riklam

مریەم بەهەواڵی 47 منداڵی ونبوی ترەوە گەڕایەوە هەڵەبجە

جینۆساید‌‌ 08:58 PM - 2015-07-05
ئەو 47 منداڵە لەدوای كیمیابارانی هەڵەبجە لەخانەی بێ سەرپەرشتانی سنە بوون

ئەو 47 منداڵە لەدوای كیمیابارانی هەڵەبجە لەخانەی بێ سەرپەرشتانی سنە بوون

هەواڵی 47 منداڵی ونبونی هەڵەبجە لەلایەن چالاكوانێكی ئێرانیەوە بەكۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەگەیەنرێت و كۆمەڵەكەش هەوڵەكانی خۆی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی ئەو منداڵانەی دەستپێكردوە.

ئاراس عابیدی جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە PUKmediaی راگەیاند: ئەمڕۆ 2015/7/5 مریەم باروتجیان ئەو كچەی كە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا گەڕایەوە هەڵەبجەو چەند پشكنینێكی بۆ كراوە كە یەكێك بێت لەمنداڵە ونبوەكان لەگەڵ خۆی چالاكوانێكی شاری سنە هێناوەو كە هەواڵی بوونی 47 منداڵی ونبوی هەڵەبجەی پێ راگەیاندون.

وتیشی: بورهان یوسفی چالاكوانێكی شاری سنەیەو لەگەڵ مریەم هاتوەتە هەڵەبجە، ئەوەی بۆ ئاشكراكردین كە هاوڕێیەكی هەبووە ئەوەی پێ راگەیاندوە كە لەدوای كیمیابارانەكەی هەڵەبجە 47 منداڵی ونبوی شاری هەڵەبجە لەخانەی بێ سەرپەرشتانی شاری سنە بوون و دواتر رەوانەی خانەی بێ سەرپەرشتیانی پارێزگای كرماشان كراون، ئاماژەی بەوەشدا كە یەكێك لەو منداڵانەش كە لەلیستی ئەو 47 منداڵە ونبوەدا بوەو ناوی بەرزان بووە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پشكنینی خوێنی بۆ كراوە تا بزانرێت یەكێكە لەمنداڵە ونبوەكانی هەڵەبجە یاخود نا.

جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە لەدوای گەیشتنی ئەو هەواڵە وەك كۆمەڵەی قوربانیان دەستیان بەهەوڵەكانیان كردوە تا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم قسە بكەن و وەفدێك دروستبكەن و بۆ بەدواداچونی بابەتەكە سەردانی پارێزگای كرماشان بكەن، راشیگەیاند: سبەینێ جێگرانی پارێزگای كرماشان بۆ پیرۆزباییكردن لەپارێزگای هەڵەبجە سەردانی هەڵەبجە دەكەن و وەك ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر ئەو 47 منداڵە قسەیان لەگەڵ دەكەن تا لەكاتی گەڕانەوەیاندا ئەوانیش بەدواداچون بكەن.

باسی لەوەشكرد كە ئەو منداڵانە براونەتە خانەی بێ سەرپەرشتانی كرماشان و دواتر دابەشكراون، بۆیە لەوێ ناویان تۆماركراوەو هەموو ناونیشانێكیان لێوەرگیراوەو ئێستا دەزانرێت لەكوێن، بۆیە بەسەردانیكردنی ئەو خانەی زۆر شتیان بۆ رون دەبێتەوەو هەموو هەوڵە دبلۆماسیەكانی خۆیان بۆ ئاشكراكردنی چارەنسوی ئەو 47 منداڵە دەخەگەڕ.

PUKmedia تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket