riklam

د. به‌رهه‌م: به‌راشكاوانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی باسی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمان كرد

ی.ن.ک‌‌ 02:25 PM - 2015-07-05
ده‌ستوور ته‌نها بۆ یه‌ك كه‌س نیه‌

ده‌ستوور ته‌نها بۆ یه‌ك كه‌س نیه‌

نێچیرڤان بارزانی: له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی هاوڕاین كه‌ ده‌ستوور نابێت له‌خزمه‌ت كه‌سێك و لایه‌نێك بێت.


ئه‌مڕۆ 5-7-2015 وه‌فدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌یشته‌ شاری سلێمانی و له‌مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌ د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سازكرا.

له‌سه‌ره‌تای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان یه‌كێتی و پارتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ بوو و تێیدا باسی سه‌رجه‌م ئه‌و پرسه‌ هه‌نووكه‌ییانه‌ كرا كه‌ له‌ئێستادا له‌هه‌رێمی كوردستاندا بوونیان هه‌یه‌، وه‌ك پرسی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌ستوورو ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ و باسكردنی شه‌ڕی تیرۆرستان به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان بوو.

وتیشی: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی پێشووی خۆی سه‌باره‌ت به‌ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌به‌ستێتی سیسته‌مێكی په‌رله‌مانی دیموكراسی له‌هه‌رێمی كوردستان بێته‌ ئاراوه‌.

راشیگه‌یاند: ده‌ستوور ته‌نها بۆ یه‌ك كه‌س نیه‌و ده‌بێت له‌پێناو خزمه‌تی خه‌ڵكدا بێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر به‌ راشكاوانه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خۆی به‌ هه‌موو لایه‌ك وتووه‌.

له‌كۆتاییدا د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح وتی: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماده‌ی هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك به‌مه‌به‌ستی خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی پرسی هه‌ردوو پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌ستوورمان كرد.

وتیشی: ئێمه‌ش له‌گه‌لًَ براده‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوڕاین كه‌ ده‌بێت سیسته‌مێكی په‌رله‌مانی دیموكراسی له‌هه‌رێمی كوردستان بێته‌ئاراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك جیاوازی بیروبۆچوونمان هه‌یه‌ له‌باره‌ی ورده‌كاری سیسته‌مه‌كه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: ده‌بێت سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، هه‌روه‌ها  ئێمه‌ش وه‌ك یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ ده‌ستوور بۆ ته‌نها تاكه‌ كه‌سێك نیه‌و ناشبێت، راسته‌ له‌ئێستادا پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، به‌ڵام له‌ئاینده‌دا ئه‌و پۆسته‌ ده‌درێته‌ لایه‌نێكی دیكه‌.

له‌كۆتاییدا زۆر سوپاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و میواندارییه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ لێیانكردن و هیوای خواست سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ سازدانی نیشتمانی بۆ ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌.


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket