riklam

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی لەڕۆژی ٣١ی ئابی ٢٠١٥

ی.ن.ک‌‌ 07:58 PM - 2015-08-31
داوا دەكات ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت كرا خەڵكی كەركوك لەدەنگدان بێبەش نەكرێن

داوا دەكات ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت كرا خەڵكی كەركوك لەدەنگدان بێبەش نەكرێن

ئەمڕۆ ٣١ی ئابی ٢٠١٥ ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هۆڵی شازاد سائیب لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری سلێمانی، بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن، كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە ٦٩ی خولی دووەمی خۆی ئەنجامدا.

لەو كۆبوونەوەیەداو دوای گفتوگۆو تاوتوێكردنی چەندین بابەتی هەستیارو هەنوكەیی تایبەت بەئێستاو ئایندەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە پەسەندكراو بڵاوكرایەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی لە رۆژی ٣١ی ئابی ٢٠١٥

١-  سەرەتا لەیادی ١٩ یەمین ساڵڕۆژی كارەساتی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦و داگیركردنی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای رژێمی بەعسی رووخاوەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكارو هاوسەنگەرانی شەهیدانی ئەو كارەساتە دەكەین كە لەو رۆژە رەشەدا سەدان كادیرو فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمانی حزب و لایەنە سیاسییەكان و سەدان هاووڵاتی بێتاوانی شاری هەولێرو دەوروبەری شەهیدكران و دەیان كەسی دیكەش دەستگیركران و بێسەرو شوێن كران، هەروەك دەیان هەزار هاوڵاتیش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون. ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیدانەی ئەو كارەساتە دەكەین و ئومێدەوارین جارێكی تر كارەساتی هاوشێوە رووبەرووی گەلی كوردستان نەكرێتەوە. هەر لەم یادەدا داوا لەپەرلەمانی كوردستان دەكەین وەك مەرجەعی باڵای ئاسایی و شەرعی گەلی كوردستان هەڵوێستێكی رەسمی بنوێنێت لەپێناو پاشەكشەی هێزەكانی توركیا لەسنوری پارێزگای دهۆك.

٢-  داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە چارەنووسی بێسەرو شوێنەكانی ئەو كارەساتە ئاشكرابكرێت و قەرەبووی زیان لێكەوتووەكان بكرێتەوە.

٣-  سەبارەت بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم و پرۆسەی دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئەنجومەنی ناوەندی جارێكی دیكە پشتگیری لەسیاسەت و هەڵوێست و پرۆژەی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات كە جەخت دەكاتەوە لەسەر سیستمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمان و هەمواركردنەوەی دەسەڵاتەكانی. لەبارێكیشدا ئەگەر سازان و رێككەوتن لەنێوان لایەنەكان لەسەر ئەم پرسە نەكراو هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو بەچارەسەرێك بۆ ئەم قەیرانە، ئەنجومەنی ناوەندی داوا دەكات كە جەماوەری كەركوك لەو هەڵبژاردنە بێ بەش نەكرێن و هاوڵاتیانی كەركوك و هەموو ئەو ناوچە كوردستانیانەی كە لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە بەشداری پرۆسەی دەنگدان بكەن.

٤ - لەكاتێكدا كە كەیسی داگیركردنی شاری موسڵ لە پەرلەمانی عیراق لێكۆڵینەوەی تیادا كراو كەسانی كەمتەرخەم رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە، داواكارین لە پەرلەمانی كوردستان كە لێكۆڵینەوە لە كەیسی داگیركردنی شەنگال و دەوروبەری و بەجینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی بكات و كەمتەرخەمەكان روبەڕووی یاسا بكرێنەوەو ئەنجامەكەش بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت.

نەمری بۆ شەهیدانی گەلەكەمان

سڵاو لەپێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان

ئەنجومەنی ناوەندی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

٣١ی ئابی ٢٠١٥

PUKmedia 

 

3757163182015_02.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket