كرێكارانی كوردستان له 1ی ئایاردا چی ده‌ڵێن؟
کوردستان 08:17 PM - 2015-04-30.
1ی ئایار، رۆژی جیهانی كرێكارانه له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، به‌ڵام بۆ زانینی بارودۆخی كرێكارانی كوردستان و داواكاریی كرێكاران خۆیان و هه‌روه‌ها سه‌ندیكای كرێكارانیش PUKmedia ئه‌م رێپۆرتاژه‌ی ئاماده‌كردووه، له به‌شێكی تریشیدا مێژوو و هۆكاری دیاریكردنی 1ی ئایار بۆ رۆژی جیهانی كرێكاران ئاماژه‌ی پێكراوه.
به‌ڵام ئه‌و كرێكاره‌ی لێدوانیان لێوه‌رگیراوه بۆ ئه‌م رێپۆرتاژه، له‌سه‌ر داوای خۆیان ناوی هیچكامیان بڵاوناكه‌ینه‌وه.
كرێكارێك: 1ی ئایار به جه‌ژنی خۆمان نازانین
كرێكارێك له‌باره‌ی سه‌ندیكای كرێكارانه‌وه بۆ PUKmedia وتی: "ئه‌و سه‌ندیكایه سه‌ندیكای كرێكاران نییه، هیچ شتێك بۆ كرێكار نه‌كراوه، هیچ مافێكیشمان بۆ فه‌راهه‌م نه‌كراوه". وتیشی: "1ی ئایار به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جه‌ژنی ئێمه نییه‌و به جه‌ژنی خۆمانی نازانین، ئێمه ساڵانه له رۆژی 1ی ئایاردا كارده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر جه‌ژنی ئێمه بوایه كارمان نه‌ده‌كرد".
"هه‌وێی سه‌ندیكا هیچ سوودێكی نییه"
سه‌باره‌ت به‌و كرێكارانه‌ی هه‌وێی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستانیان هه‌یه، كرێكارێكی تر وتی: "ئه‌وه‌ی هه‌وێی سه‌ندیكای هه‌بێت، ته‌نها بۆ پاره كێشانه‌وه‌یه‌و مانگانه ئابوونه‌یه‌كی لێوه‌رده‌گرن و هیچی تر، ئه‌گه‌رنا هیچ سوودێكی نییه". وتیشی: "من هه‌وێی سه‌ندیكام هه‌بوو، به‌ڵام له ساڵی 2003ـه‌وه فڕێمداوه، به‌وپێیه‌ی سه‌ندیكا كه‌مته‌رخه‌مه".
كرێكارێك: ته‌نها ماندوبوونم بۆ مایه‌وه
لای خۆشییه‌وه كرێكارێكی تر به‌سه‌رهاتێكی خۆی گێڕایه‌وه‌و وتی: "من له سه‌ندیكای كرێكاران شكاتم له كه‌سێك كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیشم بۆ كه‌سێك كرد‌و پاره‌كه‌ی پێنه‌دابووم، سه‌ندیكا نامه‌یه‌كیان نارد بۆ ئه‌و كه‌سه بۆئه‌وه‌ی بێت بۆ سه‌ندیكا، به‌ڵام وتی ئێوه وه‌رن بۆ سه‌ندیكا، بۆیه من ته‌نها ماندوبوونم بۆ مایه‌وه".
"له‌م هه‌رێمه مافی كرێكار نییه"
هه‌روه‌ها كرێكارێكی تریش به PUKmedia ی راگه‌یاند: ماوه‌ی 10 ساڵه كرێكاری ده‌كه‌م. به‌ڵام 1ی ئایار به‌ڕۆژی كرێكاران نازانم، كاتێك رۆژی ئێمه‌یه مافمان هه‌بێت، ئیمتیازاتمان هه‌بێت، به‌ڵام له‌م هه‌رێمه مافی كرێكار نییه".
"كرێكاری بیانی كه‌مبكرێته‌وه"
له پرسیارێكی تردا كه هه‌ڵوێستی كرێكاران ناوخۆ چییه به‌رامبه‌ر كرێكارانی بیانی؟ كرێكارێك وتی: "داواكارین حكومه‌ت كرێكاری بیانی كه‌مبكاته‌وه، چونكه به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ئێمه بێكار ده‌بین". وتیشی: "له‌وباره‌یه‌وه راسته سه‌ندیكا كاریان كردووه، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه به‌ته‌واوی به‌رگری له كرێكاری ناوخۆیی بكه‌ن".
"پێویسته مافی كرێكار له ده‌ستووردا بنوسرێت"
ئه‌و كرێكاره راشیگه‌یاند: پێشتریش داوامان له په‌رله‌مان كردووه، ئێستاش به‌ناوی هه‌موو كرێكارانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێم "پێویسته مافی كرێكار له ده‌ستووردا بنوسرێت، هه‌تا له ده‌ستووردا نه‌نوسرێت، هه‌ر مافخوراو ده‌بین".
سه‌ندیكای كرێكاران: هیچ یاسایه‌ك نییه كه به‌رگری له كرێكارانی بیناسازی بكات
له به‌رامبه‌ر ئه‌و ناڕه‌زایی و گله‌ییانه‌ی كرێكاران له سه‌ندیكای كرێكاران، PUKmedia ئه‌و گله‌یی و ناڕه‌زاییانه‌ی گه‌یانده محه‌مه‌د جه‌زا جێگری سه‌رۆكی سه‌ندیكای بیناسازی، له وه‌ڵامدا وتی: "ئێمه وه‌كو سه‌ندیكای كرێكاران كه‌مته‌رخه‌م نه‌بووین به‌رامبه‌ر به داخوازی كرێكاران، هه‌روه‌ك له‌هه‌موو بۆنه‌كانیشدا یاداشتی خۆمان داوه‌ته په‌رله‌مانی كوردستان و رێپێوانیشمان كردووه‌و داواكاریمان هه‌بووه، به‌ڵام له عیراق و كوردستانیشدا هیچ یاسایه‌ك نییه كه به‌رگری له كرێكارانی بیناسازی بكات. بۆیه كرێكاران ئێمه به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه ئێمه نین به‌ڵكو نه‌بوونی یاسایه".
هه‌ركرێكارێك گیانله‌ده‌ستبدات چی بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كرێت؟
له‌باره‌ی ئه‌و كرێكارانه‌شی ده‌كه‌ونه خواره‌وه له‌سه‌ر بیناكان، جێگری سه‌رۆكی سه‌ندیكای بیناسازی وتی "له‌وكاتانه‌دا ئێمه راسته‌وخۆ داوا تۆمارده‌كه‌ین له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی، كه دواتریش پاره‌ی پرسه بۆ كه‌سوكاری كرێكاره‌كه دابینده‌كرێت، هه‌روه‌ها پاره‌ش ده‌ده‌ن به كه‌سوكاری كرێكاره‌كه".
وتیشی: "هه‌ر كرێكارێك له بینای كۆمپانیاكانه‌وه بكه‌وێته خواره‌وه‌و كه‌مده‌رامه‌ت بێت و گیان له‌ده‌ستبدات، ئێمه هه‌قییان بۆ وه‌رده‌گرینه‌وه بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی، بۆ نموونه كۆمپانیا هه‌بووه رێككه‌وتووین له‌گه‌ڵی خانوو بۆ كه‌سوكاری كرێكاره‌كه بكڕێت و بڕێك پاره‌ی مانگانه‌شی بۆ بڕیونه‌ته‌وه".
سه‌باره‌ت به پرسیارێكی PUKmedia كه ئایا حكومه‌ت هاوكاری و پشتیوانی سه‌ندیكاو كرێكاران ده‌كات؟ محه‌مه‌د جه‌زا وتی: "ئێمه وه‌كو سه‌ندیكا كاری باشیان بۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام حكومه‌ت هیچیان بۆ ناكات، هه‌ربۆیه گله‌یی زۆرمان له حكومه‌ت هه‌یه".
"ده‌یانجار چووینه‌ته په‌رله‌مان، به‌ڵام وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه"
له پرسیارێكی تردا كه بۆچی سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ناكه‌ن و داوایان لێبكه‌ن به‌پێی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور هه‌وڵبده‌ن یاسای گه‌ره‌نتی كرێكاران بكه‌نه ناو ده‌ستووره‌وه‌و دایبڕێژنه‌وه؟ وتی: "ئێمه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌یانجار چووینه‌ته په‌رله‌مان، به‌ڵام وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه".
وتیشی: "بۆ نموونه كرێكار هه‌یه له‌كاتی كاركردندا ده‌ستێكی له‌ده‌ستداوه، كتابی بۆ ده‌كه‌ین بۆ فه‌رمانگه‌ی دڵنیایی، به‌ڵام ئه‌وان پێمانده‌ڵێن هیچ یاسایه‌كمان نییه یارمه‌تی كرێكاری پێبده‌ین، چونكه كرێكاری گه‌ڕۆكن و سه‌ربه‌ستن و به‌دڵی خۆیان كارده‌كه‌ن، واتا كرێكاری كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت نین یان كرێكاری حكومه‌ت نین تا ئێمه گه‌ره‌نتی بكه‌ین".
له پرسیارێكی تردا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له جه‌ژنی كرێكاراندا داوای چی له حكومه‌ت ده‌كه‌ن؟ محه‌مه‌د جه‌زا وتی: "داواده‌كه‌م یاسایه‌ك هه‌بێت كه به‌رگری له كرێكارانی بیناسازی بكات، یاسایه‌كیان هه‌بێت بۆ خانه‌نشین".
"حكومه‌ت مۆڵه‌تی پێنه‌داوین بۆ ئه‌مساڵ كار بۆ كرێكاران بكه‌ین"
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه له ساڵانی رابردوودا ئه‌و رۆژه كراوه‌ته پشوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌وپێیه‌ی به‌ر رۆژی هه‌ینی ده‌كه‌وێت خۆی پشوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كرێكار هه‌ر له‌و رۆژه‌دا كارده‌كات، محه‌مه‌د جه‌زا وتی: "حكومه‌ت مۆڵه‌تی پێنه‌داوین بۆ ئه‌مساڵ كار بۆ كرێكاران بكه‌ین، به‌ڵام حزبی شیوعی هه‌وڵی زۆریان دا هه‌تا ره‌زامه‌ندیان وه‌رگرت كه له‌نزیك پاركی دایك له شاری سلێمانی گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ن".
چیرۆكی رووداوه‌كه‌ی هایماركت
مشتومڕی نێو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری سه‌ده‌ی 19 له‌چه‌ند پرسێكدا خۆی ده‌بینییه‌وه، له‌وانه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی هه‌ره‌وه‌زییانه كه مانگرتنی گشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌كان. یه‌كێتییه‌كانی ئینگلته‌را له 1ی ئایاری 1833 دا 8 سه‌عات رۆژانه كاریان كرده ئامانجیان و بڕیاری مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریان دا، كه تیایدا شتێكی له‌وشێوه‌یه نه‌توانرا به‌ته‌واوی بهێنرێته‌دی. سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازیی بۆ بزووتنه‌وه‌ی تازه‌پێگرتووی كرێكاریی دژێكی به‌هێز بوو، له‌لایه‌كی تره‌وه ناسیۆنالیزم به‌زۆری به‌ری به هاوپشتییه سنووربه‌زێنه‌كان ده‌گرت.
پاش ئه‌وه‌ی كه شۆڕشی 1848/1849 به سه‌ركوتنی بۆرجوازی نه‌ته‌وه‌یی كۆتایی هات، زۆرێك له كرێكارانی سۆشیالیست به‌ره‌و ئه‌مریكا ره‌ویان ده‌كرد. زۆرێكیان هزرو بیرۆكه ئه‌ناركیستییه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان برده ئه‌مریكا، له‌وێ كه ژیان و هه‌لومه‌رجی كاركردن زۆر خراپتر بوو له وڵاتانێك كه لێوه‌ی هاتبوون. به‌تایبه‌ت له یه‌كه‌مین قه‌یرانی ئابووری له ساڵی 1857ـه‌وه تا گه‌رمه‌ی قه‌یرانه‌كه "داته‌پینه گه‌وره‌كه"، له ساڵی 1883ـه‌وه كرێكاران به‌ده‌ست بێكاری و بێسه‌رپه‌ناییه‌وه گیرۆده‌بوون.
له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئه‌وكاته‌دا، له ئیمپراتۆری تازه‌پێكهێنراوی ئه‌ڵمانیادا ساڵی 1878 یاسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان "له‌دژی چالاكییه مه‌ترسیداره‌كانی سۆشیال دیمۆكراسی" په‌سه‌ندكران. له پێكهێنانی كۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كرێكاران (IAA) له ساڵی 1872 دا، سۆشیال دیمۆكرات و كرێكارانی ئه‌ڵمانیا گه‌وره‌ترین هێزبوون. به‌مجۆره جێی سه‌رسووڕمان نییه، كه زۆرێك له‌و سه‌دان هه‌زار كرێكاره ئه‌ڵمانییه‌ش له ئه‌مریكا خۆیان له یه‌كتییه‌كاندا رێكبخه‌ن. "پاڵه‌وانانی كار"(Knights of Labor) كه ساڵی 1869 له فیلادیلفیا پێكهێنران، بوونه پێشینه‌ی "یه‌كێتییه كرێكارییه‌كان"ی دواتر.
خه‌بات له‌پێناو 8 سه‌عات كاری رۆژانه
ساڵی 1884 "كۆنگره‌ی یه‌كێتییه فیدراڵییه‌كان و كۆمه‌ڵه كرێكارییه‌كان" دواتر ناسراو به "فیدراسیۆنی كرێكارانی ئه‌مریكای باكووری" بڕیاریدا داواكاری 8 سه‌عات كاری رۆژانه وه‌ك سه‌رخه‌تی ناوه‌ندیی خه‌باتی داهاتوو بێت.
سه‌ره‌كیترین داواكاری كرێكاران كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی كار بوو. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌مه‌بوو كه كرێكاران له 1ی ئایاری 1886 دا خه‌باتی خۆیان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی كار، توندتر كرده‌وه.
له 1ی ئایاری 1886 دا، زیاتر له 340.000 كرێكار له ئه‌مریكا ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه، ته‌نیا له شیكاگۆدا هه‌ژماری كرێكارانی مانگرتوو 40.000 كه‌س بوو. چه‌ند رۆژێك دواتر پۆلیس له مه‌یدانی هایماركت Haymarket ده‌ستیان به ره‌شه‌كوژی كرد. سه‌ره‌نجام له‌و پێكدادانه‌دا زیاتر له 7 كه‌س كوژران، له‌لایه‌كی تره‌وه له راگه‌یاندنه‌كانی ده‌وڵه‌تدا راگه‌یه‌ندرا، كه ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس به‌هۆی بۆمبی ده‌ستی ئه‌ناركیستێكه‌وه كوژراوه‌و هه‌روه‌ها 6 پۆلیسی تر له پێكدادانه‌كاندا كوژران. هه‌ژماری برینداران له هه‌ردوولا له‌نێوان 30 تا 40 كه‌س راگه‌یه‌ندرا. كه‌مكردنه‌وه‌ی دوو سه‌عات له (10 سه‌عات زیاتری) رۆژانه‌ی كار، بۆ سه‌ندیكا لیسته ئه‌ناركیسته‌كان، ریفۆرمیستی ده‌هاته به‌رچاو، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پشتیوانیان له كه‌مپه‌ینه‌كه ده‌كرد. داواكارییه‌ك كه له ساڵی 1960ـه‌وه له‌جێی خۆی مابووه‌وه، ده‌بوو له 1ی ئایاری 1886 دا به مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری بسه‌پێنرێت. له شیكاگۆ "یه‌كێتی ناوه‌ندیی كرێكاران"رۆژی Central Labor Union شه‌ممه‌ی پێش 1ی ئایار خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌ی به به‌شداری نزیكه‌ی 25.000 كه‌س به‌رپاكرد. له خودی 1ی ئایاردا مانگرتن له ناوه‌نده پیشه‌سازییه‌كانی ئه‌مریكادا زیاتر له 300.000 كرێكار، به‌ته‌نها له شیگاكۆ 40.000 كرێكار ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان 80.000 خۆپیشانده‌ر یه‌كیانگرتبوو.
پێشتر له ئه‌پرڵی 1886 دا له شیكاگۆ له كارخانه‌ی میك كارمیك McCormickكه دره‌وكه‌ر (ماشێنی دره‌وكردن/ ده‌راسه) ئاماده ده‌كرا، زۆربه‌ی كرێكاره‌كان له به‌رامبه‌ر ره‌فتاری نامرۆڤانه‌ی شوێنی كار، بڕیاری مانگرتن ده‌ده‌ن. ئه‌وكات له به‌رامبه‌ر 12 سه‌عات كاری رۆژانه به‌گشتی 3 دۆلاری ئه‌مریكی ده‌درا، كه مرۆڤ ده‌یتوانی له چێشتخانه‌یه‌كدا ته‌نها ئێواره‌خوانێكی هه‌ژارانه‌ی پێبكڕێت. خاوه‌نكار رێگری له چوونه سه‌ركاری تێكرا كرێكاره‌كان ده‌كات، تاوه‌كو نزیكه‌ی 1000 شوێنكاری خاڵی، به كۆچه‌رانی تازه پڕبكاته‌وه، كه له بارێكی وادا له‌به‌ر ده‌رگای كارخانه‌كاندا بۆ په‌یداكردنی كار ده‌وه‌ستان. وێڕای بانگه‌وازی "رۆژنامه‌ی كرێكار" بۆ ئه‌وه‌ی مانشكێنی نه‌كرێت، هێشتا 300 كه‌س بۆ داخوازی كار خۆیان ناونووس كرد. ئێواره‌ی 1ی ئایاری 1886 له مه‌یدانی هایماركت له شه‌قامی راندۆڵف Randolph Streetی شیكاگۆ كۆبوونه‌ه‌یه‌كی كرێكاری كرا‌و ئه‌وه‌بوو كه مانگرتنی چه‌ند ڕۆژه‌ی كارخانه‌ی میك كارمیك McCormick ی به‌دواداهات.
شیكاگۆ 1886
له 3ی ئایاردا پۆلیس رژایه ئه‌و ناوه بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی مانگرتنی 6.000 خۆپیشانده‌ر له‌نزیكی كارخانه‌ی مێك كارمیك بڵاوه پێبكات. له پێكدادانه‌كانی دواتردا 6 كرێكار كوژران و زۆرێك برینداربوون. له شه‌وی پێش 4ی ئایاردا هه‌زاران خۆپیشانده‌ر بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر توندوتیژی پۆلیس كۆبوونه‌وه‌و به‌ره‌و مه‌یدانی هایماركت به‌ڕێكه‌وتن. سه‌رله‌نوێ پۆلیس هه‌وڵیدا وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆژی پێشوو به توندوتیژی بڵاوه‌ی پێبكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كاروانی ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران توانی به‌ره‌ویێش بڕوات و ئاشتییانه تێپه‌ڕی. پارێزگاری شار هێرسن Harrisonكه به‌خۆی له‌وێ چاودێری ئاساییشی شاره‌كه‌ی ده‌كرد، زوو به‌ره‌و ماڵ چووه‌وه.
نزیكه‌ی 1000 خۆپیشانده‌ر كه زۆربه‌یان كرێكاری ئه‌ڵمانی بوون، گوێیان له وتاردانه‌كان راگرتبوو. ده‌مه‌و ئێواره پاشئه‌وه‌ی ئه‌ناركیستانی ناسراو ئه‌لبێرت پێرسنس، ئاوگوست شپیس و ساموێل فیڵدن وتاره‌كانیان دا، بارودۆخه‌كه دژوارتر بوو. هێزی پۆلیس له كۆڵانه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌وه به چه‌كه‌وه ئاماده‌باش وه‌ستابوو. هه‌ر كه هه‌وری باراناوی ئاسمانی ته‌نییه‌وه، زۆرێك له خۆپیشانده‌ران شوێنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌یان جێهێشت، ته‌نها نزیكه‌ی 300 كه‌س له‌وێ مانه‌وه.
كه‌مێك پێش كۆتاییهاتنی قسه‌كانی ئاوگوست شپیس، پشكێنه‌ری پۆلیس بۆنفیڵد Bonfield فه‌رمانی هێرشبردن ده‌دات. 200 پۆلیس به‌ره‌و ئۆتۆمبێلی سه‌كۆی قسه‌كردنه‌كه كه‌وتنه‌ڕێ و چوارلایان گرت، كاتێك كه بۆمبه‌كه هه‌ڵدایه نێوه‌ندی خه‌ڵكه‌كه. ده‌ستبه‌جێ پاش ته‌قینه‌وه‌كه، پۆلیس ده‌ستی به ته‌قه‌كردن له كرێكاره‌كان كرد. له شوێنی ڕووداوه‌كه‌دا پۆلیسێك كوژراو شه‌ش كرێكار دواتر به‌هۆی برینداربوونیانه‌وه مردن. ئه‌وه‌ی كه وتارده‌ره‌كان وه‌ك ئه‌ناركیست ناسراوبوون، پۆلیس و راگه‌یاندن ئاوایان لێكدایه‌وه كه ڕووداوه‌كه هێرشێكی ئه‌ناركیستییه بۆ سه‌ر پۆلیس. هه‌رچه‌ند له‌لایه‌ن دادگه‌وه هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ وه‌ها په‌یوه‌ندییه‌ك نه‌توانرا بخرێنه‌ڕوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له‌وكاته‌وه تائێستاش هیچ كه‌س وه‌ك هه‌ڵده‌ری بۆمبه‌كه نه‌ناسراوه، كه‌چی 8 كه‌س، كه‌سانێك كه به‌شداری رێكخستنی مانگرتنه‌كه بوون، سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار كرا‌و له ئۆگوستی 1886 دا تاوانباركران. هه‌رچه‌نده ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌ی به‌شدارنه‌بوون و تاوانبارنه‌بوونیان هه‌بوو، دادوه‌ر جۆزیف گاری Joseph Gary به تاوانباری ناساندن، گوایه بۆمبهه‌ڵده‌ره‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای بۆچوونی ئه‌ناركیستانه‌ی ئه‌م كه‌سانه به‌كاره‌كه هه‌ستاوه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌وان تاوانبارن، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه به‌خۆیان به هێرشه‌كه هه‌ستابن. شایانی باسه خه‌رجی پارێزه‌ری تاوانباركراوان، نزیكه‌ی 50.0000 دۆلار بوو كه له پاره‌ی كۆمه‌كی هاوپشتی له‌هه‌موو لایه‌كی جیهانه‌وه دابینكرا.
سزادراوان گیۆرگ ئێنگل Georg Engel نیگاركیش خه‌ڵكی كاسڵ– ئه‌ڵمانیا)، ساموێل فیڵدن Samuel Fielden كرێكاری باركردن خه‌ڵكی له‌نكشه‌یر – ئینگلاند)، ئادۆڵف فیشه‌ر Adolph Fischer جاپگه‌ر خه‌ڵكی برێمن – ئه‌ڵمانیا)، لویس لینگ Louis Lingg دارتاش خه‌ڵكی مانهایم–ئاڵمان)، ئۆسكار نێبه Oscar Neebe لوله‌كیش خه‌ڵكی نیویۆرك، تا سه‌رده‌می لاوی له كاسڵ ژیاوه)، ئه‌لبێرت پێرسنس Albert Parsons جاپگه‌ر خه‌ڵكی ئالاباما)، میشایل شڤاب Michael Schwab په‌رتووكچن خه‌ڵكی ئونته‌رفرانكین– ئه‌ڵمانیا)، ئاوگوست شپیسAugust Spies مۆبیلدانه‌ر خه‌ڵكی هێسن– ئه‌ڵمانیا). پاش دادگاییكردنێكی رواڵه‌تییانه (شانۆگه‌رییانه) به به‌ڵگه‌ی دۆرینه‌وه، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی سوێندخۆری ساخته‌وه به له‌سێداره‌دان سزادران. هه‌روه‌ها ئۆسكار نێبه به 15 ساڵ زیندانی سزادرا. لویس لینگ له ژووری زینداندا به‌هۆی ده‌مانچه‌یه‌كی به‌قاچاخ به‌ده‌ستهێنراو خۆكوژی كرد‌و لایه‌كی سه‌ری هه‌ڵته‌قاند. دادگا‌و ده‌سه‌ڵاتداران به‌زۆر ئه‌و بڕیاره‌یان سه‌پاندو داوای پێداچوونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه له سه‌ره‌تای نۆڤه‌مبه‌ری 1887 دا له‌لایه‌ن دادگای بالاوه ره‌تكرایه‌وه.
سزای له‌سێداره‌دانی ساموێل فیڵدن و میشایل شڤاب له‌لایه‌ن فه‌رماندارOgelsby ـه‌وه گۆڕدرا به سزای زیندانی هه‌میشه‌یی. ئێنگل، فیشه‌ر، پێرسنس و سشپیس له رێكه‌وتی 11ی نۆڤه‌مبه‌ری 1887 له زیندانی Cook County له‌سێداره‌دران. سه‌دان هه‌زار كه‌س له رێپێوانی ناڕه‌زایه‌تی و به‌گۆڕسپاردنی له‌سێداره‌دراواندا له گۆڕستانی ڤاڵدهایم Waldheim له (Forest Park Illinois) به‌شدارییان كرد. رۆبێرت رایتسیڵ Robert Reitzel ی ئه‌ناركیست خه‌ڵكی بادن Baden، به‌و بۆنه‌وه وتارێكی خوێنده‌وه. له ساڵی 1893ـه‌وه له‌م گۆڕستانه، په‌یكه‌رێكی یاداوه‌ی بۆ قوربانیانی رووداوه‌كه‌ی هایماركت دانراوه.
هه‌روه‌ها له ساڵی 1893 دا هه‌رسێ زیندانی، فیڵدن، نێبه‌و شڤاب له‌لایه‌ن فه‌رماندار (پارێزگار) جۆن ئاڵتگێڵد John Altgeld وه به بێ‌تاوان و قوربانی دادگا ناسران و لێبوردیان بۆ ده‌رچوو. (ساڵی 1936 ده‌سته‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه به‌و سه‌ره‌نجامه گه‌یشت كه هه‌موو 8 سزادراوه‌كه بێ‌تاوان بوون). ئۆسكار نێبه پاش ئازادكردنی وه‌ك پێشتر له بزاڤی كرێكاری‌دا چالاك مایه‌وه. دواتر بووه ئه‌ندامی كرێكارانی پیشه‌سازیی جیهان (IWW – Industrial Workers of the World) و له میتینگی 1ی ئایاری 1906ی شیكاگۆدا قسه‌كه‌ری یه‌كه‌م بوو. نێبه ساڵی 1916 مردو له گۆڕستانی ڤاڵدهایم له‌ته‌نیشت په‌یكه‌ری یاداوه‌ری "گیانبه‌ختكراوانی هایماركت"دا به‌خاكسپێردرا.
پاشان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سزاكه‌و جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی بوونه هانده‌ری ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وامی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا. 1888 فێدراسییۆنی كرێكارانی ئه‌مریكا (American Federation of Labor – AFL) بڕیاریدا 1ی ئایاری 1890 بكرێته رۆژی خه‌بات بۆ سه‌پاندنی 8 سه‌عات كاری رۆژانه. هه‌رچه‌نده كه له ئه‌ڵمانیا پارتی سۆشیال دیمۆكرات دژی بانگه‌وازی مانگرتنی گشتی بوو، له‌هه‌موو شاره‌كان مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌رپاكران. زیاتر له 100.000 كرێكار به‌شدارییان تێدا كرد، به‌تایبه‌ت شاری هامبورگ Hamburg.
دواجار كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی "رۆژنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی" سۆشیال دیمۆكرات له ساڵی 1889 دا بڕیاری دا 1ی ئایاری بكرێته "رۆژی خه‌باتی" ساڵانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و له‌وكاته‌وه ئه‌مڕۆژه به كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و مانگرتن ده‌ستیپێكردووه. به‌ڵام هه‌ر له ده‌ستپێكه‌وه له‌ناو بزووتنه‌وه‌كه‌دا ره‌خنه‌ش له 1ی ئایار هه‌بوو: له فه‌ره‌نسا له ساڵی 1892 دا هه‌ژمارێكی زۆر له ئه‌ناركیسته‌كان ره‌خنه‌یان له‌و كه‌مپینه گرت، له‌وانه سیباستیان فۆرێ Sebastien Faureوتی "چیتر ئه‌مه رۆژێكی شۆڕشگێڕانه نییه، به‌ڵكو سه‌كۆیه‌كی ده‌سته‌مۆكراوه بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سه‌ڵاتخوازان، تا له‌ڕێگه‌ی ده‌نگی كرێكارانه‌وه بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵببژێردرێن". ساڵی 1893 له كۆنگره‌ی یه‌كێتییه كرێكارییه‌كاندا له مارسێل Marseille جارێكی تر ئاڕاسته‌ی خه‌باتكارانی 1ی ئایار وه‌ك رۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری له‌سه‌ر كرایه‌وه، شتێك كه زیاتر دابڕانی له پارتی سۆشیال دیمۆكرات به‌ره‌وپیش برد. دواتر ساڵی 1896 كاتێك كه ئه‌ندامانی ئه‌ناركیست له نێونه‌ته‌وه‌یی دووه‌مدا له له‌نده‌ن له‌به‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی پارله‌مانتاریزم ده‌ركران، ئه‌و لێكدابرانه فراوانتر بوو.
چیرۆكی (به‌شداریی كۆمه‌ڵایه‌تی)
هاوپه‌یمانی چینایه‌تی كۆنفیدراسیۆنی یه‌كێتییه‌كانی ئه‌ڵمانیا ریسا (سوننه‌تی) خۆی هه‌یه: ساڵی 1920 له كۆماری ڤایماره‌رWeimarer دا یاسای شوراكانی كارخانه‌ی ئیمپراتۆری ئاڵمان په‌سه‌ند كرا. پاش جه‌نگی دۆراوی یه‌كه‌می جیهانی (1914-1918) و شۆڕشی نۆڤه‌مبه‌ری كرێكاران – و شوراكانی سه‌ربازان (1918/19) سۆشیال دیمۆكراتی و یه‌كێتییه‌كانی وه‌ك ده‌سته‌بژێری سه‌روه‌ر خۆیان سه‌پاند. هه‌ر ئه‌و سۆشیال دیمۆكراته، ساڵی 1914 ده‌نگی به جه‌نگی ئیمپراتۆریی دا، تاوه‌كو دیسانه‌وه له‌لایه‌ن هێزه كۆنه‌په‌رسته‌كانه‌وه وه‌ك "نانیشتمانی" سووكایه‌تییان پێنه‌كرێت.
رابه‌ڕانی پارتی سۆشیال دیمۆكرات ئالمان ئیبێرت Ebert و نۆسكه Noske ده‌یانویست به‌شی خۆیان له وڵاتانی داگیركراو "شوێنێك له‌به‌ر خۆره‌تاو" بپچڕن، له‌وڕووه‌وه یه‌كێتییه سۆشیال دیمۆكراته‌كانیش له‌وپێناوه‌دا ئاماده‌بوون، له‌كاتی جه‌نگی ئیمپریالیستانه‌دا ده‌م و ده‌ست و پێبه‌ستراو بن. ئه‌م گونجانه چینایه‌تییه وه‌ك "هودنه" بووه‌ته سیمبوڵی میانجیكاریی و هاریكاریی (corporatism) یه‌كێتییه‌كان. ئیمپراتۆر (قه‌یسه‌ری پروس) به به‌فه‌رمیناسین له "یاسای كۆمه‌كیی خزمه‌تگوزارییه نیشتمانییه‌كان"ی 1916 دا سوپاسگوزاری كردن. له رێككه‌وتننامه‌ی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien نێوان ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی كار (ZAG) له‌ته‌ك پیشه‌سازیدا سه‌رله‌نوێ له ساڵانی 1918 تا 1924 گیانی سازشكارانی ته‌بایی چینایه‌تی یه‌كێتییه‌كان خۆی ده‌رده‌خاته‌وه.
1919 رۆژی پشوو و ره‌شه‌كوژی
له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی سۆشیال دیمۆكراتی له كۆماری ڤایمه‌ر Weimarer دا ساڵی 1919 ئیتر رۆژی 1ی ئایار كرا به پشوو "رۆژی جه‌ژنی نیشتمانی" بۆ ئه‌وه‌ی چیتر یاداوه‌ری كوشتاری مانگرتنه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی 1886 له‌پێناو 8 سه‌عات كاری رۆژانه نه‌بێت. سۆشیال دیمۆكراته‌كان ده‌یانویست پشوویه‌كی یاساییانه‌ی ده‌وڵه‌تی، وه‌ك "باڵاترین ئامانج پاراستنی كرێكاران و ئاشتی جیهانیی هه‌میشه دابینكراو" نیشانبده‌ن. ده‌بوو ئه‌مه ببێته "ئامڕازێك بۆ یه‌كگرتن و ته‌بایی ته‌واوی گه‌ل".
له یه‌كه‌مین 1ی ئایاری به پشووكراوی ساڵی 1919 دا كۆماری شۆڕشگێڕی میونیخ (Münch) له‌لایه‌ن سوپا‌و فاشیسته‌كانه‌وه سه‌ركوتكرا، سه‌دان كرێكار كوژران. هه‌زاران زیندانی كران و به كوشتن یا زیندانی هه‌میشه‌یی سزادران. سۆشیال دیمۆكراتی ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه له ساڵانی داهاتووشدا ئه‌م رۆژه دووباره ببێته رۆژێكی خوێناوی پێكدادان له‌گه‌ك كرێكاراندا. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه ئه‌و "رۆژی جه‌ژنی نیشتمانی"یه ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌زۆر به‌شی (كۆماری ڤایمه‌ر) دا رۆژی 1ی ئایار به‌ڕۆژی پشوو مایه‌وه.
دیكتاتۆری نازیی و كلتوری كار (كارپه‌رستی)
له 19ی ئه‌پڕیڵی 1933 دا كۆنفیدراسیۆنی گشتی یه‌كێتییه‌كانی ئه‌ڵمانیا ADGB رایانگه‌یاند كه ئه‌ركی سه‌رشانی ئه‌ندامانی یه‌كێتییه‌كانه له جه‌ژنی ده‌وڵه‌تیی ئایاردا به‌شداریبكه‌ن. كۆنفیدراسیۆنی گشتی یه‌كێتییه‌كانی ئه‌ڵمانیا داوای له ده‌وڵه‌ت كرد كه "هێزی كار به‌ته‌واوه‌تی ببێته به‌شێك له ده‌وڵه‌ت"ی پارتی دیكتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (سۆشیال نه‌ته‌وه‌یی). له 1ی ئایاری 1933 دا به‌شێكی ئه‌ندامانی یه‌كێتییه‌كان له‌گه‌ڵ نازییه‌كان به‌كرده‌وه رێپێوانیان كرد. له بێرلین له‌به‌رده‌م یه‌ك ملیۆن ئاڵمانیدا هیتله‌ر رایگه‌یاند "سیمبولی خه‌باتی چینایه‌تی و ململانێ و روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی به‌رده‌وام، دیسانه‌وه ده‌بێته‌وه به سیمبوڵی یه‌كێتی باڵا‌و سه‌رنجڕاكێشی نه‌ته‌وه". ئیتر دژه جوله‌كه بوون و دژه كۆمونیستبوون كرانه ئایینامه‌ی ده‌وڵه‌ت.
له رۆژی دووه‌مدا (02.05.1933) نازییه‌كان به‌هۆی "كۆمیته‌كانی چالاكی بۆ پاراستی هێزی كاری ئاڵمانی" Aktionskomitee zum Schutze der deutschen Arbeitـه‌وه كۆمه‌ڵه كرێكارییه‌كان بنكه‌و پاره‌ی یه‌كێتییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراو سه‌رانی یه‌كێتییه‌كان (وه‌ك تیئۆدۆر لایپارت) له "زیندانی چاودێریی" ئاخێنران و ئه‌شكه‌نجه دران و هه‌ندێكیان كوژران.
ناسیونال سۆشیالیسته‌كان (نازییه‌كان) له‌ڕێی زۆره‌وه خه‌باتی چینایه‌تییان له‌ناوبردو به "تێكۆشانی نه‌ژادی"ی جێگه‌یان گرته‌وه. له‌جێی به‌شداریی و ده‌نگداریی كرێكاران له كارخانه‌دا، "رابه‌ری كارخانه" و "به‌ره‌ی كاری ئه‌ڵمانیا" DAF یان دانا. هه‌موو كرێكاران وه‌ك "وه‌فاداری" كرانه ئه‌ندامی زۆره‌ملێیانه‌ی به‌ره‌ی كاری ئه‌ڵمانی (DAF) و ئه‌نجومه‌نه سه‌رتاسه‌رییه‌كانی كرێكاران و كارمه‌ندان كرانه یه‌كێتی یه‌كه‌یی (تاك یه‌كێتی) single union.
مافی مانگرتن هه‌ڵوه‌شینرایه‌وه‌و ده‌بوو "بڕواپێكراوانی كار Trustees of the work وه‌ك میانجیكار له مشتومڕه‌كاندا ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان خاوه‌نكارو هێزی كرێكاراندا له شوێنه‌كانی كاردا دابینبكه‌ن. ده‌بوو هه‌موو ساڵێك بۆ 12 مانگ 1ی ئایار ناوبنێن و راسته‌وخۆ له‌ژێر فه‌رمانی شالیاریی كاری ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیادا بوون. "رۆژی خه‌باتی چینی كرێكار"ی جاران كرابووه سیمبوڵی "كاری داهێنه‌رانه" وه‌ك "نیشانه‌ی هاوپشتی نه‌ته‌وه‌یی" له "شۆشیالیزمی نه‌ته‌وه‌یی"دا.
له ساڵی 1934ـه‌وه 1ی ئایار چیتر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به چینی كرێكاره‌وه نه‌مابوو و ناوی نرابوو "رۆژی پشووی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا". ده‌بوو به رازاندنه‌وه‌ی دره‌ختی ئایاریmaypoles ، گۆرانیبێژی، كاروانی ئۆتۆمبێل و رێپێوانی سه‌ربازیی، 1ی ئایار وه‌ك جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی بێته به‌شی سه‌ره‌كی له ئایدیۆلۆجی شۆشیالیزمی نه‌ته‌وه‌یی (NS) له‌زۆر شوێندا وه‌ك لاساییكردنه‌وه‌ی پێشه‌نگی بێرلین له 1ی ئایاری 1933 دا، ته‌نانه‌ت دره‌ختیان ده‌چاند، ئه‌وه‌ی كه پێیانده‌وت "داربه‌ڕووی هیتله‌ر". هاوكات نازییه‌كان به تیرۆر‌و راونان پاشماوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی (ئه‌ڵمانیاو نه‌مسا)یان سه‌ركوتكرد. زۆرێك له ئۆردوگه‌كانی قه‌ڵاچۆكردندا له‌گه‌ڵ جووله‌كه‌كان و "ناكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان – Asozialen له ڕوانگه‌ی نازییه‌كانه‌وه" به‌هۆی كاری زۆره‌ملێوه له‌ناوبران. به‌ڕێكه‌وت نه‌بوو كه له‌سه‌ر ده‌رگه‌ی ئوردوگه‌ی قه‌ڵاچۆكردنی داخاوDachau ، دروشمی: كار مرۆڤ ئازاد ده‌كات – !Arbeit macht frei نووسرابوو. ئه‌مباره به‌رده‌وامده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی كه هێزه‌كانی به‌ره‌ی دژ له‌پێس هه‌موویانه‌وه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له 8ی مای 1945دا كۆتایی به دیكتاتۆریی سۆشیالیزمی نه‌ته‌وه‌یی ده‌هێنن.
1ی ئایار پاش 1945
له ساڵی 1946 دا 1ی ئایار وه‌ك رۆژی پشوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه به‌ڕه‌سمی ناسرا. به‌ڵام هێشتا ده‌توانرا بانگه‌وازو كۆبوونه‌وه ئایارییه‌كان به‌رته‌سك بكرێن. ئه‌مڕۆ له ئه‌ڵَمانیا 1ی ئایار رۆژی پشووی یاسایی و پارێزراوه. له‌ڕووی یاساییه‌وه پرسێكی هه‌رێمییه، بۆ نموونه له هه‌رێمی نۆرد راین ڤێستفالن NRW ئه‌م رۆژه ناوی "رۆژی پابه‌ندبوونه به ئازادی و ئاشتی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌بایی نێونه‌ته‌وه‌یی و رێزی مرۆڤایه‌تی".
له ده‌وڵه‌ته‌كانی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بلۆكی خۆرهه‌ڵاتیدا، رۆژی 1ی ئایار وه‌ك "خه‌باتی نێونه‌ته‌وه‌یی و رۆژی پشووی خه‌ڵكی كرێكار بۆ ئاشتی و سۆشیالیزم" له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وایه ماركسیست – لێنینیسته‌كانه‌وه دیاریكرابوو. به‌شداریكردن له رێپێوانه سه‌ربازییه‌كاندا به به‌رده‌م ریزی ئه‌ندامانی پارت و میوانه‌كانیاندا، ئه‌ركی بێچه‌ندوچوونی كرێكاران و خوێندكاران بوو. وه‌ك سیمبولی 1ی ئایار گوڵه‌مێخه‌كێكی سوور پێشكه‌شده‌كرا یان وه‌ك یاده‌وه‌ریی سه‌ركوتكرانی بزووتنه‌وه كرێكارییه‌كان داده‌نرا.
یه‌كی ئایار وه‌ك نیشانه‌ی دژه‌كۆمونیستانه‌ی خۆرائاوا
پاپ پیوسی دوازده‌هه‌م Pius XII كه له سه‌رده‌می كارگێڕییه‌كه‌یدا له ساڵی 1939ـه‌وه به‌بێ ره‌خنه چاوپۆشی له فاشیزم كردبوو، له ساڵی 1955 دا 1ی ئایاری وه‌ك یاداوه‌ری یوسفی پیرۆز (باوكی عیسی) راگه‌یاند، كه گوایه دارتاش بووه.
له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له بێرلین–ی خۆرئاوایی (BRD) 1ی ئایار بووه‌ته سیمبولی جه‌نگی میلیشیایی سه‌رشه‌قامه‌كان له‌نێوان ئۆتۆنۆمه‌كان (خودموختاره‌كان) و پۆلیس. كه تێیدا سه‌نگه‌ربه‌ندی جه‌نگ و زیانگه‌یاندن، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له گه‌ڕه‌كی كرۆیتسبێرگ Kreuzberg رووده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها به‌ڕاده‌یه‌ك دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌و كه‌سانی تری كه له شوێنه‌كانی تره‌وه هاتوون، چالاكانه به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن. به‌زۆری ئێواره خۆپیشاندانی چه‌په رادیكاڵه‌كان، هه‌ل بۆ توندوتیژی پۆلیس و پێكدادانه‌كانی دواتر ده‌ڕه‌خسێنن.
له ساڵی 1911ـه‌وه له هه‌ندێك شاری ئه‌وروپیدا رێپێوانی "رۆژی ئایاری ئه‌وروپا EuroMayday وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی رامیاریی بۆ جه‌ژنه شه‌قامییه‌كانی كۆنفیدراڵیی یه‌كێتییه‌كانی ئاڵمانDGB به‌رپا ده‌ركرێن. چالاكان ده‌یانه‌وێت له وێنای ریزبه‌ندی ره‌ش و ئاهه‌نگگێڕان به پاپموزیك و پۆشاكی ره‌نگاوڕه‌نگی به‌رهه‌ڵستكاری كرێكارانی ناڕێكخراو و ناجێگیر، دووری بگرن.
ئێستا له ئه‌ڵمانیا، نه‌مساو به‌شێكی سویسرا 1ی ئایار رۆژی پشووی ره‌سمییه، هه‌روه‌ها له وڵاتانی وه‌ك به‌رازیل، چین، فینله‌ندا، فه‌ره‌نسا، یۆنان، ئیتالیا، مه‌كسیكۆ، كۆریای باكور، پۆرتوگال، روسیا، سوید، تایلاند، توركیا، عیراق و هه‌ندێك وڵاتی تر پشووی ره‌سمییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێشتا له هه‌ندێك وڵات‌دا خۆپیشاندانه ئایارییه‌كان قه‌ده‌غه ده‌كرێن و بۆ سه‌ركه‌وتیان رێگه به توندوتیژی پۆلیس و گرتن ده‌درێت. به‌ڵام زۆربه‌ی خۆپیشاندانه ئایارییه‌كان له‌ژێر كارایی بزووتنه‌وه‌ی سووننه‌تی كرێكاران و كۆمۆنیسته‌كان و به‌ڕاده‌یه‌ك پارته سۆشیال دیمۆكراته‌كاندا، له‌ناو رامیاریی نوێنه‌رایه‌تی و په‌رله‌ماندا خۆیان گونجاندووه.
ئێستا چیتر "بازرگانه‌كان و پێشڕه‌وانی بازاڕ"، بۆ ئه‌وه‌ی كرێكاران ئارام و خاوبكه‌نه‌وه، پێویستیان به 1ی ئایار نییه. ئه‌وكاره یه‌كه یه‌كێتییه‌كان (یه‌كێتییه پیشه‌ییه‌كان)ی كۆنفیدراڵی یه‌كێتییه‌كانی ئه‌ڵمانیا DGB خۆبه‌خۆیی ئه‌نجامیانداوه. هه‌رده‌م به‌رده‌وام هه‌وڵدراوه 1ی ئایار وه‌ك پشووی ره‌سمی هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م رۆژه‌شدا وه‌ك ئاسایی و به‌بێ پاداشتی زیاده‌ی كار، كاربكرێت.
به‌ڵام چ پشوو بێت یان نا، ئه‌وه ته‌نها مانگرتنی هاوپشتی، بایكۆت و خه‌باتی راسته‌وخۆن، كه هه‌موو ڕۆژیك ده‌كه‌نه 1ی ئایار!.
جێی باسه، جگه له لێدوانه تایبه‌ته‌كان، سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی تری ئه‌م رێپۆرتاژه له ئاژانسه‌كانه‌وه وه‌رگیراون.
PUKmedia ئا/ دیار ستار و لانه كاشان
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
05:41 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
11:57 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
05:26 PM - 2024-03-27
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
08:34 PM - 2024-03-28
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
03:46 PM - 2024-03-28
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
12:56 PM - 2024-03-28
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
10:17 PM - 2024-03-27
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ بۆ نوێنەری سەرۆکی روسیا: چارەسەری ئاشتیانە پەیڕەو دەکەین
جیهان 10:31 PM - 2024-03-28 -
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
کوردستان 08:34 PM - 2024-03-28 -
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
کوردستان 05:41 PM - 2024-03-28 -
سێ (D) یەکەی مام
بیروڕا 04:57 PM - 2024-03-28 -
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
کوردستان 03:46 PM - 2024-03-28 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی ئەحمەد خدر
پرسەنامە 03:03 PM - 2024-03-28 -
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
کوردستان 12:56 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
کوردستان 11:57 AM - 2024-03-28