riklam

دوكان.. مه‌راسیمێك بۆ شه‌هیدانی ده‌ستی تیرۆر رێكده‌خرێت

کوردستان 05:40 PM - 2015-03-29
خه‌ڵاتی رێزلێنان به‌خشرایه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان

خه‌ڵاتی رێزلێنان به‌خشرایه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان

به‌ هاوكاری لاهور شێخ جه‌نگی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن و زانیاری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی دوكان، به‌ ئاماده‌بوونی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و به‌رپرسانی حزبی و حكومی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی لیستی سه‌وزو فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیانی سنوره‌كه‌، ئه‌مڕۆ 29-3-2015 مه‌راسیمێك بۆ هه‌شت شه‌هیدی ده‌ستی تیرۆر له‌و سنوره‌ رێكخرا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاسۆ به‌كر مسته‌فا قائیمقامی قه‌زای دوكان له‌ وته‌یه‌كیدا رایگه‌یاند كه‌ هه‌رچییه‌ك له‌توانایاندا بێت بۆ خزمه‌تیكردنی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن و خۆیان به‌ قه‌رزاری شه‌هیدان و كه‌سوكاریان ده‌زانن. هه‌روه‌ها سوپاسی لاهور شێخ جه‌نگی و په‌روه‌رده‌ی دوكان و لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كرد بۆ رێكخستنی ئه‌م مه‌راسیمه‌.

لای خۆشیه‌وه‌، به‌كر خورده‌لوكی برای شه‌هید سدیق به‌  PUKmediaی راگه‌یاند: ئێمه‌ شانازی به‌ شه‌هیده‌كانمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین، شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ مێژووی خانه‌واده‌كه‌مان تۆماركراوه‌، خۆشمان نۆ برای ترین كه‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریداین و پێشمه‌رگه‌ین بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌و رێبازه‌.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌راسیمه‌دا، دابان ئیسماعیل پێشمه‌رگه‌و كوڕی شه‌هید كه‌ 81 رۆژ له‌ رۆژئاوای كوردستان بووه‌ بۆ به‌رگری له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان، پێشانگایه‌كی وێنه‌یی نمایشكرد كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ كوردییه‌كانی تری له‌خۆگرتبوو. له‌وڕووه‌وه‌ دابان ئیسماعیل له‌ به‌رده‌م كه‌سوكاری شه‌هیدان به‌ڵێنی بۆ خوێنیان دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پارێزگاری وڵات تا دوادڵۆپی خوێن.

له‌ كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا خه‌ڵاتی رێزلێنانی كۆمیته‌ی رێكخستنی دوكان و پیره‌مه‌گرون و په‌روه‌رده‌ی دوكان به‌خشرایه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان، هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی قاره‌مانیه‌تی كۆمیته‌ی دوكان به‌خشرایه‌ دابان ئیسماعیل.

جێی باسه‌، قه‌زای دوكان له‌ رابردوودا خاوه‌نی سه‌دان شه‌هیدو ئه‌نفاله‌، به‌ درێژایی شه‌ڕی داعشیش تائێستا هه‌شت شه‌هیدی به‌خشیوه‌ته‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی حكومڕانی و ئازادی گه‌لی كورد.

PUKmedia  شاڵاو ئه‌حمه‌د - دوكان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket