riklam

عێراق بەرەو كوێ ؟

بیروڕا 08:57 PM - 2015-05-03
.

.

لەساڵی 2003 كە دەسەڵاتەكەی سەدام حسەین كۆتایی هات لەسەر دەستی ئەمریكاو هاوپەیمانەكان، هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی عێراق (كورد، شیعەو سوننە) لەبەغدا‌و بەناوونیشانی حكومەتێكی یەكگرتووی نیشتمانی كە هەموو پێكهاتەكان لەخۆی بگرێت، لەحكومەتێكی نوێدا شەمەندۆفێری حكومڕانیان بەگەڕخستەوە.

 لەماوەی 12 ساڵی ڕابردووداو هەروەها لەهەریەكێك لەكابینەی ئەو حكومەتە یەك لەدوای یەكانەی كە لەعێراقدا تێپەڕین، بەكابینە نوێكەی بەڕێز (حەیدەر عەبادی)یشەوە كە تەمەنی تەنها هەشت مانگە، هەموو پێكهاتەكان بەدروشم ! بەهیوای ئەوەن كە بتوانن لەعێراقێكی یەك پارچەی دوور لەڕۆحی دیكتاتۆریدا مافەكانیان بەدەست بهێنن بەڵام، دەركەوتە نوێیەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە ئەم حكومەتە نوێیەیش نمونەیەكی حكومەتەكانی پێشووە بەبێ زیاد‌و كەم.

 بۆ هەر كەسێك ڕوونە كە، لایەنی كوردی كاتێك لە8ی ئەیلولی 2014دا بڕیاریاندا كە بەشداری كابینە نوێیەكەی "حەیدەر عەبادی" بكەن، ئەوەیان بەمەرج گرت كە، پێویستە لەماوەی سێ مانگدا كابینە نوێیەكەی عەبادی بەجیاوازی كابینەكانیتری ڕابردوو بتوانێت ماف‌و داواكانی كورد دەستەبەر بكات‌و ئەوەی كە بەحكومەتەكانیتر بۆ كورد نەكراوە، ئەم حكومەتە نوێیە بیكات.

 وەك بینیمان لەڕابردووداو چ لەئێستایشدا كە مامەڵە‌و سیاسەتی عەرەبی بەرامبەر بەكورد دەبینین، نەك هەر دابەشبونێكی هاوسەنگ لەنێوان پۆست‌و سەروەت‌و سامانی وڵاتدا نییە بۆ پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق، بەڵكو تاهەنوكە هەمان نەخوێندنەوە‌و ڕەدكردنەوەی ئەوی بەرامبەر هەست پێدەكەین‌و هەمان یەكتر بەلاوەنان‌و ڕق لێبونەوە‌و تۆڵەسەندنەوە لەلایەن پێكهاتەكانەوە جێبەجێ دەكرێت، ئێستا دیسانەوە جێگەی خۆیەتی ئەوەی كورد لەپێشوودا لێیدەترسا لەئێستایشدا لێیبترسێتەوە بەهۆی ئەو شۆڤێنییەت‌و نەتەوەگەرییەی عەرەبەوە دژی كورد.
 
 ئەم شێوەیە لەمامەڵەی پێكهاتە عەرەبییەكان لەبەرامبەر كورددا، مامەڵەیەكی نامۆ نییە بەكورد‌و مێژووەكەمان، ئەوەی لەڕوانگەی ئەم مامەڵە نادیموكراسی‌و مۆدێرنەوە دەبینین ئەوەییە كە، عێراق بەرەو ڕابردوویەك دەگەڕێتەوە كە ڕۆحی پێكەوەیی‌و فرەیی ‌و دیموكراسی لایەنەكانی تێدا كوژرابوو لەسەر دەستی سەدام‌و بەعسییەكان‌و دەرودەستەكانیان، ئەم سیاسەت‌و ڕەدكردنەوەیەی یەكتر پێماندەڵێت عێراق بەرەو ئەو ڕابردووە دەگەڕێتەوە كە جێگەی هەناسەی ئازادی تێدا نەدەبوویەوە، بەكورتی بەرەو ئەو عێراقە دەگەڕێتەوە كە جێگەی كوردی ئازادیخوازو دیموكراسیخوازی تێدا نابێتەوە.

 مەشهەدەكانی ساڵی 2003 ئەو ڕاستیانەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە كاتێك تانك‌و سەربازەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان گەیشتنە فاو‌و بەسرە ‌و دواتر بەرەو بەغدای پایتەخت لەپێشڕەویدا بوون، لەچاوی زۆرێكی عێراقییەكاندا هیوای عێراقێكی نوێ و دیموكرات‌و فیدراڵمان دەبینی، هەموومان ئەو چركەساتانەمان لەبیرە كە بەشێكی هاوڵاتیانی بەغدا چۆن فرمێسكیان لەچاو دەهات‌و بەپێڵاوەكانیانەوە لەپەیكەرەكانی سەدام حسەینیان دەدا، بەڵام ئەوانە هیچیان نەبون بەوانەیەك بۆ عەرەبی عێراقی كە سودی لێوەربگرن بەرامبەر كورد، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئەستەمە عێراقەكەی ئەمڕۆ بەو تاقەتەوە كە لەڕۆحی بەپرسان‌و سەركردە عەرەبییە عێراقییەكاندا دەیبینین بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت، بەپێچەوانەوە ئەو دەركەوتانەی ئەمڕۆ لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا دەیبینین، بەهەموو پێوەرێك عێراق بەرەو دواوە دەبات‌و لەپاشەكشەیەكی بەردەوامدایە.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket