riklam

توركیا یان ئیسپانیای‌ رۆژهه‌ڵات یاخود...

بیروڕا 11:22 AM - 2015-05-24
مه‌لا به‌ختیار

مه‌لا به‌ختیار

توركیا یان ئیسپانیای‌ رۆژهه‌ڵات یاخود میسری‌ عه‌ره‌ب ‌



له‌هه‌لومه‌رجی‌ ئاڵۆزی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و دوڕیانی‌ چاره‌نوسسازی‌ نێوان دیموكرات‌و دژو دوژمنانی‌ دیموكراسیدا، (7)ی‌ حوزه‌یرانی‌ (2015)، كۆمارو گه‌لانی‌ توركیا، به‌ناوه‌رۆك‌و فۆرمی‌ جیاوازه‌وه‌، په‌رله‌مانی‌ توركیا هه‌ڵده‌بژێرنه‌وه‌. ئازادانه‌ش، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و نوێنه‌رانی‌ گه‌لان، به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و سه‌رگه‌رمی‌ بردنه‌وه‌‌و ململانێن.
سه‌ره‌ڕای‌ ده‌ستخۆشی‌‌و پیرۆزبایی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، له‌هه‌موو لایه‌ك‌و گه‌لانی‌ توركیا‌و ده‌نگده‌ر به‌ده‌نگده‌ری‌ به‌شداری‌ پرۆسه‌كه‌، به‌شبه‌حاڵی‌ خۆم، كه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ دیموكراسی‌‌و ئاشتی‌‌و ئاشته‌وایی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ستراتیژی‌ خۆمان ده‌زانین، له‌م دووڕیانه‌ مێژوییه‌ی‌ توركیادا، به‌ئه‌ركی‌ خۆمان ده‌زانین هه‌ڵوێستمان (كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ یه‌كێتیی‌)یه‌،  به‌ڕاشكاوی‌ رابگه‌یه‌نین، كه‌وا:
یه‌كه‌م
ساردكردنه‌وه‌ی‌ لوله‌ی‌ تفه‌نگه‌كان
یه‌كێتیی‌‌و جه‌نابی‌ مام جه‌لال، له‌ساڵی‌ (1993)ه‌وه‌، سه‌نگ‌و توانای‌ خۆی‌ خستۆته‌ كار، هه‌تا لوله‌ی‌ تفه‌نگه‌كان سارد بكرێنه‌وه‌و كۆتایی‌ به‌ به‌خشینی‌ شه‌هید‌و ئازاری‌ قوربانییه‌كان له‌توركیای‌ دراوسێدا بێت. له‌و پێناوه‌شدا، جه‌نابی‌ مام جه‌لال‌و به‌رپرسانی‌ یه‌كێتیی‌، لای‌ هه‌موولایه‌ك، بێ‌ درێغ تێكۆشیون. خۆشبه‌ختانه‌، هیچ نه‌بێ‌، له‌و ساڵانه‌دا سیاسه‌تی‌ نه‌شه‌ڕو نه‌ئاشتی‌ زۆرتر باڵاده‌ست بووه‌و لایه‌نیكه‌م، گیانی‌ هه‌زاران كه‌سی‌ تری‌ توركیاو باكوری‌ كوردستان، نه‌بونه‌ته‌ قوربانی‌ سیاسه‌تی‌ دابین نه‌كردنی‌ مافه‌ دیموكراسییه‌كانی‌ باكور. هه‌تا ئێستاش ئاگری‌ شه‌ڕه‌كان دامركاوون، هه‌ربۆیه‌، ده‌ره‌تانی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌‌و دیموكراسی‌، هه‌تا هاتووه‌ له‌توركیادا، فراوانتر بووه‌. ئومێده‌وارین، ئه‌م ژینگه‌ سیاسییه‌ ئاشته‌واییه‌ به‌رده‌وامبێ‌‌و هۆیه‌كانی‌ چاره‌سه‌ر نه‌كردنی‌ هه‌تا ئێستای‌ كێشه‌ی‌ دیموكراسی‌ گه‌له‌كه‌مان، له‌باكوری‌ كوردستاندا، به‌ره‌ به‌ره‌ لاببرێن.


مه‌لا به‌ختیار

دووه‌م
هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌
به‌هۆی‌ درێژه‌كێشانی‌ گفتوگۆكانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ئاك پارتی‌ توركیا‌و جه‌نابی‌ ئۆجه‌لان، وه‌كو رابه‌ری‌ (p.k.k)‌و باكوری‌ كوردستان، له‌لایه‌كه‌وه‌ جارجاره‌ مه‌ترسی‌ سه‌پاندنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ دژی‌ گه‌ریلا له‌باكوردا هه‌بووه‌، هاوكات، ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌باكورو سه‌راپای‌ توركیادا، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌سه‌ر بووه‌. به‌تایبه‌تی‌ پاشماوه‌ی‌ شۆڤێنیزمی‌ تورك، كه‌ له‌ناو سوپاو لایه‌نی‌ سیاسی‌‌و به‌شێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ توركنشیندا هه‌ن، به‌درێژایی‌ مێژووش، به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ئاژاوه‌و تێكهه‌ڵچونه‌كاندا بووه‌.
بۆ رێگرتن له‌و مه‌ترسیانه‌، (HDP) له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، رێگای‌ خه‌باتی‌ دیموكراسی‌ گه‌لانی‌ توركیای‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، گرته‌به‌ر. به‌م ڕێگایه‌، هه‌ده‌په‌، هه‌م ناكۆكی‌ گه‌لانی‌ ناو توركیا، به‌تایبه‌تی‌ كوردو توركی‌، كه‌مكرده‌وه‌، هه‌م گیانی‌ ئاشته‌وایی‌ نێوان كوردو تورك‌و گه‌لانی‌ دیكه‌ی‌ توركیا‌و ئایینزاكانی‌، له‌قۆرغی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ توركخوازییه‌وه‌، گۆڕی‌ بۆ ناو پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ ماف‌و ئه‌ركه‌كانی‌ گه‌لان.
واتا: پێشتر گه‌لانی‌ ناتورك، ته‌نها ئه‌ركیان هه‌بوو؛ مافی‌ دیاریكراوی‌ سیاسیان نه‌بوو. له‌مه‌ودوا، ئه‌رك‌و ماف، هاوسه‌نگ كراونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش، سیاسه‌تێكی‌ گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ یاسا‌و رێسای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و بچینه‌كانی‌ دیموكراسی‌‌و گیانی‌ سه‌رده‌مدا.
سێهه‌م
كه‌مترین ده‌ستكه‌وت‌و (22) ساڵ دانوستاندن
پێمانوایه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌ی‌ دیموكراسی‌ باكوری‌ كوردستان، زوتر چاره‌سه‌ر بكرایه‌، دۆخی‌ سیاسی‌ ناو توركیا به‌شێنه‌یی‌ په‌ره‌ی‌ ده‌سه‌ندو به‌هاوكاری‌ گه‌لان‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش له‌به‌دیهێنانی‌ دیموكراسی‌ سه‌راپای‌ توركیا پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ باشتر پێشده‌كه‌وت؛ واتا: دیموكراسی‌ ته‌واوی‌ گه‌لان‌و پێكهاته‌ ئایینی‌‌و ئاینزاكانی‌ توركیا، ده‌چه‌سپا. به‌ڵام مه‌خابن، (22) ساڵ دانوستاندن درێژه‌ی‌ كێشاو كه‌مترین ده‌ستكه‌وت له‌و ساڵانه‌دا، هێنراوه‌ته‌دی‌؛ له‌ڕۆژگاری‌ جیهانگیری‌‌و ئازادییه‌كاندا، هێشتا زمانی‌ كوردی‌، له‌توركیادا، به‌ڕه‌سمی‌ ناناسرێ‌! دانوستاندنی‌ سیاسی‌ هه‌یه‌، كه‌چی‌ رابه‌ری‌ كورد له‌زینداندا بۆ درێژه‌پێدانی‌ سیاسه‌تی‌ قۆرغكردنی‌ ده‌سه‌ڵات، ئازاد ناكرێ‌!!
ئه‌م دواخستنه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌ له‌توركیادا، مه‌خابن، متمانه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ لاواز كردووه‌. ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر باری‌ ئابوری‌‌و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكیش هه‌بووه‌. به‌ڵكو كاریگه‌ری‌ سیاسه‌تی‌ توركیاشی‌ له‌ناوچه‌كه‌ دووچاری‌ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌ كردووه‌.
هه‌ده‌په‌.. له‌به‌رامبه‌ر پانۆرامایه‌كی‌ سیاسی‌ ئاوای‌ ئایینده‌ نادیاردا، ستراتیژی‌ خه‌باتی‌ ناوكۆیی‌ گه‌لانی‌ توركیای‌ په‌سه‌ند كردووه‌و خه‌باتی‌ راستگۆیانه‌شی‌ بۆ ده‌كات. به‌مه‌ش خه‌باتی‌ هاوبه‌شی‌ كوردو تورك، ئه‌رمه‌ن، چه‌ركه‌س، سوریانی‌، كلدانی‌، عه‌له‌ویی‌‌و ئایینزاكانی‌ تر، بۆ قۆناغێكی‌ باڵا به‌رزده‌كاته‌وه‌.
ئه‌م بڕیاره‌ی‌ هه‌ده‌په‌.. ده‌ریده‌خات كه‌وا ئاك پارتی‌، هه‌تا ئێستا، نه‌بڕیاری‌ گۆڕینی‌ سیاسه‌تی‌ رابوردوی‌ هه‌یه‌و، نه‌ڕه‌هه‌ندی‌ دانوستاندنی‌ چۆنییه‌تی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ له‌مه‌ودواشی‌، بۆ كێشه‌ی‌ دیموكراسی‌ باكوری‌ كوردستان، رۆشنه‌. له‌حاڵه‌تی‌ وادا، سه‌باره‌ت به‌هه‌ده‌په‌، سه‌ره‌نجامێكی‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، بڕیارێكی‌ نوێ‌ بدات بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ له‌بنبه‌ست ده‌ربێت. چونكه‌، به‌درێژایی‌ مێژوو، پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ هه‌روا بووه‌و به‌رده‌وامیش وا ده‌مێنێ‌.
چواره‌م
چاره‌سه‌ری‌ خۆ به‌خۆی‌ دیموكراسی‌
ئه‌گه‌ر... هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، نه‌توانن كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی‌ دیموكراسی‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بێگومان پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران په‌كی‌ ئه‌ركی‌ مێژوویی‌ ناخات.. به‌ڵكو رێگای‌ تری‌ چاره‌سه‌ری‌ خۆبه‌خۆیی‌ ده‌كاته‌ ئه‌ركی‌ گه‌لان‌و هێزه‌ دیموكراته‌كان.
ئه‌م بڕیاره‌ی‌ هه‌ده‌په‌، له‌م هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ژاوه‌ی‌ ناوچه‌كه‌و كێشمه‌ كێشه‌كانی‌ ناو توركیا، هێنده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌باری‌ بابه‌تی‌‌و ئه‌ركه‌ دیموكراسییه‌ رانه‌په‌ڕیوه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، نیوهێنده‌ په‌یوه‌ستی‌ بڕیاری‌ یه‌ك لایه‌نه‌ی‌ هه‌ده‌په‌و كێشه‌ی‌ كورده‌وه‌، به‌دابڕاوی‌ له‌كۆی‌ پرۆسه‌ دیموكراسییه‌كه‌و، وه‌رچه‌رخانه‌ مێژوییه‌كه‌ی‌ توركیا نییه‌.. به‌ڵێ‌، هه‌لومه‌رجی‌ بابه‌تی‌ توركیای‌ قۆرغكراوی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ تورك، بۆ توركیای‌ مافه‌ دیموكراسییه‌كانی‌ گه‌لانی‌ توركیا، ئه‌م دۆخه‌ی‌ هێنایه‌ ئارا.
توركیا.. له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ پێنجه‌مه‌وه‌، ناوه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ توركه‌. له‌وساوه‌ هۆزی‌ عوسمانییه‌كان سه‌ركه‌وتن‌و پایته‌ختی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ بیزه‌نتینیان له‌ڕۆما سه‌نده‌وه‌و خه‌لافه‌تی‌ ئیسلامیشیان له‌عه‌ره‌ب زه‌وتكرد، هه‌تا عوسمانی‌ (500)ساڵ قه‌ڵه‌مڕه‌ویان به‌پان‌و پۆڕی‌ سه‌پاند، هه‌ر تورك توركڕه‌و بون، دوای‌ ئه‌وه‌ش، كه‌مالییه‌كان، هه‌ر به‌جارێ‌ تورك سه‌پێن بون. نامانه‌وێ‌ تاوانه‌كانی‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ی‌ حوكمڕانی‌ كه‌مالیسته‌كان بژمێرن، چونكه‌ دڵنیاین ئاك پارتی‌‌و به‌ڕێز ئۆردوگان، تاوان به‌تاوان چ به‌رامبه‌ر كوردو چ به‌رامبه‌ر ئه‌رمه‌ن‌و چه‌ركه‌س، چ به‌رامبه‌ر عه‌له‌وییه‌كان‌و مه‌سیحییه‌كان، ده‌یزانن. ته‌نها هێنده‌ ده‌ڵێین:
پێنجه‌م
ده‌ربازكردنی‌ توركیا له‌بوركان
توركیا، له‌چوار ساڵی‌ رابوردوودا، له‌بوركانه‌ سیاسییه‌ ته‌قیوه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و باكوری‌ ئه‌فریقیا، سه‌ره‌ڕای‌ ناو به‌ناو خۆپیشاندانی‌ گه‌وره‌ گه‌وره‌ش، رزگاری‌ بووه‌، ئێستا له‌به‌رده‌م چاره‌نوسێكی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ دیكه‌دایه‌:
-یان، پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌، له‌سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ ستونی‌ توركه‌وه‌ ده‌گۆڕێ‌، بۆ سیسته‌می‌ دیموكراسی‌ ئاسۆیی‌ گه‌لانی‌ توركیا، كه‌ به‌مكاره‌ توركیا پێده‌نێته‌ قۆناغی‌ سیاسی‌ مێژوویی‌ نوێ‌‌و گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م رێبازه‌ش به‌رده‌وام بێ‌ له‌ئایینده‌شدا ده‌بێته‌ ئیسپانیای‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست.
-یاوه‌كو، ده‌سه‌ڵات‌و سیسته‌م‌و یاسا، له‌ده‌ستی‌ گه‌لی‌ توركدا، به‌قۆرغكراوی‌ ده‌مێنێته‌وه‌؛ له‌حاڵه‌تی‌ واشدا، گه‌لان‌و چه‌پ‌و ئایینزاو دیموكراتخوازه‌كانی‌ توركیا، وه‌كو سه‌ده‌ی‌ رابوردوو، ده‌یان ساڵ چاوه‌ڕێ‌ ناكه‌ن، دۆخه‌كه‌ چۆن رۆشتووه‌، بێ‌ گۆڕانكاری‌ به‌رده‌وام بێ‌.. یان كوده‌تایه‌كی‌ تر (خوانه‌خواسته‌) بكرێ‌. نه‌خێر، له‌م سه‌رده‌مه‌ی‌ جیهانگیری‌‌و، گۆڕانكاری‌‌و، شۆڕشی‌ خێرایدا، بێگومان كێشه‌ په‌نگ خواردووه‌كانی‌ ئابوری‌، سیاسی‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌، مه‌زهه‌بی‌‌و كولتوری‌ توركیا، زوتر ده‌ته‌قنه‌وه‌. دیاره‌، له‌حاڵه‌تی‌ واشدا، ره‌نگه‌ توركیا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر، وه‌كو وڵاتی‌ میسری‌ عه‌ره‌بی‌، لێبێ‌.
ئێمه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد، هه‌تا ده‌سه‌ڵات، له‌ده‌سه‌ڵاتدارێكی‌ ستونیی (سیاسی‌- ئایینی‌- نه‌ته‌وه‌ییه‌)وه‌، بگۆڕدرێ‌، بۆ دیموكراسی‌ ئاسۆیی‌ گه‌لان‌و چینه‌كان‌و پێكهاته‌كان، مایه‌ی‌ خۆشحاڵی‌‌و پشتیوانیمانه‌. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، زیانی‌ هه‌موو لایه‌كمانه‌.
مێژووش سه‌لماندی‌.. هه‌تا ده‌سه‌ڵات به‌ناوی‌ دیموكراسییه‌وه‌ قۆرغ بكرێ‌، كێشه‌كان به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی‌ ده‌مێننه‌وه‌و ناوبه‌ناویش ده‌ته‌قنه‌وه‌؛ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، هه‌تا دیموكراسی‌، فراوانتر بكرێ‌، نه‌ته‌وه‌ی‌ باڵاده‌ست كه‌مترین كێشه‌ی‌ ده‌مێنێ‌‌و گه‌لانی‌ دیكه‌ش، ده‌بنه‌ دۆست‌و پشتیوان‌و خزمه‌تگوزاری‌، نیشتمانی‌ هاوبه‌ش. نه‌ك نیشتمانێك شوناسی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك بسه‌پێنێ‌‌و شوناسی‌ گه‌لانی‌ دیكه‌ش بسڕێته‌وه‌!!

مه‌لا به‌ختیار
23/5/2015

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket