riklam

پێشهاتەكانی ناوچـەكـەو ئایندەی كورد ‌

چاوپێکەوتن 10:47 AM - 2015-06-21
.

.

لەم دیدارەی بەرنامەی زیاتر لەهەواڵی کەناڵی ئاسمانی کەرکوکدا، رزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دەستوورو یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و پێشهاتەكانی ناوچەكەو ئایندەی كورد دەدوێت.

ئامادەكردنی: هەڵكەوت عەزیز

 

 

+ دۆخی سیاسیی هەرێم چۆن دەخوێنێتەوە، بەتایبەتی لە ئێستادا كە دەستوور دەنووسرێتەوە و پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بۆتە بابەتێكی گەرم؟

- ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم بابەتی هەمەجۆر و گرنگ هەیە، یەكێك لەوانە شەری دژ بەداعشە، دیارە داعش نەك هەر مەترسییە بۆسەر هەرێم بەڵكو مەترسییە بۆ سەر ناوچەكە و جیهان.

بەڵام خۆشبەختانە كورد توانی زۆر بەشێوەیەكی مونەزەم و رێكوپێك رووبەروویان ببێتەوە، بابەتێكی دیكەش هەمواری رەشنووسی دەستووری هەرێمە كە لیژنە 21 كەسییەكە سەرقاڵی ئامادەكردنین.

مەسەلەیەكی دیكەی گرنگ و بەپەلە هەیە كە مشتومرێكی زۆر لەسەر ئەكرێت ئەویش قانونی سەرۆكایەتی هەرێمە، بەرای من گەر لە هەمواری قانونی سەرۆكایەتی سەركەوتوو بین ئەوا هەنگاوی باشیش لە دەستوور دەچێتە پێشەوە.

ئێمە وەك یەكێتی لەگەڵ سیاسەتی بردنەوەو دۆڕاندن نین، ئێمە لەگەڵ ئەوەین گەلی كورد لایەنە سیاسییەكان بەیەكڕیزی و یەك هەڵوێستی و بەسازان چی لەبەرژەوەندی گەلی كوردو ئایندەكەیەتی ئەوە بكرێت و بەبێ موزایەدەی سیاسی.

+  دیدو بۆچوونی یەكێتی لەبارەی سیستەمی حوكمڕانی هەرێم و پرسی سەرۆكایەتی هەرێم چییە گەر بیخەیتەڕوو؟

-  ئەو بابەتە لەرێی فراكسیۆنی سەوزەوە یەكلا دەكرێتەوە ئەوان بەرپەرسن لێی، ئێمە پرۆژەیەك پێشكەش ناكەین بۆ موزایەدەی سیاسی و حزبی و كۆكردنەوەی دەنگ، بەدڵنیایەوە پرۆژەمان دەبێت و ناوەڕۆكەشی بەم شێوەیەیە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان لەخۆ دەگرێت.

ئەوەی لای ئێمە گرنگە بەر لەهەموو شتێك سازانە، سازان مانای ئەوە نییە لایەنێك تەنازول بۆ لایەنێكی دیكە دەكات، بەڵكو كام بیركردنەوەیە لە هەمووی زانستی تر و یاسایی تر و رێكوپێكتر بوو دەبێت لاینەكان پاش گفتوگۆكردن ئەو ئۆپشنە هەڵبژێرن، بە زۆرینەو كەمینە پرۆژە فەرز ناكرێت ئێستا سازان لە هەمووی گرنگترە بۆ یەك ریزیشمان.

+  پەیوەندی نێوان  هەرێم و بەغدا چۆن دەبینی، پێتان وایە پەیوەندییەكی راست و دروست بێت؟

- بەداخەوە لە عیراق هەر كەس و لایەنێك بەپێی بەرژەوەندی خۆی بڕگە و ماددەكانی دەستوور تەفسیر دەكات، دادگای ئیتحادیش نەیتوانیەوە كۆنترۆڵی ئەو واقیعەی دەستوور بكات،  زۆر مادەش هەیە كە یاسای بۆ دەرنەچووە بووەتە مایەی ئەوەی كێشە دروست بكات لە نێوان هەرێم و بەغداد و بەغدا و پارێزگاكان، پارێزگاكانیش هەمان كێشەی هەرێمیان لەگەڵ بەغدا هەیە بەڵام بە ئاوازێكی دیكە.

+ چەندین ساڵە كێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەرێم و بەغدا هەن و چارەسەر نەكراون، كاتی ئەوە نەهاتوە سەركردایەتی كورد بەشێوەیەكی جدی ئەو كێشانە یەكلا بكاتەوە لەگەڵ بەغدا؟

- رۆژ بەرۆژ كێشەكان كەڵەكە ئەبن، كە كێشەش زۆربوو دەست بۆ چارەسەر نەبرا بارودۆخەكە ئەتەقێتەوە، گەر هەرێم بەشە بودجەی خۆی وەرگرێت و گومانی نەبێت كە زوڵمی لێناكرێت، پێم وایە هەرێم پابەندی سەرجەم یاسا و رێنماییەكان دەبێت، بەڵام كاتێك ناشەفافییەت هەبێ و گومان لای كوردستانیان دروست بێ هەرێمیش بیر لەوە ئەكاتەوە وەزعی خۆی تەكبیربكات.

+ ئایندەی عیراق چۆن دەبینی لەسایەی ئەو هەموو كێشە و قەیرانە ناوخۆیی و دەركیانەی هەیە؟

- ئێمە وەك یەكێتی لەدوا هەڵبژاردنیش دروشمی كۆنفیدراڵیمان بەرزكردەوە، دەبێت شیعە و سوننە و كورد بێن بە ئاشتی و دیالۆگ رێككەون، سیستەمێكی خۆ بەڕێوەبردنی متمانەپێكراو دانێن، ئەمە باشترین چارەسەرە.

+ گەر ئەمەی وتت روویدا، كورد دەبێت چۆن خۆی ئامادەبكات؟

- گەر ئابووریت نەبێ ناتوانی سەربەخۆ بیت، گەر سەربەخۆش بیت دەوڵەتێكی زەلیل دەبیت، ئێستا حكومەتی هەرێم بیر لە ئابووریەكی سەربەخۆ كردۆتەوە بەڵام نازانم چ هەنگاوێكی ناوە بۆ ئەو مەبەستە.

+  دەستاو دەستكردنی دەسەڵات لە بەغدا لە گۆڕینی مالكی بەعەبادی هیچ گۆڕانكارییەكی لەسەر پرۆسەی سیاسی لێكەوتەوە؟

- عبادی و مالكی هەردووكیان لە خانەوادەی شیعەن و لە یەك حزبن، پێم وانییە بیروبۆچوونی ستراتیژی نێوان عبادی و مالكی هیچ جیاوازییەكی هەبێت.

+ تێبینی دەكرێت هەڵوێستی ئەمریكا سەبارەت بە كۆی پرۆسەی سیاسیی و پێكهاتەكانی عیراق تەمومژاوییە، ئێوە چۆن هەڵوێستی ئەمریكا دەخوێننەوە بەتایبەتیش بەرامبەر بەكورد؟

- ئەمریكا بەر لە هەموو شتێك بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەكاتەوە، بۆ ئەمریكا نەتەوەیەكی دیاریكراو خۆشەویست نییە و سەد لەسەد لەگەڵی بێت، بەڵام وەك وڵاتێكی زلهێز پێی خۆشە عیراق جێگیر بێت و ئاشتی تیادا بەرقەرار بێت.

+ لە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكادا هەمیشە ئەوە بەدی دەكرێت باسی یەك پارچەیی عیراق دەكەن، ئایا ئەمە هەڵوێستی راستەقینەی ئەمریكایە یان شتێكی دیكە هەیە لە پشتی پەردەوە؟

- هەموو وڵاتێك ئەڵێت لەگەڵ یەك پارچەیی عیراقم ئەمە گوتاری دیپلۆماسییە، ئەو كەسانەی ئەو قسانە ئەكەن بابێن بە بەرنامەكانیان عیراقێكی یەك پارچەو خۆشگوزەران دروست بكەن، بۆیە مەرج نییە ئەو رەئیانە راست بن و لەگەڵ یەك پارچەیی عیراقدا بن.

+ سەركەوتنی كوردانی باكوور لە هەڵبژاردنەكاندا چ گرنگییەكی هەیە لای ئێوە وەك یەكێتی؟ 

- خەباتی هەدەپە جێگەی رێز و تەقدیرە و پێویستە هەموومان پشتیوانیان بكەین، هەدەپە سەلماندی كە هەر حزبێك جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكان نەكات خەڵكی لە دەوری كۆئەبنەوە، خۆشحاڵ ئەبین گەر هەدەپە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای توركیا هەڵكات و ئاشتی بە یەكجارەیەكی بەرقەرار بكات.

+ چ سیناریۆیەك بە باش دەزانن بۆ هەدەپە ئایا بەشدار بێت لە حكومەت یاخود نا؟

- حزب كە دائەمەزرێت بۆ ئەوەیە بگاتە دەسەڵات، ئەگەر حكومەتی نوێی توركیا مافی نەتەوەی كوردی دا و یەك چاو روانییە تورك و كورد، لەگەڵ ئەوەم هەدەپە بەشداری حكومەت بكات، بەو مەرجەی مافەكان زامن بكرێن، بەداخەوە لایەنەكانی توركیا تێگەیشتنی باشیان نییە بۆ مافەكانی گەلی كورد هێشتا ئەو دەرگایانەیان نەكردۆتەوە كە كورد بیری لێدەكاتەوە.

+  هەندێك پێان وایە سەركەوتنی كوردی باكوور لە هەڵبژاردنەكاندا، كوردانی خۆرئاوا لە رزگاركردنی گرێ سپی دوو گورزی بەهێز بوون كە ئەردۆغانی سەغڵەت كرد و كەوتە دژایەتی كورد، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەو بابەتە؟

- لە دنیادا سیاسیەتی ستاندەر هەیە، بۆ نموونە ناكرێت بڵێی دژی بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمی نیم یان بڵێی دژی دیموكراسیم، بە تێگەیشتنی من توركیا دوو هەڵەی گەورەی كردوە هەڵەی یەكەم لە 2003 رێگەی بە ئەمركیا نەدا ئاسمان و زەمینی  توركیا دژی رژێمی سەدام بەكاربێنێت، هەڵەی دووەم هەموو دنیا ئەڵێت داعش تیرۆرستە مەعقول نیە تۆ دژایەتی ناكەی لەكاتێكدا ئەندامی ناتۆیت. هەموو ناتۆ دژی داعشە كەچی توركیا دژی نییە.

+ گرنگی رزگاركردنی گرێ سپی كە هەردوو كانتۆنی جزیرە و كۆبانێ پێكەوە دەبەستێتەوە چییە؟ پێتان وایە دوای رزگاركردنی ئەو ناوچەیە زەمینە لەباربێت بۆ دروستكردنی هەرێمێك لەخۆرئاوا هاوشێوەی باشووری كوردستان بە تایبەتیش كە لەلایەن ناوەندەكانی ئەمریكا پێشوازی لەرزگاركردنی گرێ سپی كرا؟

- سەرەتا گرێ سپی خاكی كوردانە، لەهەفتاكاندا بەناوی پێشتێنەوە تەعریب كراوە، پاشان خەڵكی خۆرئاوا ئازادن كە چ شێوازێكی حوكمڕانی بۆ خۆیان دیاری دەكەن ئەوان سەر زەمینی خۆیان باشتر ئەناسنەوە، بەڵام بەستنەوەی كوبانێ بەجزیرە گۆڕانكارییەكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

+ لێكدانەوەتان بۆ پرسی نەنانردنی مستەحەقاتی دارایی كەركوك لە لایەن بەغداوە چییە.. پێتان وایە ئەو بابەتە تەكنیكی بێت یان سیاسی؟

- لەدوای 2003ەوە بەشی زۆری سیاسییەكانی عیراق بە كەركوك مورتاح نین، چونكە دەسەڵاتەكانی بەدەست كوردوەیە یانی كێشەی زۆر سادە گەورە كراوەتەوە داواكاری زۆر ئاسان هەبووە بەغدا نەیكردوە، بۆیە سیاسیەتی ژێربەژێری بەغدا بەرامەبەر كەركوك دژیاتیكردنی بووە، بۆ نموونە هەرچی كێشەی موڵكداری كەركوك هەیە بە 13 ملیار دینار چارەسەر دەكرا بەغدا نەیكرد.

+ كاتی ئەوە نەهاتووە پرسی كەركوك ببێتە بابەتی سەرەكی گفتوگۆكانی هەرێم لەگەڵ بەغداو  بەیەكجارەكی ئەو پرسە یەكلابكەنەوە؟

- بەڵێ دەبێت بیر لەچارەسەری دۆخی كەركوك بكرێتەوە بەزوترین كات، هیوام وایە و گەشبینم بە ئایندەی ناوچە دابڕێنراوەكان، بەراستی دانیشتوانی ئەو ناوچانە مەینەتی زۆریان بینی، بۆیە دەبێت بەباشی مامەڵە لەگەڵ ئەو هەلە بكەین كە ئێستا هاتۆتە پێشەوەو پێشمەرگەی لێ جێگیركراوە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket