riklam

پەیامێكی ئاواڵەی پلاتفۆرمی دابڕان سەبارەت بە سێكۆلایزم ‌و مافەكانی ژن

ژنان‌ 08:27 PM - 2015-07-02
سیستەمی دیموكراسی لەكوردستاندا سێكولاری مەدەنی مۆدێرن بێ‌

سیستەمی دیموكراسی لەكوردستاندا سێكولاری مەدەنی مۆدێرن بێ‌

بەڕێزان:
لیژنەی هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستور
لەگەڵ رێزماندا.. پێمانخۆشە، بۆ مێژوو، ئەم پەیامەتان ئاڕاستە بكەین، لەڕێی ئەم پەیامەشەوە، گەلەكەمان ئاگاداری هەڵوێستی هەموو ناوەندەكان بێ‌.. بۆ مێژوو!

دەستور دایكی یاساكان‌و سەرچاوەی بڕیارو بنەمای دادگاكانە؛ ئەمانە هەموی راستن. بەڵام، هاوكات، رێكخەری سیستەمی حوكمڕانی‌و فەلسەفەی حوكمڕانیشە. دەستوریش كە هێزە سیاسیەكان لەسەری سازان‌و خرایە راپرسی‌و گەل پەسەندی كرد، ئیدی دەبێتە پێوەری یاسایی نەوەكان‌و حكومەتەكان، نەك هی حیزبەكان. واتا:

حیزبەكان هێندە دەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن، كە لەڕووی سیاسیەوە، زۆرترین كۆسپ‌و تەگەرە سیاسی‌و ئایدیۆلۆژیەكانی بەردەم گەڵاڵەی دەستور، لە گفتوگۆدا لاببەن.
ئەزمونی حوكمڕانی كوردستان، لەم سەردەمەدا، هێشتا، دوای شەڕی ناوخۆ، بە كێشمەكێشی كۆمەڵایەتی‌و فەلسەفەكانی دینی‌و دونیایی، لە قۆناغی گوزەری دیموكراسیدایە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و گەلێ‌ ناوچەی دیكەش، دوای راپەڕینی گەلان‌و تاقیكردنەوەی حكومەت‌و ئایدیۆلۆژیەتی حیزبەكان، گەلێ‌ راستی سەبارەت بە چۆنایەتی سیستەمی حوكمڕانی‌و دوا ئامانجی ستراتیژی گەلان، ساغكردۆتەوە.. كە ئەویش هێنانەدی دیموكراسی‌و سیستەمێكی مەدەنی سێكولاری هاوچەرخە.

باشترین نمونەش، تونسە، كە دەستورێكی سیكولاری مەدەنی گەلپەسەندی هەڵبژارد، توانی وڵاتێكی دامەزراو، لە ئاڵۆزیی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی، بێنێتەدی.

خراپترین نمونەش، یەمەن‌و لیبیاو سوریایە، كە نەیانتوانی لەئاستی قۆناغەكەدا بن، باجی سەدەیەك هەڵەی ستراتیژییان دا، كە خۆیان لە سیستەمی دیموكراسی- سێكولارو كۆمەڵێكی مەدەنی‌و ئەقڵی رۆشنگەر، نەك لادەدا، بەڵكو دوژمنایەتیشیان دەكرد؛ بۆیە، بینیمان، چییان بەسەر هات. میسریش حوكمی ئایدیۆلۆژیەتی ئایینی- مەزهەبی تاقیكردەوەو دوای ساڵێك دەركەوت، ئەم حوكمڕانە قەیرانی پێ زیاد دەكرێ‌، بەڵام هیچی پێ چارەسەر ناكرێ‌. هەموو ئەو لایەنە نادیموكراتانە تەنانەت راپەڕینی گەلانیشیان، دوچاری هەڵدێر كرد.

دیموكراسی، تاك چەمك نییە، بەڵكو كۆكەرەوەی چەمكە هاوچەرخەكانە: سیستەمی سێكولار، دەستاودەستكردنی دەسەڵات، كۆمەڵی مەدەنی، ئەقڵی رۆشنگەری، یەكسانی ژن پیاو، ماوەیەكیشە، ژینگەپارێزی‌و مافی مرۆڤیشی گرتۆتەخۆی. تاقیكردنەوەی سیستەمە دیموكراسیەكانی جیهان، دەریانخستووە كە هەر سیستەمێك، كۆی ئەو چەمكانەی كردبێتە ستراتیژ، توانیویەتی سەركەوتن بەدەستبهێنێ‌. بەپێچەوانەشەوە، شكستی خواردووە. لە دوو سەدەی رابوردوشدا، تاقیكردنەوە لەمبارەوە زۆرن:

لەرۆژئاوادا، دوای سەركەوتنی شۆڕشی دیموكراسی، سەرمایەداری‌و حیزبە بۆرژوازیەكان، ویستیان خۆیان لە كۆی ئەركە دیموكراسیەكان بدزنەوە، بەڵام شكستیان خواردو دوچاری كێشەی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و جەنگی ناوخۆییش بون. لە وڵاتانی دواكەوتوشدا، بەبێ‌ ژێرخانی ئابوری سەرمایەداری، چینی بۆرژوازی پاشكۆ، بەردەوام تاقیكردنەوەی شكسخواردوویان بە شكستی خراپتر سپاردووە. هەتا گەیاندیانە هەڵوەشاندنەوەی چەندین دەوڵەت‌و شەڕی ئەهلی‌و رەخساندنی گەورەترین هەل بۆ هێزە سەلەفییە جیهادیەكان‌و دژە دیموكراسیەكانیش.

ئەزمونی فیدراڵی كوردستان، دوای (23) ساڵ حوكمڕانی، روبەڕوی ئەركێكی مێژوویی چەسپاندنی سیستەمی دیموكراسی بۆتەوە. لەم دوڕیانەدا، یان دەبێ‌، بنەمای سیستەمی حوكمڕانی دیموكراسی سێكولاری مەدەنی هاوچەرخ، لەدەستوردا بچەسپێندرێ‌، یاخود سوڕانەوە لە بازنەیەكی داخراوی حوكمڕانی، هەروەكو ساڵانی لەمەوبەر. ئەمەش، گەورەترین دەرفەت دەدات بە دوژمنانی دیموكراسی لەناو كۆمەڵا‌و لەناو پرۆسەی دیموكراسیدا، هەل بۆ هەڵگێڕانەوەی دۆخەكە بقۆزنەوە.


بۆیە، پلاتفۆرمی دابڕان، لە پەرۆشیمان بۆ پاراستن‌و پەرەپێدانی دیموكراسی لەكوردستاندا، داوا دەكەین كە:

یەكەم: سیستەمی دیموكراسی لەكوردستاندا، سێكولاری مەدەنی مۆدێرن بێ‌؛ سەرچاوەی بنچینەیی سیستەم‌و دەسەڵاتەكانی تەشریعی، تەنفیزی، دادوەری‌و دەسەڵاتی چوارەمیش، فەلسەفە دانراوە هاوچەرخەكان بێ‌؛ دەستەبەری ئازادی ئاین‌و مەزهەب‌و ئاینزاكانیش، چونیەك بكرێ‌.

دووەم: فەلسەفەی جێندەر، سەبارەت بە یەكسانی ژن‌و پیاو، بۆ ژیانی كۆمەڵایەتی‌و خەباتی كۆمەڵایەتی، نەك هەر گەوهەرێكی گرنگی دیموكراسی هاوچەرخە، بەڵكو دەستەبەری كاریگەریشە بۆ بەرپەرچدانەوەی كۆنەپەرستی كۆمەڵایەتی‌و هەژمونگەری باوكسالاری، هەروا بۆ پاراستنی دیموكراسی‌و ئازادی‌و سەربەستی، بەهەموو رەهەندەكانیەوە. ئەم دەستەبەرەش هەرگیز نایەتەدی، هەتا ژن، لەناو كۆمەڵا‌و لە دەسەڵات‌و سەراپای پۆستەكاندا، نەبنە خاوەن دەسەڵاتی یەكسان هاوشانی پیاوان.

لەم جیهانبینی هاوچەرخەوە، پلاتفۆرمی دابڕان، داوا دەكات، لیژنەی نوسینەوەو هەمواركردنی دەستور، پاشان پەرلەمانی كوردستان، شكۆمەندییەكی یاسایی گەورە، لە سەروەرەی یاساو رێسا دانراوەكان، لەم هەلومەرجەدا، تۆمار بكەن‌و بەئەمانەتەوە، ئەم پەیامە یاساییەو پەیمانە كۆمەڵایەتی یە  هاوچەرخەی دەستوری (دیموكراتی- سێكولار- مەدەنی) كوردستان، پەسەند بكەن‌و بیكەنە باشترین خەڵاتی خەباتی نەپساوەی سەدەیەكی رەبەق لە قوربانیدانی نەتەوەكەمان، لەپێناوی رزگاری‌و سەربەستی‌و ئازادی ویژدان.

داواش دەكەین كە تەواوی ئازادیخوازانی كوردستان، لەوانەی بڕوایان بە سیستەمی سێكولارو ژیانی مەدەنی‌و ئەقڵی كراوەی رۆشنگەری هەیە، بەهەر رێگایەك بەگونجاوی دەزانن، بە ناردنی پەیام، بە كامپین‌و ئیمزاكردنی داخوازیەكان، لە فەیسبوك‌و میدیاكاندا.. لە هۆڵا‌و كۆبونەوەكاندا، تەواوی تواناو هۆشی خۆیان، لەم ماوە كورتەدا بخەنە كار، هەتا بەهەموان بتوانین، پشتیوانی حیزبە سێكولارەكان بكەین، كە سوور بن لەسەر چەسپاندنی دەستوری دیموكراستی سێكولار. ئەگەر بێت‌و لە راپەڕاندنی ئەم ئەركە شارستانییە مێژووییەشدا، سازش بكەن، بێگومان هەڵەیەكی مێژوویی ترسناك دەكەن.
 
- بێتە دی سیستەمی دیموكراسی سێكولاری مەدەنی
 ئەنجومەنی گشتی
پلاتفۆرمی دابڕان
2/7/2015

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket