riklam

گره‌وی ئه‌نبار!

بیروڕا 10:45 AM - 2015-07-30
كاروان یاروه‌یس

كاروان یاروه‌یس

كاروان یاروه‌یس
كه‌وتنی به‌شی هه‌ره‌ زۆری پارێزگای ئه‌نبارو كۆنترۆڵكردنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، هاوكێشه‌كانی هه‌ڵگیرایه‌وه‌ له‌عیراقدا، نه‌خشه‌ی شه‌ڕی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعشی گۆڕی، به‌تایبه‌تی پرۆسه‌ی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگای موسڵ، كه‌ وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێ‌ شه‌ڕێكی گران‌و سه‌خت بێت، دواخست‌و ئێستا ئه‌وله‌ویه‌ت پاككردنه‌وه‌ی ئه‌نباره‌.
ئۆپه‌راسیۆنی وه‌ده‌رنانی تیرۆریستانی له‌رومادی‌و فه‌لوجه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌ستیار چاره‌نووسسازه‌ بۆ عه‌بادی‌و حكومه‌ته‌كه‌ی، له‌راستیدا یه‌كلابوونه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌ریده‌خات ئایا تا چه‌ند ده‌توانێت كۆتایی به‌نائارامی بهێنێ‌و تیرۆریستانی داعش دووربخاته‌وه‌ له‌عیراق.
وه‌ك چۆن ئه‌نجامی ئه‌م جه‌نگه‌ په‌یوه‌ندیشی به‌ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ-یشه‌وه‌ هه‌یه‌، جیا له‌وه‌ی تونای لۆجستی‌و ئیراده‌ی سوپای عیراق‌و حه‌شدی شه‌عبی ده‌رده‌خات له‌هه‌مان كاتدا له‌باری مه‌عنه‌وییه‌وه‌ كاریگه‌ریشی ده‌بێ‌ بۆ سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ.
زانیارییه‌كان كه‌ له‌زاری راوێژكارانی سه‌ربازی ئه‌مریكاوه‌ له‌عیراق دزه‌ی كردووه‌، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، سوپای عیراق له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی ئه‌نبار، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مریكییه‌كان پێان باش بووه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ راگرن، تا نه‌خشه‌یه‌كی تری سه‌ربازی تۆكمه‌ دابرێژن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ سوپای عیراق ناچاره‌ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ كتومت وه‌ك خۆی جێبه‌جێ‌ بكات، چونكه‌ ئه‌مریكیه‌كان هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی ره‌چاوی رێنماییه‌كانی ئه‌وانیان نه‌كردووه‌، كه‌ ده‌بوو هه‌نگاوی یه‌كه‌م دابراندنی رومادی و فه‌لوجه‌ بووه‌ له‌یه‌ك و گه‌مارۆدانیان بووه‌، چونكه‌ سوپای عیراق توانای نییه‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو به‌ره‌ی شه‌ڕ بكاته‌وه‌.
له‌ڕاستیدا ڕه‌نگه‌ هۆكارێكی تری راگرتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ حه‌شدی شه‌عبی بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، یان لانی كه‌م ڕێگه‌ نه‌ده‌ن رۆڵی ئه‌وتۆیان هه‌بێ‌، ئه‌مریكیه‌كان و سووننه‌كان له‌لایه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوڕان چونكه‌ پێانوایه‌ حه‌شدی شه‌عبی بچنه‌ رومادی و فه‌لوجه‌ كوشتاری گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و به‌ریككه‌وتنی مه‌زهه‌بی زیاتر رووده‌دات.
له‌لایه‌كی تریش له‌ناوچه‌ شیعه‌نیشنیه‌كانی عیراق فشاری میللی دروست بووه‌ به‌هۆی كوژرانی رۆڵه‌كانیانه‌وه‌ له‌ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌وان وای ده‌بینن به‌كوشتدانی رۆڵه‌ی خۆیان له‌ناوچه‌یه‌كی سووننه‌نیشندا گرنگ نییه‌، نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی عه‌بادی له‌سه‌روویانه‌وه‌ مالیكی ڕه‌نگه‌ هه‌وڵ بدات وێنای عه‌بادی وا پیشان بدات توانای تێپه‌راندنی ئه‌م قۆناغه‌ی نییه‌.
به‌ڵام له‌ ئاستی سیاسیدا عه‌بادی له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌، ئه‌و ده‌بێ‌ به‌زوویی كۆتایی به‌داعش بێنێت له‌ئه‌نبار، بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی بدات حكومه‌ته‌كه‌ی توانای رووبه‌رووبونه‌وه‌ی داعشی هه‌یه‌، هه‌رچی ئه‌مریكییه‌كان گرنگیه‌كی بێ‌ پێشینه‌ ده‌ده‌ن به‌گرتنه‌وه‌ی ئه‌نبار، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ سه‌ركه‌وتووبێت، بۆ ئه‌وه‌ی وای پیشان بده‌ن ستراتیژییان بۆ رووبوونه‌وه‌ی داعش توندتر ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ناوخۆی ئه‌مریكاو له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش بۆچوونێكی واهه‌یه‌، كه‌ ستراتیژی ئه‌مریكا بۆ له‌ناوبردنی داعش سسته‌ و پێویسته‌ گۆڕانگاری تێدا بكات.
رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران – ئه‌مریكا كاریگه‌ری ئه‌وتۆی ده‌بێت، كه‌ ئێران و ئه‌مریكا هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌عیراقدا بۆ شه‌ڕی دژ به‌داعش، ڕه‌نگه‌ ئه‌نباریش سه‌ره‌تاكه‌ی بێت.
كه‌وتنی ئه‌نبار ده‌ریخست، مه‌ترسی داعش هێشتا جددیه‌، ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌شی ده‌ریخست به‌م پێكهاته‌ی هێزه‌كانی عیراق‌و به‌م ستراتیژه‌ سه‌ربازییه‌وه‌ ناتوانرێ‌ درێژه‌ به‌شه‌ڕی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی داعش بدات، وه‌ك چۆن ئاماژه‌ی باشیش نین بۆ ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ، به‌ڵام له‌هه‌موو بارێكدا سه‌ره‌نجام ئه‌نبار كونترۆڵ ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پێداچوونه‌وه‌ی گشتی بكرێ‌ بۆ ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ و دارشتنی ستراتیژی نوێ‌
رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket