riklam

28ـه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زور به‌رز راده‌گیرێت

جینۆساید‌‌ 04:26 PM - 2015-05-13
.

.

ئه‌مڕۆ 13-5-2015 به‌ ئاماده‌بوونی مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری شه‌هیدان ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس و حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و نوینه‌رانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، مه‌راسیمێك به‌بۆنه‌ی 28ـه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینی 13-5-1987 له‌ هۆڵی بۆنه‌كانی ناحیه‌ی خورماڵ به‌ڕێوه‌چوو.

مه‌راسیمه‌كه‌ به‌چه‌ند ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و داگیرساندنی 28 مۆم وه‌ك هێیمایه‌ك بۆ تێپه‌ڕبوونی 28 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوور ده‌ستیپێكرد، پاشان وتاری به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن سمكۆ سالار به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خورماڵ خوێنرایه‌وه‌، كه‌ تیایدا وێڕای به‌رز راگرتنی ئه‌و رۆژه‌، به‌ناوی دانیشتوانی ناحیه‌ی خورماڵه‌وه‌ ده‌ستخۆشیكرد له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ساڵیاده‌ له‌ ناحیه‌كه‌دا.

وتیشی: زه‌وییه‌كمان ئاماده‌كردووه‌، هیوادارین وه‌كو هێماو سیمبوڵێكی تایبه‌ت به‌ شه‌هیدانی ئه‌و رۆژه‌ له‌ ناحیه‌كه‌ماندا شوێنێكی لێدروستبكرێت.

دواتر مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم له‌ وته‌یه‌كیدا رایگه‌یاند: به‌ناوی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین و سه‌ری رێزو نه‌وازش له‌به‌رده‌م گڵكۆی شه‌هیدان داده‌نه‌وێنین.

وتیشی: ئه‌و راپه‌ڕینه‌ لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ راپه‌ڕینی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو بوو كه‌ رژێم بڕیارێكی عه‌سكه‌ری ده‌ركرد بۆ هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ی كه‌ دانه‌گیرابوون، ئه‌وانیش گونده‌كانی شیره‌ مه‌ڕو گیله‌ك و ئه‌حمه‌د ئاواو ته‌په‌ سه‌رقوله‌ بوو، دواتر له‌ ساڵی 1987 بڕیای راگواستنی هه‌موو دێهاته‌كانی دا بۆئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌و سنورانه‌ نه‌مێنێت، ئه‌گه‌رچی بڕیاربوو له‌ 17 مانگ ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام پێشكه‌وت و رژێم سوپایه‌كی گه‌وره‌ی ناوخۆیی و بیانی هێنابوو، گه‌رچی راپه‌ڕینه‌كه‌ به‌هه‌وڵی خه‌ڵك و هێزه‌ سیاسییه‌كان ماوه‌ی 2 رۆژی خایاند، به‌ڵام به‌هۆی بۆمبباران و زۆری هێزه‌كه‌و تۆكمه‌ نه‌بوونی پلانه‌كه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ دامركێنرایه‌وه‌.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیشیدا رایگه‌یاند: هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان و سه‌یدسادق و شاره‌زورو خورماڵ ئه‌و په‌یامه‌یان به‌ دوژمنان دا كه‌ گه‌لی كورد هه‌رگیز ژێرده‌ستی و بڕیاره‌كانی ئه‌و رژێمه‌ قبوڵ ناكات.

دواتر محه‌مه‌د خاجی مه‌حمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: جێی خۆیه‌تی ئه‌مساڵ ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ له‌ ناحیه‌ی خورماڵ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ شوێنگه‌یه‌كی گرنگی له‌ شۆڕشه‌كاندا هه‌بوو، ده‌یان پێشمه‌رگه‌و رۆڵه‌ی شه‌هیدبوون.

وتیشی: راپه‌ڕینی 13-5-1987 ویستی رژێمی فاشی تێكدانی جوگرافیای ناوچه‌كه‌و نه‌هێشتی پێشمه‌رگه‌و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌كه‌ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌ڵه‌بجه‌ پارێزگایه‌و ناوچه‌كانی تریش رۆژ به‌ڕۆژ پێشده‌كه‌ون.

له‌ كۆتاییشدا خه‌ڵاتی رێزلێنان به‌خشرایه‌ چه‌ند ژنێكی به‌شداربووی ئه‌و راپه‌ڕینه‌و پاشان چه‌پكه‌گوڵی رێزو وه‌فای وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیروان و فراكسیۆنی سه‌وز له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی خورماڵ له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هیدان له‌ گۆڕستانی خورماڵ دانرا.

به‌پێی ئاماره‌كان، له‌ 13-5-1987 دا زیاتر له‌ 77 كه‌س شه‌هیدبوون و ئه‌وڕۆژه‌ش له‌ بیرو زهنی تاكه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زورو سه‌یدسادقدا ساڵانه‌ یاد ده‌كرێته‌وه‌و درود بۆ گیانی شه‌هیدان ده‌نێرێت.

PUKmedia فه‌رحان حه‌مه‌خان - هه‌ڵه‌بجه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket