان دوژمنی سه‌رسه‌ختی چینی ده‌ره‌به‌گ و خانه‌دان و پاشایه‌تی بوون، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا به‌وپه‌ڕی جددیه‌ته‌وه پارێزگاریان له شوێنه‌وارو داهێنانی ئیمراتۆریه كۆنه‌كانی وڵاته‌كه‌یان كردووه.
هه‌رێمی سیتشوان
له‌پاش بیجین سه‌ردانی هه‌رێمێكی مێژوویی تری چینمان كرد، كه ئه‌ویش هه‌رێمی سیتشوان بوو، شاری جاندو پایته‌ختی هه‌رێمی سیتشوانه. ئه‌م شاره مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه، پێش چوار هه‌زار ساڵ له‌م شوێنه‌دا مه‌مله‌كه‌تی شو دروستبوو، كه‌یه‌كێكه له مه‌مله‌كه‌ته گرنگ و پڕ بایه‌خه‌كانی وڵاتی چین.
هه‌رێمی جاندو ده‌كه‌وێته باشووری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌وه، پێش چه‌ند ساڵێك ئه‌م هه‌رێمه به‌یه‌كێك له‌هه‌رێمه دواكه‌وتووه‌كانی چین ده‌ژمێرا، جاندو له‌چاو شه‌نگهایی و هه‌رێمه‌كانی تری رۆژئاوای چین، له‌ڕووی ته‌كنه‌لۆژی و ئابووری و ژێرخانی ئابووریه‌وه زۆر له دواوه بوو. به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی ״بوژانه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كانی ناوه‌راست و ڕۆژئاواوه״ كه حكومه‌تی ناوه‌ندی پێڕه‌وی ده‌كات، ئه‌م هه‌رێمه‌ش تیشكی گه‌شه‌سه‌ندنی به‌خۆوه بینی.
90 ملیۆن كه‌س
هه‌رێمی سیتشوان هه‌رێمێكی گه‌وره‌ی چینه، ژماره‌ی دانیشتوانی ده‌گاته 90 ملیۆن كه‌س. ئه‌م هه‌رێمه له‌حاڵی حازردا گه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پیشه‌شازی و بازرگانی گه‌وره به خۆیه‌وه ده‌بینێت، پێشتر به یه‌كێك له هه‌رێمه هه‌ژاره‌كانی چین ده‌ژمێرا، به‌ڵام ئێستا به یه‌كێكه له سه‌نته‌ره بازرگانی و پێشه‌شازیه گه‌وره‌كانی چین ده‌ژمێرێت.
215 ترلیۆن یوان
هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێكرد، ئه‌م شاره هه‌مووی چه‌ند ساڵێكه وا پێشكه‌وتووه، بۆ نموونه ساڵی 2010 كۆی گشتی بارزگانی ئه‌م هه‌رێمه 370 ملیارد یوان بوو، به‌ڵام ساڵی پار گه‌یشته 823 ملیارد یوان، له رووی سه‌رمایه‌گوزی بیانیشه‌وه ساڵی 2010 61 ملیارد یوان بووه، به‌ڵام ساڵی 2014 گه‌یشتۆته 103 ملیارد یوان.
ساڵی پار كۆی گشتی داهاتی ئه‌م هه‌رێمه گه‌یشتۆته نزیكه‌ی 215 ترلیۆن یوان ، هه‌ر دۆلارێك شه‌ش یوانه. واته نزیكه‌ی 360 ملیارد دۆلار. داهاتی ئه‌م هه‌رێمه له داهاتی وڵاتێكی وه‌كو ئێران گه‌وره‌تره. زیاتر له 1900 كۆمپانیای جیهانی له‌م هه‌رێمه‌دا سه‌رمایه‌گوزاری ده‌كه‌ن، 200 كۆمپانیا له‌م شاره‌دا لقیان هه‌یه، كه‌له لیستی 500 كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی جیهانن بۆ نموونه: (Fiat; GM,Siemens, WV,Intel,Ford,Toyota,Thessen, Bosch,Ericson,Porsche) له‌م شاره‌دا سه‌رمایه‌گوزاری و كارگه‌ی خۆیان دروستكردووه. له ڕووی بانكیشه‌وه، 230 بانكی چینی و جیهانی لقیان له‌م هه‌رێمه‌دا هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه كه 14 ده‌وڵه‌ت كونسڵوخانه‌ی خۆیان له‌م شاره‌دا بكه‌نه‌وه.
له‌ڕوی سامانی سروشتیشه‌وه هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و گاز و نه‌وتی زۆری هه‌یه، جگه‌له گاز‌و نه‌وتیش 43 جۆری تری سامانی سروشتی هه‌یه.
109 زانكۆ
له‌كاتی دانیشتمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی سیتشوان، كه تابڵێیت كه‌سێكی خاكی و به‌ڕێز بوو، به‌وپه‌ڕی ڕێزیشه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌داینه‌وه‌و به‌شانازیشه‌وه باسی هه‌رێمه‌كه‌ی بۆ ده‌كردین. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجم بوو ئه‌و گرینگه تایبه‌تییه بوو كه‌به زانست و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ ده‌درێت، بۆ نموونه ته‌نها له‌م هه‌رێمه‌دا 109 زانكۆ هه‌یه، 177 مخته‌به‌ری زانستی و، 143 سه‌نته‌ری ته‌كنه‌لۆژیای نوێ ״های تێك״ هه‌یه. ساڵانه 300 هه‌زار خوێندكار زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌بنه خاوه‌نی بروانامه‌ی زانستی.
دۆڵی سیلكۆنی چینی
پرۆژه‌یه‌كی گرینگی تری ئه‌م شاره، ئێستا خه‌ریكی دروستكردنین، پرۆژه‌ی دۆڵی ته‌كنه‌لۆژیایه. دیاره ئه‌مه‌ش به لاسییكردنه‌وه‌ی دۆڵی سیلیكۆنی ئه‌مریكایه بۆ های تێك. حكومه‌تی چینی به‌نیازه له‌م شاره‌دا ناوچه‌یه‌كی فراوان بۆ كۆمپانیا چینی و جیهانیه‌كان ته‌رخان بكات، بۆ بواری ته‌كنه‌لۆژیا مۆدێرن.
500 ملیۆن گه‌شتیار
یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه‌له‌م گه‌شته‌دا بۆم ده‌ركه‌وت، گه‌شتیاری ناوخۆی چینییه. چینیه‌كان به پێچه‌وانه‌ی جیهانه‌وه، زیاتر پشووه‌كانیان له وڵاته‌كه‌ی خۆیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش له ڕووی ئابووریه‌وه سوودی زۆره بۆ وڵات. هه‌رێمی سیتشوان ناوچه‌یه‌كی تابڵێیت جوان و دڵڕفێنه، شاخ و ده‌شت و دۆڵه ره‌نگیه‌نكانی، زیاتر له ناوچه گه‌شتیاره‌كانی سویسرا ده‌چێت. جگه له‌وه‌ش ئه‌م هه‌رێمه مه‌نزڵگه‌ی وورچی ״پانادا״یه، كه‌یه‌كێكه له وورچه دانسقه‌و كه‌مه‌كانی جیهان. له‌جیهاندا ئه‌م جۆره وورچه ته‌نها له‌م هه‌رێمه‌ی چیندا هه‌یه، خۆشبه‌ختانه توانیمان سه‌ردانی ئه‌و پاركه تایبه‌تییه بكه‌ین، كه‌بۆ ژیان وورچی پاندا دانراوه. ئه‌و پاركه كه كه پانتاییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه، زۆر شوێنێكی سه‌رنجڕاكێشه، به‌هه‌زاران گه‌شتیار ڕوو له‌م پاركه ده‌كه‌ن.
له‌م هه‌رێمه‌دا زیاتر له 100 شوێنه‌واری مێژوویی تێدایه، سروشتی جوان و مێژووی دێرین بۆته سه‌رمایه‌كی باش بۆ ئه‌م هه‌رێمه، هه‌ربۆیه ساڵانه نزیكه‌ی 500 ملیۆن گه‌شتیاری چینی سه‌ردانی ئه‌م هه‌رێمه ده‌كه‌ن، چوار ملیۆن گه‌شتیاریش له جیهانه‌وه دێنه ئه‌م هه‌رێمه جوانه‌ی چین.
جگه‌ره كێشان
له‌ناو پاركدا قه‌ده‌غه‌یه
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو له‌م پاركه‌دا جگه‌ره كێشان قه‌ده‌غه‌بوو، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجاربوو له ژیانمدا ببینم له‌ناو پاركێكدا جگه‌ره كێشان قه‌ده‌غه بێت، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ژیان و ته‌ندروستی مام پاندا ده‌گه‌ڕایه‌وه، چونكه ترسیان له وه هه‌بوو كه دووكه‌ڵی جگه‌ره ، كاریگه‌ری خراپ بكاته سه‌ر ژیانی و ساخڵه‌می پاندا.
هێڵی ئاوریشـمی نوێ
ڕێگای ئاوریشم كه یه‌كێكه له ڕێگا مێژوویه‌كانی جیهان، له ڕێگای ئاسیای ناڤین و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راسته‌وه یان وه‌كو چینیه‌كان ده‌ڵێن ״رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا״، به‌رهه‌م و كاڵای چینی به كاروان ده‌گه‌یشته ئوروپا. ئێستاش چینیه‌كان یه‌كێك له پرۆژه گه‌وره‌كانیان، زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێگای ئاوریشـی نوێیه، كه‌له ووتاری داهاتوودا به درێژی باس له‌م ستراتیژیه گرینگه‌ی چین ده‌كه‌م.
له‌كاتی سه‌ردانمان بۆ شاری جاندوو، چووین سه‌ردانی ئه‌و وێزگه گرینگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌رمان كرد، كه‌له ساڵی 2013 له‌ڕێگای هێلی ئاسنینه‌وه، چین به كیشوه‌ری ئه‌وروپاوه ده‌به‌ستێته‌وه. هێڵی ئاسنی ״ئویرۆ ئاسیا، یان Chengdu –Europe Express Rialway، ئه‌م هێڵه درێژایی ده‌گاته 9826 كم له شاری جاندووه ده‌ستپێده‌كات و به ئاسیای ناڤین‌دا به‌تایبه‌تی وڵاتی كازاخستان تێده‌په‌ڕێت و پاشان بۆ وڵاتی رووسیا و ئینجا رووسیای سپی و دوا وێزگه‌شی شاری لۆدسی پۆلۆنیاییه.
دیاره ئه‌م پرۆژه‌یه یه‌كێكه له پرۆژه گه‌وره‌كانی چین كه‌له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئه‌نجامی داوه، ئامانجیش له‌م پرۆژه‌یه گه‌ڕانه‌روه‌ی كات و پاره‌یه. بۆ نموونه بۆ گه‌یشتنی كه‌شتیه‌كی بارهه‌ڵگر له چینه‌وه بۆ ئوروپا ، نزیكه‌ی 45 ڕۆژی پێده‌چێت، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی ئه‌م هێڵه ئاسنینه‌وه ته‌نها 10 رۆژی پێده‌چیت. ئه‌مه‌ش له رووی بازرگانیه‌وه، رۆڵێكی زۆر گه‌وره ده‌بینیت.
شه‌نگهای پایته‌ختی
جوانی و بازرگانی
سه‌ردانی شاری شه‌نگهای به‌شێك بوو له گه‌شته‌كه‌مان، به‌ڕاستیش یه‌كێك بوو له وێزگه گرنگ و پڕ بایه‌خه‌كانی ئه‌م گه‌شته‌مان. دیاره بینینی شه‌نگهای خۆی له خۆیدا ڕووداوێكی گرنگه، چونكه ئه‌مشاره له‌ڕووی دانیشتوانی و ئابووری و سیاسیه‌وه، ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه.
دیاره ئه‌مشاره مێژوویه‌كی گه‌وره‌ی له ئازاردان و مه‌ینه‌تی هه‌یه. ساڵی 1842 به‌ناچاری چینیه‌كان وازیان له‌م شاره و چوار شاری تری كه‌ناری ده‌ریا هێنا بۆ ئینگلیزه‌كان، ئه‌مه‌ش له‌پاش جه‌نگی تلیاك هات، كه به‌پێی ڕێككه‌وتنامه‌ی نانجینگ، چینیه‌كان ناچاربوون واز له‌م پارچه گرنگه‌ی وڵاته‌كه‌یان بهێنن، كه‌هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ناخی هه‌موو چینیه‌كان ده‌هه‌ژێنێت.
سووكایه‌تی و زه‌لیلكردنی خه‌ڵكی شه‌نگهای به‌ده‌ستی داگیركه‌ری بیانی هه‌ر به‌مه‌ش كۆتایی نه‌هات، هه‌تاوه‌كو ساڵی 1932 چه‌ته‌گه‌ری داگیركه‌ران له‌سه‌ر ده‌ستی داگیركه‌ری ژاپۆنی گه‌یشته لووتكه‌و له ئه‌نجامی بۆمبارانی فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی ژاپۆندا، زیاتر له 18 هه‌زار كه‌س بوونه قووربانی زیاتر له 250 هه‌زاریش ئاواره‌بوون. ژاپۆنیه‌كان ده‌یانویست ئه‌مشاره له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختی بكه‌ن. تاڕاده‌یه‌كی زۆریش مه‌رامی نه‌گریسان هاته دی.
به‌ڵام كاتێك من سه‌ردانی ئه‌مشاره قاره‌مانه‌م كرد، نه‌ك ئه‌و مێژووه خوێناویه‌ی له‌بیركردووه، به‌ڵكه ئێستا شه‌نگهای بۆته سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ی بازرگانی و دارایی هه‌موو ئاسیا‌و جیهان. ئه‌مه‌ش باشترین وه‌ڵامی گه‌لێكی زوڵملێكراوه بۆ داگیركه‌رانی چونكه هه‌میشه داگیركه‌ران ده‌یانویست ئه‌مشاره به وێرانی ببینن و خه‌ڵكه‌كه‌ی زه‌لیل بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌مڕۆ شه‌نگهای بۆته گه‌وره‌ترین میترۆپۆڵی ئاسیا‌و جیهان.
شه‌نگهای شاری 25 ملیۆن كه‌س
ژماره‌ی دانیشتوانی شاری شه‌نگهای ده‌گاته 25 ملیۆن كه‌س، كۆی گشتی ڕووبه‌ری پارێزگاكه سه‌رو 6 هه‌زار كم چوارگۆشه‌یه، واته له ولاتی لوبنان گه‌وره‌تره. له ڕووی ژێرخانی ئابووریه‌وه ئه‌مشاره زۆر پێشكه‌وتووه به‌تایبه‌تی له‌رووی ڕێگاوبانه‌وه. بۆیه‌كه‌مجار ساڵی 1988 له چین له‌شاری شه‌نگهای ڕێگای خێرا ״ئاوتۆ بان״ دروستكرا. شه‌نگهای جگه له ڕێگاوبانی زۆر باش ، خاوه‌نی سیسته‌مێكی هاتووچۆی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و میترۆیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه.
ڕۆژانه 8 ملیۆن
كه‌س سواری میترۆ ده‌بن
میترۆی شه‌نگهای رۆژانه 8 ملیۆن كه‌س سواری ده‌بێت، رووبه‌ری گشتی ده‌گاته 20 كم چوارگۆشه. له‌كاتی سه‌ردانمان بۆ ده‌زگای ״نه‌خشه‌دانانی شاری شه‌نگهای״ ئه‌وه‌یان پێ ڕاگه‌یاندین ئێستا خه‌ریكی پرۆژه‌یه‌كن بۆئه‌وه‌ی میترۆی شه‌نگهای فروانتر بكه‌ن و بگاته نزیكه‌ی 50 كم چوارگۆشه. شاری شه‌نگهای خاوه‌نی خێراترین شه‌مه‌نده‌فه‌ری جیهانه كه‌به ״شه‌مه‌نده‌فه‌ری موگناتیزی ماگنێت״ ده‌ناسرێت پێش چه‌ند ساڵێك كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی بۆی دروستكردوون.
له رووی بواری فرۆكه‌وانییه‌وه، شه‌نگهای خاوه‌نی دوو فرۆكه‌خانه‌یه، یه‌كێكیان تایبه‌تیه به گه‌شتی ناوخۆیی، فرۆكه‌خانه‌كه‌ی تریان زیاتر نێوده‌وڵه‌تییه. فرۆكه‌خانه‌ی شه‌نگهای یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین فرۆكه‌خانه‌ی چینه و ساڵانه 40 ملیۆن گه‌شتیار دێنه ئه‌م فرۆكه‌خانه‌یه‌وه . له رووی گه‌شتیاریشه‌وه ئه‌م شاره پێشه‌نگه، سالانه زیاتر له 80 ملیۆن گه‌شتیاری چینی و بیانی سه‌ردانی ئه‌مشاره ده‌كه‌ن.
به‌نده‌ری شه‌نگهای
به‌شێك له‌به‌رنامه‌ی گه‌شته‌كه‌مان سه‌ردانی به‌نده‌ر مه‌زنه‌كه‌ی شه‌نگهای بوو كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی ״پۆدۆنه‌وه״. ئه‌م ناوچه‌یه به‌سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ی بازرگانی و دارایی شه‌نگهای ده‌ژمێرێت. له‌م ناوچه‌یه‌دا زیاتر له 308 كۆمپانیای جیهانی كه‌له لیستی 500 كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهانن، بنكه‌یان هه‌یه. له به‌نده‌ری چینی‌دا زیاتر له 143 كۆمپانیای گه‌وره‌ی چینی لقیان هه‌یه، جگه له‌وه‌ش 132 ده‌وڵه‌ت كونسوڵخانه‌یان له‌م شاره‌دا هه‌یه. كۆی گشتی بارزگانی گشتی له‌به‌نده‌ری شه‌نگهایدا ده‌گاته نزیكه‌ی 150 ملیارد دۆلار. ئه‌م به‌نده‌ره زیاتر وه‌كو بنكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ״شه‌حنكردن״ی كاڵا چینیه‌كانه بۆ جیهان، له‌هه‌مانكاتیشدا بنكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هێنانی شمه‌كی بازرگانییشه بۆ چین.
شه‌نگهای وه‌كو نموونه‌یه‌كی باش
هه‌میشه شاری شه‌نگهای له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و بارزگانییه‌وه ،پێشه‌نگی شاره‌كانی تری چین بووه. له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ فرۆكه‌خانه، نیقاشێكمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی شه‌نگهای كردوو، ئه‌وه‌ی پێ راگه‌یاندم، كه ئێستا حكومه‌تی چینی ده‌یه‌وێت شه‌نگهای بكاته نموونه‌یه‌ك بۆ شاره‌كانی تر، به‌تایبه‌تی له‌رووی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریه‌وه. ئێستا شاری شه‌نگهای كه‌رتی پیشه‌شازی ته‌نها 17% كۆی گشتی داهاتی ئه‌مشاره پێكده‌هێنێت، به‌شێكی زۆری داهاتی شه‌نگهای بواری خزمه‌تگوزاری پێكده‌هێنێت.
ئه‌مڕۆ چین به‌ده‌ست دوو كێشه‌ی گه‌وره‌وه ده‌ناڵێنێت یه‌كه‌میان: جیاوازی گه‌شه‌سه‌ندن له نێوان هه‌رێمه‌كانی، دووه‌میان: كێشه‌ی ژینگه‌یه. هه‌ربۆیه كه‌مكردنه‌وه كه‌رتی پیشه‌شازی ده‌بێته هۆی باشكردنی بواری ژینگه‌ی چین، هه‌وره‌ها به‌هێزكردنی خزمه‌تگوازری ده‌بێته هۆی بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی ئابووری هه‌رێمه‌كانی تری چین ، كه‌له چاو هه‌رێمه كه‌ناریه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌وه زۆر هه‌ژارن.
چین چۆن به‌ڕێوه ده‌برێت
ئه‌مه یه‌كێكه له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی كه‌هه‌موو مرۆڤێك له‌باره‌ی چینه‌وه ده‌یبپرسێت، ئاخۆ 1370 ملیۆن كه‌س چۆن به‌ڕێوه ده‌برێن؟. دیاره به‌نده پێشتر له دووره‌وه زانیاریم له‌باره‌ی چۆنێتی حوكمرانی ئه‌م وڵاته‌وه هه‌بوو، به‌ڵام له‌م گه‌شته‌دا زانیاری زۆرترم ده‌ستكه‌وت به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی شیوازی ڕێكخستنی پارتی كۆمۆنیستی چینیه‌وه.
8 پارتی سیاسی
دیاره چین له‌ساڵی 1949ن ه‌وه له‌لایه‌ن پارتی كۆمۆنیستی چینیه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نوێ بوو بۆ من ئه‌وه‌بوو كه جگه له پارتی كۆمۆنیستی، 8 پارتی تری چینیش به‌شداری ژیانی سیاسی چین ده‌كه‌ن. له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ״لیو هونگ تسای״ جێگری وه‌زیری په‌یوه‌ندیه‌كانی لیژنه‌ی ناوه‌ندی پارتی كۆمۆنیستی ، كۆمه‌ڵێك زانیاری زیاتری له‌باره‌ی پارتی كۆمۆنیستی و ئامانجه دووره نزیكه‌كانی بۆ روونكردینه‌وه.
87 ملیۆن ئه‌ندامی حزبی
دیاره پارتی كۆمۆنیستی له ساڵی 1921 دروستبووه، سه‌ره‌تا ته‌نها 56 ئه‌ندامی هه‌بووه. حالی حازر ئه‌م پارته 87 ملیۆن ئه‌ندامی هه‌یه. له‌م ژماره زۆره ته‌نها 4.3 ئه‌ندامی چالاكی هه‌یه، واته ته‌نها كار بۆ حزب ده‌كه‌ن. هه‌ر پێنچ ساڵ جارێك به ئاماده‌بوونی 2 هه‌زار ئه‌ندام، حزب كۆنگره‌ی خۆی ده‌به‌ستێت و لیژنه‌ی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی سیاسی نوێ هه‌لده‌بژێرێت.
له‌پارتی پێشڕه‌وی كرێكارانه‌وه بۆ پارتی خوێندكاره زیره‌كه‌كان
یه‌كێك له تێزه‌كانی لینین دروستكردنی پارتی پێشڕه‌وی چینی كرێكاران بوو، لینین پێی وابوو پێویسته پارتی كۆمۆنیست، ببێته پێشڕه‌وێكی سیاسی و جه‌ماوه‌ری بۆ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران و ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشی كرێكاری بكات. تا ماوه‌یه‌كی زۆر ئه‌م تێزه‌ی لینین ته‌واوی پارته چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كانی جیهان پێڕه‌ویان ده‌كرد، له‌چینیش به‌هه‌مان شێوه تاماوه‌یه‌كی زۆر پارتی كۆمۆنیست پێڕه‌وی ئه‌م تێزه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغی كرانه‌وه‌و ڕیفۆرم، پارتی كۆمۆنیستی چینی ئێستا به شێوه‌یه‌كی تر كارده‌كات. ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌وه‌ی ببیته ئه‌ندامی پارتی كۆمۆنیست، پێویسته یه‌كێك بیت له خوێندكاره زیره‌كه‌كان. ساڵانه له ته‌واوی زانكۆكاندا كێبڕكێی گه‌وره سازده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی باشترین خوێندكار ببێته ئه‌ندامی حزب. به واتایه‌كی تر ئێستا پارتی كۆمۆنیستی هه‌موو كه‌سێك وه‌رناگرێت، به‌ڵكه ته‌نها نوخبه زیره‌كه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگا بۆیان هه‌یه ببنه ئه‌ندامی حیزب. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی پارته سیاسیه‌كانی رۆژهه‌ڵاته، كه‌زۆرجار ته‌نها خوێندركاره ته‌مبه‌ڵه‌كان ده‌بنه ئه‌ندامی حیزب. ئه‌م سیاسه‌ت نوێیه‌ش وایكردووه، كه پارتی كۆمۆنیست ببێته پارتی مرۆڤه زیره‌ك و چالاكه‌كان و به‌مشێوه‌یه‌ش وڵات پێشده‌كه‌وێت.
مۆدێلێكی نوێی سیاسی
له‌پاش مردنی ما‌و تسیتوونگ پارتی كۆمۆنیستی تووشی كێشه‌ی گه‌وره بوو به‌تایبه‌تی له‌ناو سه‌ركردایه‌تی ئه‌م پارته‌دا، به‌لام پاشتر ڕابه‌ری مه‌زنی چینی ״دێنگ خیاو پینگ״ توانی ببێته ڕابه‌ری پارتی كۆمۆنیست و سه‌رۆك كۆماری چین. دیاره دێنگ خیاو پێنگ به باوكی كرانه‌وه پێشكه‌وتن و ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری چین ده‌ژمێرێت. به بڕوای من پێویسته هه‌موو چینیه‌كان سووپاسی ئه‌م پیاوه بكه‌ن، چونكه ئه‌م پیاوه توانی چین له وڵاتێكیه‌وه دواكه‌وتووه بكاته وڵاتێكی مه‌زنی جیهان.
دێنگ خیاو پینگ بۆئه‌وه‌ی له‌پاش خۆی وه‌كو ما‌و تسیتوونگ كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ڕوو نه‌دات، یاسایه‌كی ده‌ركرد، كه ده‌بێت سه‌رۆكی پارت ته‌نها دووجار خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژێرێت و هه‌موو ده ساڵ جارێكیش مه‌كته‌بی سیاسی و لیژنه‌ی ناوه‌ندی ده‌گۆڕێت، به‌مشێوه‌یه‌ش كۆتایی به جه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی هێناو له‌هه‌مانكارتیشدا ڕێگه‌ی بۆ نه‌وه‌ی نوێ خۆشكرد، كه رابه‌رایه‌تی وڵات بكه‌ن.
7 كه‌س چین به‌ڕێوه ده‌به‌ن
پارتی كۆمۆنیستی به به‌شداری 2 هه‌زار ئه‌ندام كه له هه‌موو چین و توێژ و نه‌ته‌وه‌و ئاینی جیاوازی چینه‌وه دێن، به‌شداری كۆنگره ده‌كه‌ن. له كۆنگره‌دا 57 ئه‌ندام لیژنه‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌بژێرێت، پاشان ئه‌م ئه‌ندامانه 25 ئه‌ندام بۆ مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵده‌بژێرن. له دوای ئه‌مه‌ش ئینجا قۆناغی كۆتایی ده‌ستپێده‌كات، كه‌ئه‌ویش بریتییه له‌هه‌ڵبژاردنی 7 ئه‌ندام مه‌كته‌بی سیاسی، بۆ ئه‌وه‌ی حزب و حكومه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رن.
ئه‌و 7 ئه‌ندامه‌ش به‌مشێوه‌یه.
1.سكرتێری گشتی و سه‌رۆكی كۆمار
2.سه‌رۆكی وه‌زیران
3.سه‌رۆكی په‌رله‌مان
4.سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای حزب(كه زیاتر كاری ڕاوێژكاری و داڕشتنی سیاسه‌تی نوێ بۆ حزب ده‌گرێته ئه‌ستۆ).
5.سه‌رۆكی مه‌كتبه‌ی ڕێكخستن و پێگه‌یاندنی كادیران.
6.سه‌رۆكی لیژنه‌ی لێپێچینه‌وه و ڕیشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی (ئه‌م لیژنه‌یه گرنگی گه‌وره‌ی هه‌یه و كاری لێپرسینه‌وه له له‌گه‌ڵ به‌رپرسی حكومی و حزبی ده‌كات كه گه‌نده‌ڵیان كردووه. له‌ماوه‌ی پێشوودا زیاتر له 60 به‌رپرسی گه‌وره‌ی پارتی كۆمۆنیستی لێپرسینه‌وه و سزادراون، كه‌هه‌ندێكیان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لیژنه‌ی ناوه‌ندی بوون. ساڵی پار هه‌ر ئه‌م لیژنه‌یه لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ 120 هه‌زار ئه‌ندامی پارتی كۆمۆنیستی كردووه.
7.جێگری سه‌رۆكی وه‌زیران
ده‌توانم بڵێم ئه‌م حه‌وت كه‌سه حوكمی وڵاته پان و به‌رین و فراوانه‌كه‌ی چین ده‌كه‌ن.
په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كی
حاڵی حازر پارتی كۆمۆنیستی چینی خاوه‌نی تۆڕێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندیه، زیاتر له‌گه‌ڵ 100 حزب و ڕێكخراوی سیاسی له 160 ده‌وڵه‌ته‌وه په‌یوه‌ندی هه‌یه. یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كۆنترین پارتی كوردیه، كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌بێت و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1963 كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار مام جه‌لال سه‌ردانی ئه‌م وڵاته ده‌كات و یه‌كه‌مین ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی كورد و كۆماری گه‌لی چین داده‌مه‌زرێنێت.
ده‌ستكه‌وته‌كانی پارتی
كۆمۆنیستی بۆ گه‌لی چین
دیاره پارتی كۆمۆنیستی له ساڵی 1921 دامه‌زراوه، واته 94 ساڵ. له‌ته‌مه‌نی درێژی ئه‌م پارته‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی گرنگی بۆ گه‌لی چین هه‌بووه له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه ئه‌م پارته توانی زۆر قاره‌مانانه دژی ژاپۆنیه داگیركه‌ره‌كان بوه‌ستێنه‌وه كه وه‌حشیترین هێزی داگیركه‌ربووه رووی له‌م وڵاته كردووه و بۆته هۆی له‌ده‌ستدانی زیاتر له 30 ملیۆن چینی. به‌ڵام پارتی كۆمۆنیستی توانی ڕووبه‌روی ئه‌م هێزه وه‌حشی و دڕنده‌یه بێته‌وه‌و ته‌واوی خاكی چینی رزگاربكات.
ڕزگاركردن و سه‌ربه‌خۆبوونی چین له‌ده‌ستی بێگانه‌كان، گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنه كه پارتی كۆمۆنیستی ئه‌نجامیداوه. له‌هه‌مانكاتیشدا توانی كۆتایی به هێزه خۆفرۆش و جاشه‌كانی چین بهێنێت كه خۆیان له‌پارتی ״كۆمێنتانگ״ ده‌بینیه‌وه.
چینیه‌كان پاش دوو سه‌ده له داگیركاریی و سووكایه‌تی و زه‌لیلی ده‌ستی بێگانه، پارتی كۆمۆنیستی توانی ساڵی 1949 ته‌واوی خاكی چین رزگاربكات و كۆمارێكی سه‌ربه‌خۆی چینی دابمه‌زرێنێت. لێره‌شه‌وه قۆناغێكی نوێ له ژیانی چینیه‌كان ده‌ستپێده‌كات.
دێنگ خیاو پینگ
باوكی گه‌شه‌سه‌ندنی چین
پارتی كۆمۆنیستی چینی به‌ڕابه‌رایه‌تی ״دێنگ خیاو پینگ״ توانی وڵاتی چین له وڵاتێكی دواكه‌وتووه بكاته وڵاتێكی مه‌زنی ئابووری جیهان. له ساڵی 1978 وه تا ساڵی 2010 كۆی گشتی داهاتی نیشتمانی 100 جار زیادیكردووه. ساڵی 1978 ته‌نها 0.8% به‌شداری له‌بازرگانی جیهان ده‌كرد، به‌ڵام وا ماوه‌ی دووساڵه چین دووه‌مین هێزی ئابووری جیهانه و كۆی داهاتی نیشتمانی ده‌گاته 10. ترلیۆن دۆلار.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مرۆ چین بۆته كارگه‌ی جیهان، له 30 جۆر پیشه‌شازیدا، چینیه‌كان یه‌كه‌من. له رووی كشتووكاڵیشه‌وه 1/5 به‌رهه‌می كشتووكاڵی جیهان پێكده‌هێننن. چین له‌بواری ڕێگاوبان و فرۆكه‌خانه و شه‌مه‌نده‌فه‌ری خێرادا، یه‌كه‌مه له جیهدندا. له رووی ته‌مه‌نی خه‌ڵكیشه‌وه ساڵی 1978 ته‌مه‌نی مرۆڤ 68 ساڵ بوو، ساڵی 2010 گه‌یشته 73 ساڵ . له‌ڕووی داهاتی تاكه‌كه‌سیشه‌وه له ساڵی 1978 ه‌وه داهاتی تاكه‌كه‌س 55 جار زیادیكردووه. زیاتر له 500 ملیۆن كه‌س له ده‌ستی هه‌ژاری ڕزگاركردووه، كه‌ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی تری پارتی كۆمۆنیتسه.
مه‌سڵه‌حه‌ت له جیاتی مه‌بده‌ء
له‌كاتی دانیشتنم له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی به‌رپرسه حزبی و حكومه‌یه‌كانی چیندا، كه‌سیان باسیان له مه‌سه‌له‌ی فكری و تیۆری نه‌ده‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رپرسه حزبیه‌كانی سه‌رده‌می ما‌و، كه بابه‌تی تیۆری و خۆمان ووته‌نی ״مه‌بده‌ء״ زاڵ بوو به‌سه‌ریاندا، كه‌چی به‌رپرسانی ئێستای چین زیاتر باسیان له مه‌سڵه‌حه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ده‌كرده‌وه، به‌ڵام له‌بیرتان نه‌چێت به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی نا، به‌ڵكه به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی.
دوو شت به به‌دره‌وامی له‌زاری به‌رپرسه‌كانه‌وه ده‌مبیست: یه‌كه‌میان ״ ئیشتراكیه‌تی تایبه‌تی چینی ، دووه‌میان: پارێزگاریكردن له یاساكانی بازاڕ و بازرگانی ״ . ئێستا هێنده‌ی چینیه‌كان به‌رگری له بازاڕی ئازاد ده‌كه‌ن، هێنده ئه‌مریكیه‌كان به‌رگری له‌بازاڕی ئازاد ناكه‌ن.
دوو خه‌ونه‌كه‌ی پارتی كۆمۆنیست
دیاره له‌پاش هاتنه سه‌ركاری سه‌رۆك ״شی جین پینگ״ دوو ستراتییژی گرنگی داڕشت ، یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی به باری ناوخۆوه هه‌یه، كه خۆی له دوو خه‌ونی گرنگ ده‌بینێته‌وه ئه‌وانیش بریتین له : یه‌كه‌میان بۆ ساڵی 2020 كۆتایی به كێشه‌ی هه‌ژاری له چین بهێنن و داهاتی تاكه‌كه‌س بگه‌یه‌ننه 10 هه‌زار دۆلار له ساڵێكدا. دووه‌میان: بۆ ساڵی 2049 چین بگاته لوتكه‌ی ئیشتراكیه‌ت و ببێته زلهێزێكی گه‌وره‌ی ئابووری جییهانی.
دووه‌مین سیاسه‌تی نوێی چینیش په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی ده‌ردكییه‌وه هه‌یه كه له دوو خاڵی سه‌ره‌كی پێكدێت بریتییه له دوو خاڵی سه‌ره‌كی: ڕیگای ئاوریشمی ووشكانی، كه‌به ئاسیای ناڤین‌دا ده‌گاته ئوروپا ، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ئێستاوه كاری بۆ ده‌كه‌ن و له ساڵی 2013 هێڵی ئاسنینی نێوان چین و ئوروپا دامه‌زراوه.
دووه‌مین ستراتیژیش بریتییه له ڕێگای ئاوریشـمی ده‌ریایی و پشتێنه‌ی ئابووری، كه‌له كه‌ناره‌كانی چینه‌وه ده‌ستپێده‌كات به ده‌ریای عه‌ره‌بدا دێت و پاشان بۆ ده‌ریای سوور و ده‌ریای سپی ناوه‌راست و هه‌تا ده‌گاته باكووری ئوروپا. ئه‌م ڕێگا ئاوییه به 60 ده‌وڵه‌تدا تێده‌په‌ڕێت.
له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا به درێژی باسی سیاسه‌تی نوێی چین ده‌كه‌م به‌تایبه‌تی سیاسه‌تی ״ ڕێگای ئاوریشمی نوێ״ هه‌روه‌ها سیاسه‌تی نوێی سه‌رۆك شی پینگ و تێروانینی بۆ چین و جیهان ده‌خه‌مه ڕوو.
دوا قسه
به‌دڵنییایه‌وه ئه‌م گه‌شته هێنده‌ی تر وڵاتی چینی لا خۆشه‌ویستكردم و هیوادارم له داهاتوودا جارێكی تر سه‌ردانی بكه‌م. له‌هه‌مانكاتیشدا من ئاسۆی چینیه‌كان زۆر ڕوون ده‌بینم دڵنییام كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا وه‌كو جاران ده‌بنه‌وه به زلهێزێكی گه‌وره‌ی ئابووری و سیاسی و كولتووری جیهان. له ووتاری داهاتوودا باسی سیاسه‌تی نوێی چین له‌به‌رامبه‌ر جیهان ده‌كه‌م.
كوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
05:26 PM - 2024-03-27 -
زه‌وی و مووچه دابه‌شده‌كرێت
02:56 PM - 2024-03-27 -
خانمی یەکەمی عیراق چوار ئۆتۆمبیلی بەخشییە ماڵی بەساڵاچوان و خانەکانی منداڵانی سلێمانی
07:00 PM - 2024-03-26
ئەمانەش ببینە
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
10:17 PM - 2024-03-27
قوباد تاڵەبانی: هەوڵمان بۆ چارەسەری بودجە و مووچەی هەرێمە
07:01 PM - 2024-03-27
وته‌بێژی كۆمسیۆن: كێشه‌ی په‌نجه‌مۆر له‌هه‌رێم ئاساییه‌و ستاندارده
02:22 PM - 2024-03-27
گۆڕانكارییەكانی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتی جێبەجێدەكرێن
01:06 PM - 2024-03-27
زۆرترین خوێنراو
-
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
کوردستان 10:17 PM - 2024-03-27 -
قوباد تاڵەبانی: هەوڵمان بۆ چارەسەری بودجە و مووچەی هەرێمە
کوردستان 07:01 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
کوردستان 05:26 PM - 2024-03-27 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی رەسوڵ حەسەن مەحمود
پرسەنامە 05:09 PM - 2024-03-27 -
زه‌وی و مووچه دابه‌شده‌كرێت
کوردستان 02:56 PM - 2024-03-27 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: كێشه‌ی په‌نجه‌مۆر له‌هه‌رێم ئاساییه‌و ستاندارده
کوردستان 02:22 PM - 2024-03-27 -
گۆڕانكارییەكانی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتی جێبەجێدەكرێن
کوردستان 01:06 PM - 2024-03-27 -
سودانی له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی لیژنه‌یه‌ك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان پێكده‌هێنێت
کوردستان 11:35 AM - 2024-03-27