riklam

سەرۆك كۆمار داوای پەسەندكردنی ژمارەیەك پرۆژە یاسا دەكات

عیراق 06:48 PM - 2015-07-04
گرنگی ئاشتبونەوەی گشتی دوپاتكردەوە

گرنگی ئاشتبونەوەی گشتی دوپاتكردەوە

سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسوم گرنگی ئاشتبونەوەی گشتیی دوپاتكردەوە لە بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ دژی هەر مەرامێكی دەرەكیی  بۆ  لاوازكردن و كەلێنكردنی  و دژی هەر پیلانێك  كە داڕێژراوەو دادەڕێژرێت بەمەرامی كۆسپ خستنەسەر رێی دیموكراسیی و پرۆسەی بنیاتنان كە بەهۆی ئەم بارودۆخانەوە زۆر دواكەوتوە.

سەرۆك مەعسوم ئەمڕۆ 2015/7/4 لەمیانەی وتارێكدا لەئاهەنگی یادی 34هەمین ساڵڕۆژی دامەزرادنی رێكخراوی بەدر گرنگیی پەرەپێدانی كاری هاوبەشی نێوان هێزە پەرلەمانییە سەرەكییەكان دوپاتكردەوە بۆ دەركردن و پەسەندكردنی ژمارەیەك قانون بەئامانجی گەشە پێدانی ئابوریی نیشتمانی كە روبەڕوی هەڕەشەی ترسناكدایە .

رونیكردەوە ئەو سەركەوتن و قوربانییە زۆرو زەوەندانەی كە گەلەكەمان دەیبەخشێت لەجەنگەكەیدا دژی تیرۆر،ئەوە راستییە  دوپاتدەكاتەوە كە پێویستمان  بەهەوڵ و جموجوڵێكە  هاوشان  و هاوتای پراكتیكی و بەرهەمدارە لە هەردوو ئاستی سیاسی و قانون گوزارییدا.

ئەمەش دەقی وتارەكەیە :

بە ناوی پەروەردگاری بەخشندەو میهرەبانەوە 

خوشكان و برایانی  ئامادە بوو 

سڵاوی خواتان لێبێت  

جێگەی شانازییە كە لێرە ئامادەی  ئەم بۆنەیەین  و تیایدا یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی رێكخراوی بەدر دەكەینەوە، ئەو رێكخراوەی كە بە تێكۆشان و جیهادەكەی دژی دیكتاتۆریی شانبەشانی لایەنە نیشتمانی و ئیسلامییەكانی تر بەشداریكرد لەپێناوی بەدیهێنانی ئازادیی و شكۆیی و دیموكراسیی  بۆ گەل و وڵاتەكەمان.

لە كاتێكدا بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش دەكەین بەبرایانمان  سەركردایەتیی و جەماوەری  رێكخراوی بەدر، بەپێزانینەوە  قوربانیی  زۆرو زەوەندەیشیان بەرز دەنرخێنین كە موجاهیدەكانی ئەم رێكخراوە  بەدرێژایی ساڵانی خەبات  دژی زۆرداریی دیكتاتۆریی پێشكەشیان كردوە لەپێناو ئامانجە نیشتمانیی و بەرزەكان،بەچاوی شانازیشەوە دەڕوانینە رۆڵی زیندوی رێكخراوەكە لەپرۆسەی بنیاتنانی سیاسیی بەئاشتیی دەوڵەتی عیراق لەدوای روخاندنی دیكتاتۆریی و دەستكردن بەبنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی  دیموكراسیی ، هاوكات بەچاوی رێزەوە دەڕوانینە بەشداریی ئێستای رێكخراوی بەدر لەگەڵ هەمو خۆبەخشەكانی تری رۆڵەكانی گەل  كە شانبەشانی سوپاو هێزەكانی ئاسایش دەجەنگن بۆ رزگاركردنی شارەكان لە چنگ و  هەژمونی تاقمی داعشی تیرۆریست .

ئەم ئەركە دەست لەناو دەستكردن و  یەكڕیزییە گوزارشتكردنە لە تێگەیشتنی راستەقینە لەداخوازییەكانی ئەم قۆناغە سەختە كە ڵاتەكەمان  تێی دەپەڕێنێت ، هاوكات پرۆسەی سیاسیش لە ململانێیەكی  راستەقینەوە جدیدایە بەئامانجی چەسپاندن و رەگ داكوتاندنی پایەكانی دەوڵەت لەسەر بناغەو بنەمای دیموكراسیی.

دیارە خواست و داخوازییە كی سەرەكی  تر بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بەسەركەوتنێكی تەواو و ستراتیژیی  پێكەوە كاركردنە  بە هەمان ئەم گیانی هاوكارییە بۆ بەئاكام گەیاندنی ئاشتبونەوەی گشتیی راستەقینە .

بەو ئاشتبونەوەیەش دەتوانین یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان زامن بكەین دژی مەترسییەكانی كە رویان كردۆتە وڵات، دەشتوانین بەرەی ناوخۆ پتەو و بەهێز بكەین دژی هەر هەوڵێكی دەرەكی كە مەرامی بێت كەلێنی تێ بكات و دژی پیلانەكان كە تا ئێستاش دادەڕێژرێن بۆ ئەوەی كۆسپ بخرێتە بەردەم هەنگاونان بۆ دیموكراسیی و پرۆسەی بنیاتنان كە بەهۆی ئەو باردۆخانەوە زۆر دواكەوتوە.

خوشك وبرایانی ئامادە بوو..

لە بۆنەیەدا گرنگیی كاری هاوبەشی نێوان هێزە سەرەكییە پەرلەمانییەكان دوپاتدەكەینەوە هاوكاری یەكبن و هەوڵی دڵسۆزانە بخەنە كار و لەماوەیەكی كورتدا رێكبكەون بۆ پەسەندكردنی چەندین قانونی سەرەكیی كە هەندێكیان فاكتەرو یاریدەدەری پەرەپێدانی ئابوری نیشتمانین كە روبەڕوی هەڕەشەی ترسناك بوەتەوە، قەیرانی نرخی پەترۆڵیش هاتۆتە سەر كە ئەویش بەشی خۆی قورسایی خستۆتە سەر بەرپرسیارێتییەكانی  دەوڵەت و ئەركەكانی، بەئاكام گەیاندن و هەمواركردنی  هەندێك قانونی تریش كەشوهەوایەكی پۆزەتیڤ دەڕەخسێنێت بۆ ئاشتبونەوەی گشتیی و چەسپاندنی ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و یەكڕیزیی نیشتمانی، ئەمەش هەموان دەخاتە بەردەم ئەو ئەركەی كە خاڵە هاوبەشەكان و پەرەپێدانیان بخەینە هەورازو پانتایی و روبەری ناكۆكییەكان تەسك و بچوك بكەینەوە.

هەڕەشەكان لەوە گەورەترن كە لە ئاستیاندا سستی و لەسەرخۆیی و چاوەڕوانیی هەڵناگرن لەكاتێكدا  گەل زۆری چاو لە دەسەڵاتە جیاجیاكانە .

دیارە ئەو سەركەوتن و قوربانییە زۆرو زەوەندانەی كە گەلەكەمان دەیبەخشێت لەجەنگەكەیدا دژی تیرۆر،ئەوە راستییە  دوپاتدەكاتەوە كە پێویستمان  بەهەوڵ و جموجۆڵێكە  هاوشان  و هاوتای پراكتیكیی و بەرهەمدارە لە هەردو ئاستی سیاسیی و قانونگوزارییدا.

دوبارە پیرۆزبایی لە برایان دەكەین لە (بەدر) و داوای سەركەوتن و پێشكەوتنیان بۆ دەكەم لەگەڵ  هێزەكانی تری گەلەكەمان  بەو جۆرەی خۆشیی و سودی بۆ عیراق و هەمو عیراقییەكانە.

بە خوداتان دەسپێرم 

PUKmedia 

 

114815472015_12.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket