riklam

بۆچی گرنگه‌ هه‌ده‌په‌ سه‌ربكه‌وێت؟

بیروڕا 11:22 AM - 2015-05-25
.

.

خالد سلێمان‌
سه‌ركه‌وتنی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) بۆ ئێمه‌ له‌ باشور، كوردانی باكور و ڕۆژاڤاو گه‌لانی توركیا گرنگی زۆری هه‌یه‌، له‌پشت ئه‌م گرنگییه‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵێ هۆكاری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری هه‌ن له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مویان كورد له‌ باكوری كوردستان ده‌بێته‌ سه‌نته‌ری سیجالی سیاسی و ده‌سته‌بژێری حوكمڕانی ده‌خاته‌ به‌رده‌م نه‌ك ته‌نها پرسیاری سیاسییه‌وه‌، به‌ڵكو پرسیاری ئه‌خلاقیشه‌وه‌. له‌وانه‌یه‌ په‌نابردنی ئه‌ردۆغان بۆ قورئان وه‌ك ره‌مزێك بۆ حزبه‌كه‌ی و ته‌ماح له‌ قۆرخكردنی، له‌ به‌رامبه‌ریشدا په‌نابردنه‌ به‌ر كتێبێكی «ئاڤێستا» له‌ پێناو تومه‌تباركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، له‌پاڵ ئه‌ویشدا پارتی دیموكراتی گه‌لان به‌ته‌بیعه‌تی حاڵ، كه‌ گوایه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ناو بازنه‌ی ئه‌م حزبه‌دان، موریدی «ئاڤێستا»ن یانی ده‌نگیان پێمه‌ده‌ن و ئه‌وانه‌ موسڵمان نین.
ئه‌مه‌ی ئه‌ردۆغان كردی ترۆپكی فه‌لسه‌فه‌ی پۆپۆلیستانه‌ بوو، لادان بوو له‌ هه‌رچی به‌های سیاسی و ئه‌خلاقی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌كیش بوو تا چه‌ندێ ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا جێله‌ق بوونه‌و سیاسه‌تیان لای كه‌مینه‌ ئاینی و ئه‌تنیكییه‌كان كاڵ بوه‌ته‌وه‌. ئه‌م جوڵه‌ پۆپۆلیستانه‌ی سه‌رۆكی توركیاش له‌و فه‌زا سیاسییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ هه‌ده‌په‌ تیایدا، جگه‌ له‌ كورد به‌شێكی زۆر له‌ كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكی و ئاینییه‌كان و لایه‌نگرانی پارته‌ چه‌په‌كان له‌ توركیادا كۆ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ كورد پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌یه‌و له‌لایه‌ن هه‌مو پارته‌كانی توركیاوه‌ حیسابی بۆ ده‌كرێت.
ڕه‌وته‌ سیاسییه‌كه‌ی باڵی ئه‌ردۆغانی ناو ئاكپارتی كه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر پۆپۆلیزمێكی ئاینیی، سه‌كۆی سیاسه‌ت ده‌خاته‌ پشته‌وه‌و پێش هه‌ر شتێك له‌ ڕووه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتورییه‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌دات و ته‌نانه‌ت په‌نا ده‌باته‌ به‌ر بوختانی ئاینی، ئه‌مه‌ش كۆتایی سیاسه‌ته‌.
بردنه‌وه‌و تێپه‌ڕاندنی گرێی ١٠٪ له‌ هه‌لبژاردنه‌كانی مانگی داهاتودا، هه‌ده‌په‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ئاستێكی سیاسی وه‌ها وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگی ناو دیمه‌نی سیاسی توركیا ته‌ماشا بكرێت و هاوسه‌نگێكی «زێڕین» بێت، چونكه‌ له‌پاڵ ئه‌م گوتاره‌ پۆپۆلیزمه‌ ئاینییه‌ی ئاكپارتی، تیایدا بوختان و پوچگه‌رایی سیاسه‌تی له‌ «درۆ زیاتر»، لاوازبونی پارته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ڕاستڕه‌وه‌كان، ترسی گۆڕینی توركیا بۆ نمونه‌یه‌كی تری پاكستان له‌ ناو جیهانی ئیسلامیدا له‌سێبه‌ری سیاسه‌تی ئه‌ردۆغاندا، هه‌موو ئه‌مانه‌ پرسیارن و له‌ قازانجی سیاسه‌تی عه‌قڵانیانه‌ی (هه‌ده‌په‌)دان.
له‌ هه‌مان سیاقدا سه‌ركه‌وتن، ئه‌زمونی هه‌ده‌په‌ حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵاتدا له‌ شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ ئاستێكی تری دیار له‌ سه‌ر ئاستی هه‌مو توركیا، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی به‌رچاو كێشه‌ی كورد له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌و جیهان ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆری پارته‌كانی ئه‌وروپا پاڵپشتی ده‌كه‌ن و ئه‌و ترسه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی كورد له‌ توركیا ببێته‌ سه‌رئێشه‌ بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ چونه‌ پێشه‌وه‌ی هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ هه‌ده‌په‌ له‌ توركیاداو ڕاكێشانی سه‌رنجی ناوه‌نده‌كانی سیاسه‌ت و میدیا له‌سه‌ر ئاستی وڵات بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ به‌رچاوانه‌ی له‌ گوتاری پارته‌ كوردیه‌كه‌دا ڕه‌چاو ده‌كرێت، ده‌بێته‌ هۆكارێكی به‌هێزكردنی پشتێنی هاوپشتی بۆ كوردانی ڕۆژاڤا.
هه‌ڵه‌به‌ته‌ ته‌نها ئه‌ردۆغان و كاراكته‌ره‌ سێبه‌ره‌كانی نین كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ده‌په‌و ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات بده‌ن و لێیان كه‌م بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو ڕه‌وته‌ ئاینی و سیاسییه‌كه‌ی فه‌تحوڵا گوڵه‌ن كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ئاینیی میللییه‌وه‌، كورد سڕ بكات و له‌ هێڵی مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان بدات، به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی دژایه‌تی كورد ده‌كه‌ن و ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئاینێكی میللییه‌وه‌ كورد له‌مه‌سه‌له‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی دوور بخاته‌وه‌. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ كوردو نه‌ته‌وه‌و ئاینی جیاواز له‌ بازنه‌ی گوتاری پارتی دیموكراتی گه‌لاندا، جگه‌ له‌وه‌ی به‌هێزكردنی ئه‌و جیهانبینیه‌یه‌ كه‌ كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕساتدا له‌ باكوری كوردستاندا ده‌بینێت، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی «خورت»یشه‌ به‌لای ئیمپراتۆریه‌ته‌كانی توركیای سێبه‌ر كه‌ فه‌تحوڵا گوله‌ن له‌ دووره‌وه‌ به‌ڕێوه‌یان ده‌بات و كورد تیایدا تارگێتی یه‌كه‌مه‌.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket